دواى 32 ساڵ بەڵگەنامە نهێنییەکانى بەریتانیا لەبارەى عێراق و هەرێم بڵاودەکرێنەوە

2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
بەهادین عەلی
پوختە :
  • ئەم بەڵگانامانە کە دوای 32 ساڵ ئاشکراکراون، دەرخەری ئەوەیە، رژێمی سەدام حسێن، لە گۆشەگیرییەکی سیاسی قوڵدا بووە. سەرەڕای خزاندنی سوپاکەشی لە جەنگێکی ناهاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان بەسەرکردایەتی ئەمەریکا، بەڵام هێشتا لە هەوڵدا بووە بۆ زیندووکردنەوەی سوپاکەی و بەکارهێنانی بەشێوەیەکی کاریگەرتر لە دژی نەیارەکانی.
Primary Asset

رێوشوێنەکانی حکومەتى عێراق لە ساڵى 1993 دواى داڕوخانى بەهاى دینار بە دڵی سەدام حسێن و بنەماڵەکەی نەبوون

سبەى

بەڵگەنامەکانى بەریتانیا مشتومڕ لەناو بازنەى دەورى سەدام حسێن لە عێراق ئاشکرادەکەن لەنەوەدەکانى سەدەى رابردوودا لەسەر داڕمانى بەهاى دینار، لەگەڵ دۆخى ئابورى ئەوکاتە لە ناوچەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان.

بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکانی بەریتانیا کە مێژووەکەی بۆ ساڵی 1993 دەگەڕێتەوە و لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئاشکراکراوە، داڕمانی بەهای دیناری عێراقی قەیرانێکی ئابوری گەورەی لە وڵاتەکەدا لێکەوتووەتەوە. هاوکات رژێمی سەدام حسێن لە بانگەشەکانی خاوەندارێتی کوەیت پاشگەزنەبووەتەوە. جگە لە رەتکردنەوەی گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردایەتی کورد و بەردەوامیدان بە لێدوانە دژەکانیان بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران.

داڕمانی بەهاى دیناری عێراقی

لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە، ئابڵوقەی ئابوری سەر عێراق، بووەتەهۆی داڕمانی زیاتری بەهای دیناری عێراقی. بۆ رێگریکردنیش لە هەرەسهێنانی تەواوەتی دراوەکەش، حکومەتی ئەوکاتەى عێراق کۆمەڵێک رێوشوێنی سنوورداری گرتووتەبەر.

رێوشوێنەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە دڵی سەدام حسێنی دەسەڵاتداری یەکەمی عێراق و بنەماڵەکەی نەبوون، بە تایبەتی کە لە کۆبوونەوەیەکی نێوان عودەی کوڕە گەورەکەی سەدام و شارەزایانی ئابوری، هێرش کراوەتە سەر هەنگاوەکانی حکومەت بۆ بەرگرتن لە داڕمانی تەواوەتی و نقوم بوون لە قەیرانێکی ئابوری بێ وێنەدا.

 لە کۆبوونەوەکەدا عودەی باوکی بێ بەری کردووە لە ئاڵۆزبوونی کێشە داراییەکانی، پەیوەست بە دابەزینی پێوانەیی بەهای دینار و وتوویەتی، حکومەت نەیتوانیوە نرخی ئاڵوگۆڕی دراو سەقامگیر بکات.

چاکسازیی ئابوری

لە بەڵگەنامەکاندا باس لەوە کراوە، عێراق لەو کاتەدا پڕۆژەی نوێی پیشەسازی دەستپێکردووە، دیارترینیان پرۆژەی پیشەسازیی پترۆکیمیایی و چەند پرۆژەیەکی ستراتیجی دیکە.

بۆ سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی ئابڵوقەی ئابوریش، حکومەتی عێراقی باجی لەسەر ژمارەیەک کاڵا هەڵگرتووە، لەوانە خۆراک، پارچەی یەدەگ، کەرەستەی بیناسازی و پێداویستی کارەبایی.

گفتوگۆکردن لەگەڵ کورد

تاریق عەزیز جێگری سەرۆک کۆماری ئەوکاتەى عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە شاری نیویۆرکی ئەمەریکا، سەبارەت بە گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردایەتی کوردا، مامەڵەکردنی عێراقی لەگەڵ سەرکردە کوردەکان رەتکردەوە، کە بە قسەی جێگرەکەی سەدام حسێن پەیوەندییان بە وڵاتانی نەیاری عێراقەوە هەیە. ئەویش وەکو لە بەڵگەنامە فەرمییەکانی بەریتانیادا هاتووە، کە مێژووەکەی بۆ ساڵی 1993 دەگەڕێتەوە.

لە بارەی بڕی خۆراک لە هەرێمی کوردستاندا، رێکخراوی خۆراکی جیهانی ئاشکرایکردووە، بڕی خۆراکی پێویست بۆ وەرزی زستان لە هەرێمەکەدا بەردەستە. بەراورد بە باشوری عێراقیش لە رووی خۆراکەوە هەرێمی کوردستان دۆخی لە باشوری عێراق باشترە.

داواکاریی و جوڵە دیپلۆماسییەکانی عێراق

لە بەڵگەنامەکاندا کە دۆخی عێراقی لە ساڵی 1993 خستووەتەڕوو، باس لەوە کراوە عێراق هێشتا کوەیت بە پارچەیەک لە خاکەکەی خۆی دەزانێت، بەجۆرێک سنوورە نێودەوڵەتییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە کەنداوییە بچوکەدا رەتدەکاتەوە. 

هاوکات عێراق چالاکییە دیپلۆماسییەکانی بۆ لابردنی ئابڵوقەی ئابوری چڕکردووتەوە، کە لە ئاکامی داگیرکردنی کوەیت لەلایەن سوپاکەی سەدام حسێنەوە بەسەریدا سەپێندراوە. لەو چوارچێوەیەدا هەوڵە دیپلۆماسییەکانی عێراق هەندێک سەرکەوتنی لە روسیا و فەرەنسا بەدەستهێناوە. هەرچەندە لە روانگەی رژێمی بەعس و سەدام حسێن دواین سەردانی تاریق عەزیز بۆ پاریس و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، هیچ ئەنجامێکی دڵخۆشکەری بە دوای خۆیدا نەهێناوە، کە ببێتەهۆی هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکان و کرانەوەی سیاسی و ئابوری بە رووی عێراقدا.

هەوڵی سوپا بۆ نوێبوونەوە

لە بەشێکی بەڵگە فەرمییەکانی بەریتانیادا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، کە سوپای عێراق لەو ساڵەدا و سەرەڕای داڕمانی لە جەنگی دووەمی کەنداودا لە سەردەستی هێزەکانی هاوپەیمانان، بەڵام لە هەوڵدا بووە بۆ نوێکردنەوەی یەکەکانی و دەستڕاگەیشتنی بە ئامێری سەربازی نوێ و بەشێوەیەکی نهێنی.

عێراق لەو ساڵەدا لەسەر مانۆڕە سەربازییەکانی لە خاکەکەیدا بەردەوام بووە و لە هەوڵێکی نوێشیدا بە ئاراستەی بەهێزکردنەوەی سوپاکەی، پێشانگایەکی سەربازی لە بەغداد بە بەشداری کۆمپانیا ناوخۆییەکان و کۆمپانیاکانی وڵاتی ئوردن کردووەتەوە.

دۆخی ئەمنی لە عێراق

بەڵگەنامەکان خراپبوونی دۆخی ئەمنی عێراقيان لەو ساڵەدا دووپاتکردووەتەوە و جەخت کراوەتەوە لەسەر ئەوەی دۆخی ئەمنی ناوخۆی عێراق ناجێگیرە، دەستگیرکردن و لە سێدارەدانەکان بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان و کارکردن لەگەڵ ئاژانسی هەواڵگری ئەمەریکا (سی ئای ئەی) لە پەرەسەندندایە.

لێدوانەکانی دژ بە ئێران

هەر بەپێی بەڵگەنامەکان، هێرشە میدیایەکانی عێراق بەتایبەتی لە مانگی تشرینی دووەمى 1993 بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران چڕترکراونەتەوە. لە کاتێکدا رژێمی بەعس ئێرانی تۆمەتبارکردووە بەوەی لە بەرەی رۆژئاوادایە و هەنگاوەکانی لە دژی عێراقن. بەجۆرێک گەیشتووەتە ئاستێک داوای لە کۆمەڵگانی نێودەوڵەتی کردووە سزاکانیان لەسەر عێراق قورستر بکەن.

ئەم بەڵگانامانە کە دوای 32 ساڵ ئاشکراکراون، دەرخەری ئەوەیە، رژێمی سەدام حسێن، لە گۆشەگیرییەکی سیاسی قوڵدا بووە. سەرەڕای خزاندنی سوپاکەشی لە جەنگێکی ناهاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان بەسەرکردایەتی ئەمەریکا، بەڵام هێشتا لە هەوڵدا بووە بۆ زیندووکردنەوەی سوپاکەی و بەکارهێنانی بەشێوەیەکی کاریگەرتر لە دژی نەیارەکانی.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی