
سبەی
سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان ئاشكرایكردووە، ئەمەریكا لە رێگەی نێوەندكارێكەوە پەیامی بۆ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق ناردووە، تیایدا جەختی لەوە كردۆتەوە پشتیوانی هیچ ناوێكی دیاریكراو ناكات بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق و دەستێوەردانیش ناكات لە هەڵبژاردنی كاندیدەكەدا.
عەبدولرەحمان جەزائیری، سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان بە "ئاژانسی شەفەق نیوز" ی راگەیاندووە: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە رێگەی نێوەندكارێكەوە پەیامی ئاڕاستەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق كردووە، كە پشتیوانی هیچ ناوێكی دیاریكراو بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق ناكات، جگە لەوەش دەستێوەردان لەناوی هیچ كاندیدێك ناكات، بەڵكو رێزی مەرجەعیەت و گەلی عێراق دەگرێت و پرسەكە بە نێوخۆیی دەبینێت.
لە پێشتردا، سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان ئاشكرایكردبوو، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان لە كۆبوونەوەیەكدا و بە ئامادەنەبوونی كاندیدەكان چۆنیەتی هەڵبژاردنی كەسایەتیەكی گونجاو بۆ سەرۆك وەزیران تاوتوێ دەكات، بەڵام ئەو پرسە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگرەكانی یەكلا دەكاتەوە.
ئاماژەی بەوەشدابوو، پێنج كاندیدی چاوەڕوانكراو بۆ پۆستەكە هەیە، لەوانەش محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر، لەگەڵ دوو سەرۆك وەزیرانی پێشوو و قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق.
پێشتر بەهۆی ناكۆكیی نێو ماڵی شیعە، گفتوگۆكان لەسەر هەڵبژاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق گەیشتبوون بە بنبەست، بەشێكیشیان لەگەڵ خواستی سودانی بۆ دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران ناكۆكن.
شیعەكان هەوڵدەدەن كەسایەتیەك كاندید بكەن، كە لەسەر ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتیی قبوڵكراو بێت.
بەپێی مەرسوومی كۆماریی، رۆژی دووشەممە (29ـی كانوونی یەكەمی 2025) دانیشتنی یەكەمی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران بە سەرۆكایەتی بە تەمەنترین پەرلەمانتاری هەڵبژێردراو بەڕێوەدەچێت. بەپێی دەستور پێویستە لەو دانیشتنەدا دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرێن سەرۆكی ئەنجومەن (سوننە)، جێگری یەكەم (شیعە) و جێگری دووەم پشكی كوردن.
سەرەڕای نزیكبوونەوەی وادە دەستورییەكان، تائێستا ئەو سێ پێكهاتە سەرەكییە بەربژێرەكانی خۆیان یەكلانەكردووەتەوە، كە سەرەڕای ئەو پۆستانە، كورد پۆستی سەرۆك كۆمار و شیعەكانیش پۆستی سەرۆك وەزیران بەركەوتەی ئەوانە.
خولەكانی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەگەر لایەنە سیاسییەكان نەگەیشتنایەتە رێككەوتن، دانیشتنی یەكەم بە كراوەیی دەهێڵرایەوە بۆ ماوەی چەندین مانگ و شەڕی پۆستەكان ماوەیەكی زۆر بۆشای یاسایی و دەستوریی دروست دەكرد.
