
دیمەنی خۆپیشاندانێک لە ئێران
سبەی
ئێران لە كۆتایی ساڵی 2025 دا، یەكێك لە هەستیارترین قۆناغەكانی چوار دەیەی رابردوو بەخۆیەوە دەبینێت، پەرەسەندنی ململانێكان لەگەڵ ئیسرائیل، لاوازبوونی بەرچاوی هێزە چەكدارەكانی هاوپەیمانی تاران لە ناوچەكە، چەقبەستوویی دیپلۆماسی لەگەڵ رۆژئاوا و گەڕانەوەی سزاكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە هەمان كاتدا داڕمانی ئابووری، دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی بەرامبەر دۆلار، ئەگەری دەستپێكردنەوەی نارەزایەتییەكانی سەر شەقام بە گشتی ئاماژەیەكن بۆ ئەوەی ساڵی 2026 ساڵێكی چارەنوسساز دەبێت بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران.
ساڵی 2025 یەكێك بوو لە ساڵانی پڕ لە ئاڵۆزی مێژووی مۆدێرنی كۆماری ئیسلامی ئێران، لە هەردوو بواری ناوخۆیی و دەرەكیدا ئاڵنگاری قووڵی لەگەڵ خۆیدا هێنا. لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا، ئێران روبەڕووی زنجیرەیەك پاشەكشە و گرژیی زیاتر بووەوە. دانوستانەكان لەگەڵ ئەمەریكا كە هیوای سووككردنی سزاكان و باشتركردنی پەیوەندییەكانی بەرزكردبووەوە، شكستی هێنا و زەمینەی بۆ چڕكردنەوەی فشارە نێودەوڵەتییەكان خۆش بوو. دواتر شەڕی 12 رۆژە سەریهەڵدا.
لەلایەكی دیكەوە لە ساڵی 2025 میكانیزمی سناپ باكی ترۆیكای ئەوروپی چالاك كرا، كە بووە هۆی گەڕانەوەی بڕیارنامەكانی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەوەش سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی خستە ناو چەقبەستووییەكەوە كە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، ئەم چەقبەستووییە نەك هەر دەرفەتی دیپلۆماسی سنوردار كردووە، بەڵكو سێبەری بەسەر ئابووری و پەیوەندییە ناوچەییەكانیشەوە هەیە.
ئێران و ئیسرائیل: لە شەڕی سێبەرەوە بۆ ململانێی راستەوخۆ
ململانێی ئێران و ئیسرائیل لە ساڵی 2025 چووە قۆناغێكی مەترسیدارترەوە، هێرشی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەكان، شەڕی ئەلیكترۆنی و بەرپەرچدانەوەی سەربازیی بە شێوەیەكی كاریگەر هێڵی سوری نێوان "جەنگی نهێنی" و "روبەڕووبوونەوەی ئاشكرا"یان كاڵكردەوە. سەرەڕای ئەم هەڵكشانە، ئێران هیچ دەستكەوتێكی ستراتیجیی دیاریكراوی بەدەست نەهێنا و بەپێچەوانەوە، فشارە سیاسی و ئەمنییەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ سەر تاران زیادی كرد، فشارێك كە بە شێوەیەكی كاریگەر بووە هۆی دابڕان و گۆشەگیری زیاتری وڵاتەكە.
لاوازبوونی بەرەی مقاوەمە؛ داڕمانی قووڵایی ستراتیژی
یەكێك لە پێشهاتە سەرەكییەكانی ساڵی 2025 لاوازبوونی رژدی تۆڕی هێزەكانی هاوپەیمان لەگەڵ ئێران بوو لە ناوچەكە. كەمبوونەوەی سەرچاوە داراییەكان، شكستی سەربازی و هەواڵگری، فشاری حكومەتەكانی ناوچەكە، گۆڕانی هاوسەنگی ئەمنی، كاریگەری ئەم تۆڕەی بەشێوەیەكی بەرچاو كەمكردۆتەوە و ئەوەی رۆژێك وەك "قوڵایی ستراتیژی" ناسێنرابوو، ئێستا بووەتە تێچوویەكی قورس و بارگرانییەك بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئێران.
ئابووری ئێران: بارمتەی سیاسەتی دەرەوە
لە ساڵی 2025 دا ئابووری ئێران زیاتر لە جاران كاریگەریی ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی لەسەر بوو، وەستانی دانوستانەكانی نێوان ئێران و رۆژئاوا هەر هیوایەكی بۆ كەمكردنەوەی سزاكان لەناوبرد، لە ئەنجامیشدا بووەهۆی دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، بەرزبوونەوەی لە رادەبەدەری هەڵاوسان و هێڵی هەژاری و هەموو قەیرانانە ئاماژەیەكن بۆ ئەو راستییەی كە ئاستەنگە ئابوورییەكان نەك تەنها لە ئەنجامی كێشە و خراپ بەرێوەبردنی وڵات بەڵكو ئەنجامی راستەوخۆی سیاسەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامییە.
ناڕەزایەتییەكانی بازاڕی تاران: دەستپێكردنی گەڕێكی دیكەی خۆپیشاندانی سەرشەقام
لە رۆژانی رابردوو گەڕێكی نوێی خۆپیشاندان لە بەشێك لە بازاری سەرەكی مۆبایلی تاران دەستیپێكرد، بە گوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی بلاوكراونەتەوە، خاوەن بازارەكان لە رێگەی داخستنی دوكانەكانیان و وتنەوەی دروشم نارەزایەتییان لەبەرامبەر بەرزبوونەوەی رۆژانەی نرخی دۆلار دەربریوە.
ساڵی 2026: چارەنووسساز و یەكلاكەرەوە
بەگوێرەی پێشبینییەكانی شارەزایانی سیاسی و ئابووری ساڵی 2026 دەتوانێت ساڵی گەڕانەوە و دەستپێكردنەوەی نارەزایەتییە كۆمەڵایەتییەكان بێت بە تایبەتمەندی و سیمایەكی جیاوازترەوە لەوانەش:
-ئابووری وەك بزوێنەری سەرەكی نارەزایەتییەكان رۆڵ دەگێرێت، بەپێچەوانەی نارەزایەتییەكانی رابردووی ئێران كە داواكاری و داخوازییە سیاسییەكان هۆكاری سەرەكی نارەزایەتییەكانیان پێكدەهێنا.
-زیادبوونی دووبەرەكی لەناو دەسەڵاتدرانی حكومەت، لەسەر بەردەوامی روبەڕووبوونەوە یان گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسی بۆ چارەسەری بەشێك لە قەیرانەكان.
ئێران لە ساڵی 2026 دا، لەگەڵ زنجیرەیەك قەیرانی هاوكاتدا بەرەوڕوو دەبێتەوە، كە بەرەنگاربوونەوە و چارەسەركردنی ئەم قەیرانانە لە رێگەی كاتی و بریاڕی تەكتیكییەوە ئەنجام نادرێت.
