2026 بۆ نەتەنیاهۆ ساڵی ئاڵنگاریی و بڕیارە قورسەکان دەبێت

#ئیسرائیل#بنیامین نەتەنیاهۆ#ئەمەریکا#کەرتی غەززە
3 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • بۆ ساڵی داهاتوو بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رووبەڕووی ژمارەیەک بڕیاری قورس دەبێتەوە، هەر بڕیارێکیش دەرەنجامی گەورەی دەبێت لەسەر کۆمەڵگەی ئیسرائیلی، کەرتی غەززە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
Primary Asset

بنیامین نەتەنیاهۆ

سبەی

بۆ ساڵی داهاتوو بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رووبەڕووی ژمارەیەک بڕیاری قورس دەبێتەوە، هەر بڕیارێکیش دەرەنجامی گەورەی دەبێت لەسەر کۆمەڵگەی ئیسرائیلی، کەرتی غەززە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. رۆژنامەی نیویۆرک تایمز راپۆرتێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە. 

بنیامین نەتەنیاهۆ بۆ ماوەیەکی زۆرە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلە و بەشێوەیەکی تایبەتی خۆی مامەڵە لەگەڵ پرسە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەکات.

وەک لە راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا هاتووە، نەتەنیاهۆ بڕیاردان لەسەر پرسەکان دوادەخات، تا بتوانێت هەڵبژاردەکان بە کراوەیی بهێڵێتەوە و هەڵبژاردەی نوێ دروست دەکات هەر کاتێک بتوانێت، هەروەها بە ئارامی و پەلەنەکردن دوژمنەکانی دەبەزێنێت نەک بە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ و هاوپەیمانی نوێ دروست دەکات، قەیرانەکان دەگۆڕێت بۆ هەل ئەگەر قازانجێکی دەستبکەوێت تیایدا، ئەوانە پێناسەی کەسایەتی سیاسی نەتەنیاهۆن بەپێی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز. 

بەپێی راپۆرتەکە، بارودۆخی ئێستا هێندە ئاڵۆز و قورسە، توانا دیپلۆماسییەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی سنووردارکردووە و ناتوانێت قەیرانەکان بۆ سوودی خۆی بقۆزێتەوە. 

فشارەکان بۆ سەر نەتەنیاهۆ لە هەموو لایەکەوەیە، دۆسیەی دادگاییکردنی لەسەر فێڵکردن و وەرگرتنی بەرتیل رۆیشتووەتە قۆناغێکی دیکەوە، پلانی ترەمپ بۆ ئاشتی دەچێتە قۆناغی دووەمییەوە، هەروەها لە کۆشکی سپییەوە لە هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان و سوریا نیگەرانن و داوای سنووردارکردنی دەکرێت. لە ناوخۆشدا راستڕەوەکانی هاوپەیمانی داوای خستنەسەری کەناری رۆژئاوا بۆ سەر ئیسرائیلی لێ دەکەن، سەرەڕای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل لە 2026ـدا. 

فشارە دەرەکی و ناوخۆییەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی 2026 ساڵی بڕیارە قورسەکان دەبێت بۆ نەتەنیاهۆی 76 ساڵ و ئیسرائیل، هەر بڕیارێکیش دەرەنجامی گەورەی دەبێت بۆ داهاتووی کۆمەڵگەی ئیسرائیلی، ئاسایشی ئیسرائیل، بۆ فەلەستینییەکان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش. 

پسپۆڕان دەڵێن: "نەتەنیاهۆ دەیەوێت هەڵبژاردنەکان بۆ ماوەیەکی زۆر دوابخات، چونکە پێیوایە هەرچەندێک رووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر کۆنتر بێت، هەلی بەدەستهێنانی دەنگەکانی زیاتر دەبێت."

سەبارەت بە ئامانجی نەتەنیاهۆ بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، ڕیوڤان هەزان، مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی عیبری جیروسلام دەڵێت: "بەڕوونی نەتەنیاهۆ دەیەوێت لە کاتێکی دوورتردا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی زیاتر دایانببڕێت لە قەیرانەکان."

مامۆستاکەی زانکۆ دەشڵێت: "نەتەنیاهۆ پێیوایە، خەڵکی ئیسرائیل هێندە گەمژە و یادەوەرییان خراپە، لە داهاتوودا رووداوەکانیان بیر نامێنێت" و دەنگی پێدەدەن.

سەبارەت بە پلانی ئاشتیی ترەمپ بۆ کەرتی غەززە، وەک لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزدا هاتووە، هەرچەندە وای دەردەخات لەگەڵ پلانەکەی ترەمپدایە، بەڵام نەتەنیاهۆ هەرگیز باوەڕی بە پلانەکەی ترەمپ نەبووە و بە ئیسرائیلییەکانی راگەیاندووە، ئەگەر حەماس چەک دانەنێت، سوپای ئیسرائیل بە هێز چەکیان پێدادەنێن.

بەپێی راپرسییەکان زۆرینەی ئیسرائیلییەکان پشتیوانی دەکەن، هەروەها پێیانوایە لە ماوەی ساڵێکدا شەڕ لەگەڵ حەماس دەستپێدەکاتەوە.

سەرەڕای ئاگربەست لە کەرتی غەززە، ئیسرائیل رۆژانە لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە، جگە لە کەرتی غەززە، لە سوریا و لوبنانیش، سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئەمەریکا لە هێرش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بەردەوامە، ئەوەش ئیدارەی ترەمپی نیگەران کردووە و هۆشدارییان پێداوە.

هەرچەندە بەپێی پلانەکەی ترەمپ بۆ کەرتی غەززە، دەبێت دەسەڵاتی فەلەستینی رۆڵی هەبێت لە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە، بەڵام تائێستا نەتەنیاهۆ ئەو بەندەی پلانەکە رەت دەکاتەوە، ئەوەش ئاڵنگارییە لەبەردەم ئیدارەی ترەمپ بۆ جێبەجێکردنی هەموو بەندەکانی پلانەکە، بۆیە نەتەنیاهۆ دەبێت بڕیار بدات لە نێوان وەڵامدانەوەی خواستەکانی ئەمەریکا یان خواستەکانی هاوپەیمانەکانی لە کابینەکەی کە بەبێ پشتیوانیی ئەوان حکومەتەکەی هەڵدەوەشێتەوە. 

وەک لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزدا هاتووە، بەپێی راپرسییەکان ئەگەر ئەمڕۆ (29ـی کانوونی یەکەمی 2025)، هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، هاوپەیمانێتییەکەی نەتەنیاهۆ لە کۆی 120 کورسی، 52 کورسی بەدەستدەهێنێت، لە بەرامبەردا پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن 58 کورسی بەدەستدەهێنن، هەروەها پارتە عەرەبییەکانیش 10 کورسی بەدەستدەهێنن. بەو شێوەیە نەتەنیاهۆ ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت، چونکە پێکهێنانی حکومەت 61 کورسی دەوێت.

دوو رێگا لە بەردەم نەتەنیاهۆدایە، لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکاندا هێرش بکاتە سەر پارتە عەرەبییەکان بۆ ئەوەی کەمترین کورسی بەدەستبهێنن، بۆ ئەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بە هاوپەیمانیکردن لەگەڵیاندا نەتوانن 61 کورسی کۆبکەنەوە، بەوەش نەتەنیاهۆ وەک سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر بەردەوام بێت.

یەکێکی دیکە لە رێگەکانی بەردەم نەتەنیاهۆ بۆ بەدەستهێنانی کورسیی پێویست، دوورخستنەوەی پارتە راستڕەوەکانی بیزالیل سموتریچ و بن گڤیرە.

یەکێک لەو هۆکارانەی لە ئێستادا نەتەنیاهۆ لەگەڵ پارتە راستڕەوەکانە، دادگاییکردنەکەیەتی، چونکە پێویستی بە راستڕەوەکانە بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاسایانەی دادگاکان لاواز دەکەن، نەتەنیاهۆ پێیوایە ئەگەر دادگاکان لاواز ببن، ئەوا دەتوانێت کۆتایی بە کێشە یاساییەکانی بهێنێت. وەک لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزدا هاتووە، ئەگەر رێگەی نوێ بدۆزێتەوە بۆ راگرتنی دادگاییەکردنەکەی، چیتر پێویستی بە راستڕەوەکان نابێت و دەکرێت بە ئاسانتر هاوبەشە سیاسییەکانی هەڵبژێرێت و خۆی لە راستڕەوەکان بە دوور بگرێت. 

داواکاریی لێخۆشبوونی دۆسییەکانی دادگا لە ئایزاک هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل بۆ رزگاربوونیەتی لە پارتە راستڕەوەکان.

هەموو ئەو هۆکارانە وایکردووە 2026 بۆ بنیامین نەتەنیاهۆ ساڵی بڕیارە قورسەکان بێت، هەر بڕیارێک دەرەنجامی دراماتیکی دەبێت لەسەر کۆمەڵگەی ئیسرائیلی، کەرتی غەززە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی