عەدنان فەیحان؛ لە "پلانداڕێژەرى هێرشێکى گەورەوە" بۆ سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق

#عەدنان فەیحان
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
بەهادین عەلی
پوختە :
  • دلێمی تەمەن 52 ساڵ، خەڵکی شاری حلەیە و لەسەرەتادا وەکو سەرکردەیەکی گەنج لە رەوتی سەدردا دەرکەوتووە.
  • بەپێی وتەى قەیس خەزعەلی و حکومەتى ئەمەریکا، دلێمى پلاندارێژەرى ئەو هێرشە بووە کە لە کانونى دووەمى 2007 کرایە سەر ناوەندى هەماهەنگى هاوبەش لە پارێزگاى کەربەلا و بەهۆیەوە پێنج ئەمەریکى کوژران، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى پەیمانگاى واشنتن بۆ سیاسەتى رۆژهەڵاتى نزیک.
  • عەدنان فەیحان پێشتر لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندبوو، لاى ئەمەريکییەکان زیندانى بووە بەڵام لە لیستى تیرۆرى وەزارەتى گەنجینەى ئەمەریکادا نییە، تۆمەتبارى سەرەکى "گرنگترین" هێرشى سەر هێزەکانى ئەمەریکایە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و شانازیش بەو مێژووەوە دەکات.
Primary Asset

سبەى

پلانداڕێژەرى یەکێک لە "گەورەترین" هێرشەکانى سەر ئەمەريکییەکان و زیندانیکردنى، دواتر ئازادکردنى بەرانبەر تەرمى ژمارەیەک هاوڵاتى بەریتانى، پاشان تێکەڵبوون بە کارى سیاسی و چوونە ئەنجومەنى نوێنەران و گەیشتن بە دەستەى سەرۆکایەتى، ئەمە چیرۆکى ژیانى عەدنان فەیحان دلێمی جێگرى یەکەمى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانە.

دلێمی تەمەن 52 ساڵ، خەڵکی شاری حلەیە و لەسەرەتادا وەکو سەرکردەیەکی گەنج لە رەوتی سەدردا دەرکەوتووە.

 بەپێی راپۆرتێکی ئەمەریکییەکان، قەیس خەزعەلی کە ئێستا نزیکترین هاوڕێیەتی، کاتێک لە زیندان بووە، ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە دلێمی سەرۆکی گروپە تایبەتەکانی رەوتی سەدر بووە و سەرپەرشتی شانە سەربازییەکانی رەوتەکەی لە پارێزگاکانی ناوەڕاستی عێراق کردووە.

بەپێی وتەى قەیس خەزعەلی و حکومەتى ئەمەریکا، دلێمى پلاندارێژەرى ئەو هێرشە بووە کە لە کانونى دووەمى 2007 کرایە سەر ناوەندى هەماهەنگى هاوبەش لە پارێزگاى کەربەلا و بەهۆیەوە پێنج ئەمەریکى کوژران، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى پەیمانگاى واشنتن بۆ سیاسەتى رۆژهەڵاتى نزیک.

عەدنان فەیحان پێشتر لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندبوو، لاى ئەمەريکییەکان زیندانى بووە بەڵام لە لیستى تیرۆرى وەزارەتى گەنجینەى ئەمەریکادا نییە، تۆمەتبارى سەرەکى "گرنگترین" هێرشى سەر هێزەکانى ئەمەریکایە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و شانازیش بەو مێژووەوە دەکات.

ئەزموونی سیاسی عەدنان فەیحان

لە ساڵی 2010دا ئەمەریکا لە بەرامبەر تەرمی کوژراوی چەند هاووڵاتییەکی سڤیلی بەریتانی، خەزعەلی و دلێمی ئازاد کرد.

 لە ساڵی 2011 ژیانی سیاسی عەدنان فەیحان دەستیپێکرد. بەجۆرێک رۆڵی سەرەکی گێڕا لە دامەزراندنی باڵی سیاسی عەسائیبى ئەهلی حەق.

لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی 2014دا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لەو خولەی ئەنجومەنەکەدا تاکە نوێنەری باڵی سیاسی عەسائیبی ئەهلی حەق بوو. 

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 سەرکردایەتی هەڵمەتێکی گەورەی فراکسیۆنی سادیقونی کرد، بەجۆرێک ژمارەی کورسییەکانی بۆ 15 کورسی بەرزبووە و لەو خولەدا عەدنان فەیحان بوو بە ئەندامی لیژنەی بەرگری و ئاسایشی ئەنجومەنی نوێنەران. 

گەورەترین هەنگاو لە ژیانی سیاسی عەدنان فەیحان دلێمی بۆ  6ی شوباتی ساڵی 2024 دەگەڕێتەوە، کاتێک بە پارێزگاری نوێی بابل هەڵبژێردرا. هاوکات وەکو سەرۆکی فراکسیۆنی سادیقون لە ئەنجومەنی نوێنەران مایەوە.

دلێمی کە لە ریزەکانی حەشدی شەعبیدا بەشداری شەڕى دژ بە داعشی کرد، تۆمەتبارکراوە بە سەرکردایەتیکردنى هەڵمەتێکی سەربازی گەورە بۆ "کۆچپێکردنی زۆرەملێی" سوننەکانی شارۆچکەی جورف سەخر.

 ئێستاش یەکێکە لەو کەسایەتییە سیاسی و سەربازیانەی شیعە، کە گەڕانەوەی سووننەکان بۆ ئەو شارۆچکەیە رەتدەکاتەوە، لە کاتێکدا پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران کۆیدەکردەوە، کە لە 3ی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2020 لەلایەن ئەمەریکاوە کوژرا.

عەدنان فەیحان دلێمی کە دیارترین کەسایەتی سیاسی عەسائبی ئەهلی حەقە، لە لیستی تیرۆری ئەمەریکادایە. لە کاتێکیشدا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەشداری پێکردنی کەسایەتییەکانی سەر بە گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە پۆستە باڵاکانی عێراق رەتدەکاتەوە، گەیشتنی بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران، وەکو رەتکردنەوەی خواستی ئەمەریکا بۆ چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکان لێکدەدرێتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی