
سبەى
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمەریکا پشتیوانى خۆى بۆ هێرشێکى خێرا بۆ سەر ئێران دەربڕى، ئەگەر بەردەوام بێت لە پەرەپێدانى مووشەک و چەکى ئەتۆمى و نەگەن بە رێککەوتن.
ئەو قسانەى ترەمپ لەمیانەى پێشوازیکردنیدا هات لە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل لە شوێنى مانەوەى خۆى لە فلۆریدا.
ترەمپ لەبارەى دۆسیەى ئێرانەوە وتى "دەبیستم کە ئێران هەوڵى بنیاتنانەوەى تواناکانى دەدات، ئەگەر ئەو کارە بکات پێویستە تێکى بشکێنین، گورزێکى کەمەرشکێنى لێبدەین بەڵام هیوادارم ئەوە روونەدات".
وتیشى "گوێبیستى ئەوە بووين کە ئێران رێککەوتنى دەوێت، ئەگەر خواستى رێککەوتنى هەبێت، ئەوە کارێکى زیرەکانە دەکات".
لەوەڵامى پرسیارێکدا لەبارەى ئەوەى ئایا پشتگیریی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات، ئەگەر نەگاتە رێککەوتن و بەردەوام بێت لە پەرەپێدانى مووشەکی بالیستی و چەکی ئەتۆمی؟ ترەمپ وتى "ئەگەر بەردەوام بن لەپەرەپێدانى مووشەک و چەکى ئەتۆمی، بەڵێ بەخێرایی".
لەناو پێنج تەوەرى سەرەکى گفتوگۆکانى ترەمپ و نەتەنیاهۆ، پرسی ئێران یەکێک لە دیارترین پرسەکانە، لەکاتێکدا ئێران دەستیکردووە بە تاقیکردنەوەى نوێی مووشەکی، کە ئیسرائیل بە هەڕەشەیەکى گەورەتر لە ئەتۆم دایدەنێت.
ئەمریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە ئێران ناکۆکن
لە ئێستادا ئەمەریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە مەترسییەکانی ئێران روانینی جیاوازیان هەیە، لەلایەک ترەمپ چەندین جار رایگەیاندوە کە لە ئەنجامی بۆردومانکردنی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران لە مانگی حوزەیرانی رابردوو چیدیکە ئێران مەترسییەکی بەپەلە نییە، ئەو وڵاتە لە ئێستادا توانانی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لەدەستداوە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئیسرائیل رایگەیاندوە کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە تەواوەتی کۆتایی پێ نەهاتوە و تەنها ساڵێک بۆ دوو ساڵ دواخراوە.
هاوکات ئیسرائیل هۆشداری دەدات لەوەی کە ئێران سەرقاڵی بنیاتنانەوە و نۆژەنکردنەوەی توانا موشەکیەکانیەتی و بەرپرسانی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ئێن بی سی نیوز و ئەکسیۆس، بەرزکردنەوەی توانا مووشەکییەکانی ئێران بە مەترسییەکی گەورەتر لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی وەسف دەکەن.
مووشەک وەک هەڕەشەیەکی بەپەلە
دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەڵێن ئێران چەندین نمایشی سەربازی ئەنجامداوە کە تێیدا جۆرەکانی جیاوازی مووشەک تاقیکراوەتەوە و ئەو بەرپرسانە هۆشداریان داوە لەوەی ئێران ئەو نمایشە سەربازییانە وەک بەرگێک بۆ هێرشێکی کتوپڕ بۆ سەر ئیسرائیل بەکار دەهێنێت.
لای خۆیەوە ئیال زەمیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی بۆ هێرشێکی نوێ دژی ئێران ئامادەیە و ئەم هێرشە لە هەر شوێنێک کە پێویست بێت لەناو خاکی ئێراندا ئەنجام دەدرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە ئیسرائیل نیگەرانییکانی لەبارەی بەرنامەی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی سێ هەزار مووشەک لە ساڵێکدا نەشاردوەتەوە.
ئێران: دانوستان لەسەر بەرنامە مووشەکییەکان ناکەین
ئێران لە مێژە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە لەبارەی بەرنامەی مووشەکییەکەی دانوستان ناکات و جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەرنامە مووشەکییەکەی تەنیا بۆ بەرگرییە.
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى ئێران لەوبارەیەوە بە میدیاکانی راگەیاندووە، بەرنامەی مووشەکی ئێران بۆ بەرگریکردن لە دەستدرێژی و هێرش بۆ سەر وڵاتەکەیان دارێژراوە و لە هیچ دۆخێکدا دەستبەرداری بەرنامە و توانا مووشەکییەکانی نابێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئێران مەودای مووشەکەکانی گەیاندووەتە زیاتر لە دوو هەزار کیلۆمەتر و نەشیشاردوەتەوە کە ئەگەر پێویست بکات مەودای مووشەکانی دەتوانێت بە رادەیەکی بەرچاو بەرزبکاتەوە.
