ئیسرائیل پلانی هەیە بۆ ژێرئاوخستنى تونێلەکانى غەززە

#شەڕی غەززە#ئیسرائیل#حەماس#فەلەستین
2 ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 ساڵ نوێ کراوەتەوە
کۆشان علی
پوختە :
  • ئیسرائیل ژمارەیەکى زۆر لە سیستمى مزەخەى ئامادەکردووە کە دەکرێت بەکاریانبهێنن بۆ ژێرئاو خستنى تۆڕى تونێلەکانى حەماس لەژێر کەرتى غەززە، لەڕێگەى بەکارهێنانى ئاوى دەریاوە
  • مزەخەکان زیاتر لە پێنج دانەى زەبەلاح دەبن و هەریەکێکیان دەتوانن ئاوى دەریاى ناوەڕاست هەڵبکێشن و لە هەر کاتژمێرێکدا هەزاران مەتر سێجا ئاو بخەنە تونیڵەکانەوە
  • هەندێک لە بەرپرسانى ئەمریکا بەشێوەی نائاشاکرا نیگەرانى خۆیان لەبارەى پلانەکەوە خستوووەتەڕوو. لەکاتێکدا هەندێ لە بەرپرسانى دیکەى ئەمریکا پشتیوانیى ئەمریکایان دەربڕیوە
Primary Asset

دوو سەربازی ئیسرائیلی لەناو تونێلی غەززە/ ئەی ئێف پی

سبەى - وۆڵ ستریت جۆرنەڵ

ڕۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرنەڵ لەسەر زارى چەند بەرپرسێکى ئەمریکاوە ئاماژەى بەزانیارییەکى نوێداوە کە ئیسرائیل ژمارەیەکى زۆر لە سیستمى مزەخەى ئامادەکردووە کە دەکرێت بەکاریانبهێنن بۆ ژێرئاو خستنى تۆڕى تونێلەکانى حەماس لەژێر کەرتى غەززە. ئەوەش لەڕێگەى بەکارهێنانى ئاوى دەریاوە، بەڵام هەرچەندە ئەو تاکتیکە لەوانەیە تونێلەکان خاپووربکات و چەکدارەکان بێنەسەر زەوى، بەڵام سیستمى دابینکردنى ئاوى غەززە دەخاتە مەترسییەوە.

لە ناوەڕاستى مانگى ڕابردوودا، وەزارەتى بەرگرى ئیسرائیل مزەخەیەکى گەورەى ئاوى ئامادەکردووە کە نزیکەى میلێک لە باکوورى کامپى پەنابەرانى ئەلشاتى جێگیرکراوە. مزەخەکان زیاتر لە پێنج دانەى زەبەلاح دەبن و هەریەکێکیان دەتوانن ئاوى دەریاى ناوەڕاست هەڵبکێشن و لە هەر کاتژمێرێکدا هەزاران مەتر سێجا ئاو بخەنە تونیڵەکانەوەو لەماوەى چەند هەفتەیەکدا تونێلەکان ژێرئاو بخەن.

لە سەرەتاى مانگى ڕابردوودا ئیسرائیل ئەو زانیارییەى خستووەتە بەردەم ئەمریکییەکان، بۆئەوەى گفتوگۆى لەبارەوە بکەن. بەوشێوەیە بەراوردیان کردووە لەبارەى ئەگەرى سەرکەوتنى ئەو پلانە، هەروەها کاریگەرى لەسەر ژینگە بەراورد بە هەوڵە سەربازییەکان بۆ لەناوبردنى ئەو تونێلانە.

هەڵوێستی ئەمەریکا چییە؟

بەرپرسانى ئەمریکا دەڵێن کە ئەوکاتە زانیاریمان نەبووە تاچەند ئیسرائیل ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنى پلانێکى لەوشێوەیە، هەروەها بڕیارى کۆتاییان لەبارەى جێبەجێکردنى پلانەکەوە نەداوە.

هەڵوێستى بەرپرسانى ئەمریکا لەسەر ئەو پرسە جیاواز بووە. بەشێوەیەک کە هەندێ لە بەرپرسانى ئەمریکا بەشێوەی نائاشاکرا نیگەرانى خۆیان لەبارەى پلانەکەوە خستوووەتەڕوو. لەکاتێکدا هەندێ لە بەرپرسانى دیکەى ئەمریکا پشتیوانیى ئەمریکایان خستووەتەڕوو بۆ لەکارخستنى تونێلەکان و پێیانوابووە کە نابێت ئەمریکا دژى وەها پلانێک بێت.

تاوەکو ئێستا ئیسرائیل توانیوویەتى ٨٠٠ تونێل دەستنیشان بکات، بەڵام پێیانوایە کە هێشتا تۆڕى تونێلەکان زۆر زیاترن.

کەسێکى ئاگادار لە پلانەکە بە ڕۆژنامە ئەمریکییەکەى وتووە لەگەڵ خستنەگەڕى پلانى چەند هەفتەى ژێرئاوخستنى تونێلەکان چەکدارەکانى حەماس و دەکرێت بارمتەکانیش بێنە دەرەوەى تونێلەکانەوە. بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە ئاای ئەو پلانەى ئیسرائیل بەرلە ئازادکردنى بارمتەکان دەخرێتەبوارى جێبەجێکردنەوە یان نا.

ئەو کەسە بە ڕۆژنامەکەى وتووە: ئێمە دڵنیانین کە ناردنى ئاو بۆ تونێلەکان تاوەکو چەندێک سەرکەوتووە، چونکە هیچ کەسێکمان وردەکاریمان نیە لەبارەى تونێلەکان و ئەو زەویەى لە دەوروبەرى تونێلەکان هەیە. هەروەها ئەستەمە بزانین کە چەند ئاوى دەریامان پێویستە بۆ ژێرئاوخستنى تونێلەکان.

ئیسرائیل ٨٠٠ تونێلی لە غەززە دەستنیشانکردووە/ ئەی ئێف پی

فشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

وردبوونەوەى ئیسرائیل لە پلانى ژێرئاو خستنى تونێلەکان ئاماژەیەکى دیکەیە کە ئیسرائیل لە دۆخێکدایە دەبێت هاوسەنگى بکات لەنێوان بەدیهێنانى ئامانجەکانى جەنگەکەى و ئەو فشارە نێودەوڵەتییەى لەسەر ئیسرائیلە بۆ پاراستنى هاووڵاتیانى مەدەنى.

بەهۆى هێرشى سوپاى ئیسرائیلەوە، وڵاتانى دراوسێى ئیسرائیل و غەززە نیگەران بوون، بەشێوەیەک کە زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتیانى غەززە ماڵ و حاڵى خۆیان بەجێهێشتووە.

وەزارەتى بەرگرى ئیسرائیل ڕەتیکردووەتەوە لێدوان لەسەر ئەو پرسە بدات، بەڵام ئاماژەى بەوەداوە کە ڕێکارى جیاوازى سەربازى و هۆکارى تەکنەلۆژى بەکاردەهێنن بۆ لەناوبردنى حەماس.

لەناو غەززەدا حەماس تۆڕێکى فراوانى تونیڵى دروستکردووە بۆ خۆحەشاردان، جموجوڵیان لەنێوان ماڵ و ناوچەکاندا بەبێ ئەوەى بدۆزرێنەوە، هەروەها بۆ گلدانەوەى بارمتەکان. هەندێک لە تونیڵە ئاڵۆزەکان بە کۆنکرێتى بەهێز دروستکراون، کە وزەى کارەبا و هێڵى پەیوەندییەکانیان تێدا جێگیرکراوە. هەروەها هێندە بەرزن کە کەسێکى ئاسایى بتوانێت بەپێوە هاتووچۆی تێدابکات.

زۆرینەى هاووڵاتیانى غەزە ناتوانن ئاوى پاکى خواردنەوەیان دەستبکەوێت. بەشێک لە سەرچاوەکانى دەستکەوتنى ئاوى پاک بریتین لە کارگەى پاککردنەوەى ئاو کە لەم دواییانەدا لەکارکەوتوون. بەرلە ٧ى تشرینى یەکەم، سێ بۆڕى ئاوى خواردنەوە لە ئیسرائیلەوە بۆ غەززە ڕەوانە کرابوو. بەڵام یەکێک لەوانە ڕاگیراوە و دووانەکەى دیکەش تاڕاددەى نەبوون لەکاردان.

بەپێى ئامارەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان، لەڕابردوودا، سیستمى ئاوى پاکى غەززە ڕۆژانە ٨٣ لیتر ئاوى بۆ هەرکەسێک دابین دەکرد. بەڵام لەئێستادا هەر تاکێکى فەڵەستینییەکان کەمتر لە ٣ لیتر یان کەمتر لە ڕۆژێکدا ئاوى پاکیان پێدەگات. لەکاتێکدا دەبوو بەلایەنى کەمەوە بۆ هەرکەسێک بڕى ١٥ لیتر ئاو لە ڕۆژێکدا بەردەست بووایە. 

پلانەکە ئەگەری سەرکەوتنی تەواوەتی نییە

 جۆن ئاڵتەرمان، جێگرى سەرۆکى سەنتەرى ستراتیژى دیراساتى نێودەوڵەتى کە لە واشنتنە، باس لەوەدەکات لەبەرئەوەى وردەکارى بەردەست نیە لەبارەى تونێلەکانەوە، ئەوە نازانرێت کە چەند پێویستە بۆئەوەى تونێلەکان سەرڕێژ ببن، یان چەندێک لەو ئاوە دەچێتە ژێر زەویەکەوەو زۆر زەحمەتە کە بزانرێت تاچەندێک پلانێکى لەوشێوەیە کاریگەر دەبێت. ئاڵتەرمان هەروەها دەڵێت کە نازانرێت کاریگەرى ئەو ئاوە چى دەبێت لەسەر سیستمى ئاوەڕۆ و زەحمەتە بزانرێت کاریگەرى لەسەر ئاوى ژێرزەوى چى دەبێت. هەروەها نازانرێت چ کاریگەرییەکى دەبێت لەسەر باڵەخانەکانى دەوروبەرى تونێلەکە.

بەسێک لە بەرپرسانى پێشووى ئەمریکا، کە ئاگادارى ئەو پلانەبوون و قسەیان بۆ وۆڵ ستریت جۆرنەڵ کردووە، باسیان لەوە کردووە کە پلانێکى لەوشێوەیە ئیدارەى بایدن دەخاتە دۆخێکى سەخت و ئیدانەى نێودەوڵەتییەوە. بەڵام پێیانوایە کە ئەوە یەکێکە لەو بژاردە سنووردارانەى لەبەردەستدان بۆ لەکارخستنى تونێلەکانى حەماس، کە درێژیی تونێلەکان بەلایەنى کەمەوە ٣٠٠ میل دەبێت.

ساڵى ٢٠١٥ میسر ئاوى دەریاى بەکارهێنا بەمەبەستى ژێرئاوخستنى تونێلى قاچاخچییەکانى ژێر خاڵى سنوورى رەفەح لەگەڵ غەززە. لەدواتردا جوتیارانى ئەو ناوچەیە ڕایانگەیاند بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان زیانیان پێگەیشتووە.

میک مێلڕۆى، یاریدەدەرى پێشووى جێگرى وەزیرى بەرگرى ئەمریکا و ئەفسەر لە هێزەکانى مارێنز و سى ئاى ئەى دەڵێت کە سەگ و ڕۆبۆت بۆ پاککردنەوەى تونێل بەکاردەهێنرێن، بەڵام ڕۆبۆت هێواشە و هەندێجار سەرکەوتوونابێت و لەکاردەکەوێت. مەترسیدارە کە لەڕێى تواناى مرۆییەوە جەنگ لە تونێلەکاندا ئەنجام بدرێت. بەڵام پێى وایە دەکرێت لەڕێگەى ئاوتێکردنى تونێلەکان بۆماوەیەکى زۆر، چەکدارەکانى حەماس ناچاربکرێن کە لە توێنەکان بێنەدەرەوە. بەڵام ئەگەر ئاوى سوێربێت، ئەوا دەبێتەهۆى قەیرانێکى مرۆیى. 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی