گەڕانەوەی سزا ئەتۆمییە كەمەرشكێنەكان؛ ئایا ئێران دەتوانێت ئەم ئەزمونەش تێپەڕێنێت؟

#ئێران#ئەوروپا#فەرەنسا#ئەڵمانیا#بەریتانیا#ئەمەریکا
3 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • بەریتانیا، فەرەنسا وئەڵمانیا دەستیان بە پرۆسەی چالاككردنی میكانیزمی "سناپ باك" كرد بۆ گەڕاندنەوەی ئۆتۆماتیكی سزا نێودەوڵەتییەكان دژی ئێران، ئەوەش بە گوێرەی ڕێكەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران بە ناردنی نامەیەك بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەبەرانبەردا ئێران هۆشداری دەدات لەوەی كاردانەوەی توندی دەبێت ئەگەر سزا نێودەوڵەتییەكان بۆ سەر وڵاتەكەی بگەڕێتەوە.
Primary Asset

سبەی

بەریتانیا، فەرەنسا وئەڵمانیا دەستیان بە پرۆسەی چالاككردنی میكانیزمی "سناپ باك" كرد بۆ گەڕاندنەوەی ئۆتۆماتیكی سزا نێودەوڵەتییەكان دژی ئێران، ئەوەش بە گوێرەی ڕێكەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران بە ناردنی نامەیەك بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەبەرانبەردا ئێران هۆشداری دەدات لەوەی كاردانەوەی توندی دەبێت ئەگەر سزا نێودەوڵەتییەكان بۆ سەر وڵاتەكەی بگەڕێتەوە.

ئەمڕۆ سێ وڵاتی ئەوروپی بە فەرمی ئەنجومەنی ئاسایشیان ئاگاداركردەوە كە میكانیزمی سناپ باك یان میكانیزمی گەڕاندنەوەی سەرجەم سزانێودەوڵەتییەكان بۆ سەر ئێران چالاك دەكەن، ئەمە هەمان ئەو میكانیزمەیە كە لە بڕیارنامەی ٢٢٣١دا ئەنجومەنی ئاسایش لە ساڵی 2015 دا هاتووە.

لە هەمان كاتدا روسیا رەشنووسی بڕیارنامەی دواخستنی میكانیزمی گەڕاندنەوەی سزا نیوودەوڵەتییەكانی پێشكەش كردووە، بەڵام نزیكەی هەموو لایەنە سیاسیی و میدیاییەكان لەسەر ئەو بۆچوونەن كە ئەم رەشنووسە پشتیوانی لێناكرێت و چانسی پەسەندكرانی زۆر لاوازە، رەنگە هەوڵەكانی مۆسكۆ زیاتر مانۆڕێكی سیاسی بێت بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی نەك رێگایەكی راستەقینە بۆ پووچەڵكردنەوەی بنبەستی پرسی ئەتۆمیی ئێران.

ئەوروپا چەندین جار جەختی لەوە كردۆتەوە، كە ئامانجی كۆتایی یەكێتییەكەیان گەیشتن بە رێككەوتنێكی هەمەلایەنەیە: رێككەوتنێك كە بتوانێت بەتەواوی قەیرانی ئەتۆمیی ئێران چارەسەر بكات، بەڵام تا ئەو كاتەی رێككەوتنێكی لەو شێوەیە نەكرێت، لانیكەم بە بۆچوونی ئەوروپییەكان، گەڕاندنەوەی سزا نێودەولەتییەكان بژاردەیەكە كە ناتوانرێت رەت بكرێتەوە.

"ئێران باجێكی قورس دەدات"

ئێران باجێكی قورس دەدات ئەگەر سزاكان بگەڕێنەوە، ئەوەش بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی لە ئەنجامی بۆردومانە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل یان بە شێوەیەكی كاریگەر لە شەڕی ١٢ رۆژەدا ئەوەندە زیانی پێگەیشتوە كە تەنها بە تێچووی دارایی و كاتی و ئەمنی و سیاسیی گەورە دروست دەبێتەوە.

پرسیارە گەورەكە: ئایا ئێران دەیەوێت بەردەوام بێت لە پێدانی ئەم باجە قورسە؟ 

نرخێك كە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای پەیوەندییەكانی دەسەڵاتی ئێران لە جیهاندا، لەگەڵ  واقیعی ئێستای سەر زەوی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئێران لە جاران قورستر دەبێت لە شێوەی گۆشەگیری نێودەوڵەتی و سزای بەربڵاو و فشاری دیپلۆماسی.

بەریتانیا: پەنجەرەی ٣٠ رۆژە دەست پێدەكات 

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، چالاككردنی میكانیزمی دەستپێكردنەكە "بڕیارێكی قورسە" كە لەبەر سێ هۆكار دراوە:

ئاماژەی بەوەشكردووە، “یەكەم: ئێران پێشێلكارییەكی گەورەی مەرجەكانی ڕێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015ی كردووە، بۆ نموونە كۆی كۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران كە بەپێی یاسای 2015 سنوردارە بە زۆرترین 300 كیلۆگرام بە پیتاندنی لەسەدا 3.67، لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا (نزیكەی سێ مانگ لەمەوبەر) 9000 كیلۆگرامی تێپەڕاندووە. لە هەمان كاتدا ئێران هەزاران سانتریفیوجی پێشكەوتووی بەكارخستووە كە ١٠ هێندەی ئەو سنورەیە كە لە ساڵی 2015 بۆی دانراوە، جگە لەوەش ئێران ڕێگەدان بە چاودێریكردنی چالاكییە ئەتۆمییەكانی وەستاندووە و بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٢١دا جێبەجێكردنی پرۆتۆكۆڵی زیادەی وەستاندووە.

"دووەم: ئێران تاكە دەوڵەتی بێ چەكی ئەتۆمییە كە خاوەنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی زۆر بەرزە لە ئاستێكدا كە بتوانرێت بۆ مەبەستی سەربازی بەكاربهێنرێت، ئێران زیاتر لە 400 كیلۆگرام یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی هەیە كە لە ئێستادا شوێنی نادیارە".

ئاماژەی بەوەشكردووە، “هۆكاری سێیەم ئەوەیە كە سەرەڕای هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، وەڵامێكی تەواومان لە ئێرانەوە نەبینیوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن؛ سەرەڕای هەشت خولی دانوستان كە سێ وڵاتی ئەوروپی لەم ساڵدا لەگەڵ تاران هەیانبوو، ئێران زۆرێك لە پێشنیارەكانی رەتكردۆتەوە بۆ درێژكردنەوەی بڕیارنامەی ٢٢٣١ كە لە مانگی ئایاردا پێشكەشمان كرد.”

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دەشڵێت" ئێستا بە پێی بڕیاری 2231 ماوەیەكی 30 ڕۆژە هەیە كە تیایدا لەگەڵ ئێران و ئەنجومەنی ئاسایش پەیوەست دەبین".

راشیدەگەیەنێت "هەستدەكەین كارەكانمان یاسایی و ڕێژەیی هەیە، لەهەمان كاتدا باوەڕمان بەوە نییە كە دەرفەتی دیپلۆماسی كۆتایی هاتبێت و پابەند دەبین بە گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی دانوستانكاری".

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا: بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران هەڕەشەیەكی ئاشكرایە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت" هەرچی لە توانایدا بێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماسی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران ئەنجامی دەدات".

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا لەگەڵ بەریتانیا و فەرەنسا رایگەیاندووە، " پابەندنەبوونی ئێران بە رێككەوتننامەی ئەتۆمیی ساڵی 2015 ڕوونە و دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران كە نیگەرانییەكان لەبارەی بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی دەوروژێنن، لە دەرەوەی كۆنترۆڵی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دایە،  ئێران هیچ پاساوێكی مەدەنی نییە بۆ كەڵەكەكردنی ئەو بڕە زۆرەی یۆرانیۆمی پیتێنراو". 

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی توانای حیسابكردنی بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانی نییە. هەربۆیە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران "وەك هەڕەشەیەكی ڕوون بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەمێنێتەوە".

روبیۆ: گەڕانەوەی سزاكان وەڵامێكی ڕاستەوخۆیە بۆ بەردەوامی سەرپێچیكردنی ئێران 

لە وەڵامی دەستپێكردنی پرۆسەی چالاككردنی میكانیزمی گەڕانەوەی سەرجەم سزانێودەوڵەتییەكان، ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس نووسیویەتی: "گەڕانەوەی سزاكان وەڵامێكی راستەوخۆیە بۆ سەرپێچیكردنی بەردەوامی ئێران لە بەڵێنە ئەتۆمییەكانی.”

ناوبراو وەبیری هێنایەوە " ئەمەریكا پشتیوانی لە بڕیارەكەی سێ وڵاتی ئەوروپیی دەكات و داوا لە ئێران دەكات بۆ چارەسەركردنی پرسی ئەتۆمی دانوستانی دیپلۆماسی جددی  بكات".

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئیدانەی چالاككردنی میكانیزمی گەڕانەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان دەكات

عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتی ئەوروپی و هەروەها بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا، پەیوەندییان پێوەكردووە و جەختیان لەسەر ئامادەیی خۆیان كردووەتەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەكی دیپلۆماسی لە ماوەی 30 ڕۆژی داهاتوودا، بۆ ڕێگریكردن لە گەڕانەوەی بڕیارنامەكانی سزاكانی ئەنجوومەنی ئاسایش.

عەراقچی هیوای خواستووە كە سێ وڵاتی ئەوروپی “لە ڕۆژانی داهاتوودا بە شێوەیەكی گونجاو ئەم هەنگاوە هەڵەیە ڕاست بكەنەوە بە گرتنەبەری ڕێبازێكی بەرپرسیارانە و تێگەیشتن لە واقیعەكانی ئێستا.”

لای خۆشییەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێكدا هەنگاوی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا بۆ چالاككردنی میكانیزمی گەڕاندنەوەی سزانێودەوڵەتییەكانی ئیدانە كرد و بە نایاسایی ناوی برد.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی كردووەتەوە " ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی تێكدانی پرۆسەی ئێستای كارلێك و هاوكارییەكانی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی". هەڕەشەی ئەوەشیكردووە "ئەم كردەوە ناپێویستە بەبێ وەڵام نامێنێتەوە". 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی