شەتریی و شەرع
سبەی
بەمەبەستی زیادکردنی هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات، حەمید شەتری سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا کۆبۆوە.
سەرچاوەیەکی هەواڵگریی عێراقی ئاشکرایکرد، شەتری و شەرع، تاوتوێی ئاسایشی سنورەکان و ئەگەر دروستبوونی هەڕەشە چەکدارییەکان و دۆخی عێراقییەکانی سووریایان کردووە.
سەرچاوەکە ئاشکراشیکردووە، لەکۆبوونەوەکەدا هەردوولا لەسەر زیادکردنی هاوکارییە ئەمنییەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە رێکدەکەوتوون.
ئەو سەرچاوەیە دووپاتی کردەوە، سەردانەکەی سەرۆکی هەواڵگری عێراق بۆ دیمەشق و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەئاراستەی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سوریا بووە.
سەرچاوەکە دوپاتیکردۆتەوە، بەرپرسی هەواڵگری پەیامێکی سودانی بە سەرۆک کۆماری سوریا گەیاندووە، تێیدا داوای پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و تێپەڕاندنی ئاستەنگە هاوبەشەکان کردووە.
وەک میدیای عێراقی ئاماژەی پێداوە، بەرپرسی هەواڵگریی عێراق سەردانی باڵیۆزخانەی عێراقی لە دیمەشق کردووە و لەگەڵ بەرپرسی باڵیۆزخانەکەدا کۆبۆتەوە، باسیان لە کێشەکانی عێراقییەکانی نیشتەجێی سوریا و رێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەکانیان کردووە.
سەردانەکە، دووەم سەردانی سەرۆکی هەواڵگری عێراقە بۆ سوریا لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد، بەو پێیەی لە 25ی نیسانی 2025 دا سەرۆکایەتی شاندێکی فەرمی حکومەتی عێراقی کردو لەگەڵ ئەحمەد شەرع و ژمارەیەک بەرپرسی حکومەتی سوریا کۆبووەوە.