یەکێک لەو شوێنانەی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی تێدا ئەنجامداوە
سبەی
تادێت زانیاریی زیاتر لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكەی سوپای ئیسرائیل لە باشوری دیمەشقی پایتەختی سوریا ئاشكرا دەبێت كە دوو رۆژە دەستیپێكردووە، بەرپرسێكی ئەمنیی ئیسرائیل دەڵێت "ئەو ئامێرانەی توركیا تێكشكێندران كە بۆ سیخوڕیكردن بەسەر ئیسرائیلەوە چێندرابوون و بەرپرسانی دیمەشقمان ئاگادار كردووەتەوە یاری بە ئاگر نەكەن".
لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا فڕۆكەكانی ئیسرائیل، هێرشی ئاسمانییان بۆسەر چەند پێگەیەكی سەربازی سوپای سوریا لە دەوروبەری دیمەشق ئەنجامدا، بەهۆیەوە هەشت سەربازی وەزارەتی بەرگریی سوریا كوژران، بەرپرسێكی ئەمنیی ئیسرائیل ئاشكرایكردووە "ئەو ئامێرانەی توركیایان لەبەریەك هەڵوەشاندۆتەوە كە لە دەوروبەری دیمەشق چێندرابوون، بۆ ئەوەی سیخوڕی بەسەر ئیسرائیلەوە بكەن".
كەناڵی "حەدەس" لەزاری ئەو سەرچاوە ئیسرائیلییەوە بڵاویكردۆتەوە: "دابەزینی هێزەكانمان لە نزیك دیمەشق بۆ ئاسایشی ئیسرائیل بەتەواوی پێویست بووە، لەو كردەوەیەدا كەرەستەی نهێنی و مەترسیدارمان گێڕاوەتەوە".
ئەو بەرپرسە ئەمنییەی ئیسرائیل هەروەها دەشڵێت " هۆشداریمان بە ئیدارەی سوریا داوە، یاری بە ئاگر نەكەن و گوێ بۆ فەرمانەكانی توركیا نەگرن، توركیا هەوڵدەدات زۆر لێمان نزیك بێتەوە".
" پێشتر ئیدارەی سوریا ئاگادار كرابۆوە، بەوەی دانبەخۆداگرتنی ئیسرائیل یان سنوری ئۆپەراسیۆنەكانی تاقی نەكاتەوه". ئەو بەرپرسە ئەمنییەی ئیسرائیل وای وتووە.
بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لەكاتێكدایە، پێشتر سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەكە، سەرچاوەیەكی باڵای سەربازی سوپای سوریا بە میدیای جەزیرەی قەتەری راگەیاندبوو، ئۆپەراسیۆنەكەی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەی كیسوە بووە لە باشووری دیمەشقی پایتەخت و بۆ گەڕان بووە بە دوای كەرەستەی سەربازیدا لە ناوچەكە.
بەپێی راپۆرتە هەواڵییەكان، سوپای ئیسرائیل لە رێگەی چوار هەلیكۆپتەرەوە ژمارەیەك سەربازی لە ناوچەكە دابەزاندووە و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو كاتژمێر ئۆپەراسیۆنەكەیان بەردەوام بووە.
هەروەها سەرەڕای نزیكی ناوچەی كیسوەی لە دیمەشقی پایتەخت، هیچ روبەڕوبوونەوەیەك لە نێوان سوپای ئیسرائیل و چەكدارەكانی حكومەتی كاتی سوریا بە سەرۆكایەتی ئەحمەد شەرع رووینەداوە.
وەك لە راپۆرتێكی هەواڵی پێگەی جیروسلام پۆستدا هاتووە، ئەو ناوچەیەی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی تێدا ئەنجامداوە، پێشتر لە سەردەمی رژێمی بەشار ئەسەددا لەلایەن ئێرانەوە بەكارهێنراوە. هەروەها ئەو ئامانجانەی ئیسرائیل لە ماوەكانی رابردوودا پێكاویەتی لە سوریا و ناوچەی كیسوە و گردی جەبەل مانع، بە تایبەت ناوچەی ستراتیژین و لەلایەن ئێرانەوە بەكارهێنراوە.
سەبارەت ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی وڵاتەكەی، یسرائیل كاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پێشتر لە بڵاوكراوەكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس نوسیویەتی: "هێزەكانمان لە هەموو بەرەكان بە شەو و بە رۆژ لە پێناو پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆن ئەنجامدەدەن."
بەپێی هەواڵێكی تەلەفزیۆنی شەمسی سوریا، دوای كشانەوەی هێزەكانی ئیسرائیل، چەكدارەكانی سوپای سوریا هاتوونەتە ناوچەكە و لەلایەن هێزە ئاسمانییەكانی ئیسرائیلەوە كراونەتە ئامانج و نۆ چەكداریان لێ كوژراوە.