چەند سەربازێکی هیندستان لە شاری سریناگاری کشمیر/ ئەی ئێف پی
رۆژی دوو شەممە (11-12)، دادگای باڵای هیندستان ڕەزامەندی دا لەسەر بڕیاری حکومەتەکەی نارێندرا مودی بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری جامو کشمیری زۆرینە موسوڵمان.
دادگاکە رایگەیاندووە، بڕیارەکەی ساڵی 2019ـی حکومەت، " بە ئاڕاستەی یەکگرتنە و بەکارهێنانی ڕەوای دەسەڵاتەکانیەتی". هەروەها دادگا بڕیاریداوە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ویلایەتەکە لە ساڵی داهاتودا، جەختیشیکردوەتەوە لەسەر ئەوەی بە زوترین کات هاوشێوەی هەموو ویلایەتەکانی دیکەی هیندستانی لێبکرێت.
نارێندرا مودی سەرۆک وەزیرانی هیندستان بڕیارەکەی دادگای باڵای وڵاتەکەی بە " نیشانەی هیوا" چواند و لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس( تویتەی پێشوو) نوسیویەتی، " ئەو بڕیارە " مێژویی"یە "نیشانەی هیوا"یە.
مۆدی کە بە سەرکردەیەکی نەتەوەپەرستی هیندی دەناسرێت و رەخنەی ئەوە لێدەگیرێت لەسەردەمی ئەودا موسوڵمانانی هیندستان ڕوبەڕوی گوشار و پەراوێزخستن بوونەتەوە، بەڵێنیداوە بە داهاتویەکی باشتر و دروستکردنی هیندستانێکی بەهێزتر و یەکگرتوو تر.
ساڵی 2019، حکومەتی هیندستان دوای نزیکەی 70 ساڵ، دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری جامو کشمیری هەڵوەشاندەوە، بە ئامانجی"تێکەڵکردنی ئەو تاکە ناوچە زۆرینە موسوڵمانە لەگەڵ تەواوی ناوچەکانی دیکەی وڵات".
هەرێمی کشمیر لە ساڵی 1947ـەوە لەنێوان هەردوو وڵاتی هیندستان و پاکستانی خاوەنی چەکی ئەتۆمی دابەشبووە، لەوکاتەوە هەردووکیان لە ململانێدان لەسەر هەرێمەکە، لەوپێناوەدا لە سێ جەنگی نێوانیان، دوو جەنگیان لەسەر کشمیر بووە.
ساڵی 1989 یاخیبونێک لە بەشە کشمیرییەکەی هیندستان رویدا، بەهۆیەوە زیاتر لە 70 هەزار کەس گیانیانلەدەستدا کە زۆرینەیان خەڵکی مەدەنی بوون، هیندستان هاوسێیەکەی بە پشتیوانیکردنی گروپە چەکدارەکان تۆمەتبار دەکات، ئەو تۆمەتی پاکستان رەتیناکاتەوە.