دیمەنێکی پاش رووداوەکەی لالەزار
سبەی
شاندێكی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانی گرتوخانەی كانی گۆمە و هۆتێل لالەزاریان لە سلێمانی كرد، دەستەكە دەڵێت "دۆخی زیندانیان باشە و كەسوكاریان سەردانیان دەكەن، هەریەك لە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگیش بە تەنها لە ژوورێكدا زیندانیین".
لاهور شێخ جەنگیی سەرۆكی بەرەی گەل و هاوسەرۆكی پێشووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەرەبەیانی رۆژی هەینی 22 ی ئاب لە سلێمانی لەلایەن هێزێكی زۆری ئەمنیی و سەربازییەوە دەستگیركرا، پاش ئەوەی شەوی پێنجشەممە 21 ی ئاب ئەو هێزانە دەوری ماڵەكەیاندا و گەمارۆیاندا. بەهۆی پێكدادانەكانەكانەوە، بەپێی ئەو ئامارانەی لایەنی ئەمنیی بڵاویانكردەوە، سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەكان گیانیان لەدەستدا و 15 كەسیش برینداربوون بەپێی زانیارییەكانیش چەند ئەندامێكی هێزەكەی لاهور شێخ جەنگیی كوژراون و برینداربوون. ئەمەش دوای سێ كاتژمێر پێكدادان كە سەرئەنجام لاهور شێخ جەنگی و خێزان و براكانی دەستگیركران.
"هەریەكە و بە تەنها لە ژوورێك زیندانیین"
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بڵاویكردەوە:" ڕۆژی یەكشەممە 21/9 شاندێكی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەسەرۆكایەتی مونا یاقۆ سەرۆكی دەستە سەردانی گرتوخانەی كانی گۆمەیان كرد لە شاری سلێمانی".
شاندەكه وەك خۆیان دەڵێن بەجیا سەردانی هەریەك لەلاهور شێخ جنگی و پۆڵاد شێخ جەنگییان كردووە كە هەریەكەیان بەتەنیا لەژوورێك زیندانین، دواتر سەردانی زیندانیانی تری شەڕەكەی لالەزاریان كردووە.
بەپێی راگەیەندراوی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، تیمی دەستە "بەدواداچوونیان كرد بۆ ڕەوشی تەندروستی و شوێنی مانەوەی زیندانیان بەگشتی، تەندروستی سەرجەم زیندانیان باشە و كەس و كاریان سەردانیان دەكەن و ئەوانەی داوای پارێزەریان كردووە بۆیان دابین كراوە، ئەوەی داوای نەكردووە بەئارەزووی خۆی ڕەتی كردۆتەوەو هەروەها ڕێگە بەتەلەفۆنكردنیش بۆ كەس و كاریان دراوە".
"جێگای ئاماژەیە ئەو زیندانیانەی لەڕووداوەكانی لالەزار دەستگیركرابوون كە پێشتر لەدژە تیرۆربوون، گوازراونەتەوە بۆ زیندانی ئاسایشی كانی گۆمە كەژمارەیان ئێستا زیاترە لە ٢٠٠ زیندانی".دەستەكە وا دەڵێت.
لەدوای رووداوەكانی شەڕی لالەزارەوە تا ئێستا كەیسەكان یەكلا نەكراونەتەوە، دەستەكە دەشڵێت " بۆیە زیندانیان داوای یەكلاییكردنەوەی و جیاكردنەوەی كەیسەكانیان دەكەن بەڕێگای دادگا ولەكاتێكی دیاری كراودا".
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤدا هاتووە:"دەستەی مافی مرۆڤ بە ئەركی خۆی دەزانێ بەدواداچوون بۆ هەركەیس و بابەتێك بكات لەهەر شوێنێك بێت و لەنزیكیشەوە چاودێری ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ و زیندانیان دەكات بەگشتی، وە پشتگیری لە زوو یەكلایی كردنەوەی دۆسیەی ئەو زیندانیانە دەكات لەچوارچێوەی ڕێكارە یاساییەكان و بنەماكانی مافی مرۆڤ".
رووداوەكانی ئابی 2025 درێژكراوەی رووداوەكانی هەشتی تەموزە
لە كۆتایی مانگی حوزەیرانی 2021 بافڵ تاڵەبانی پلانی گۆڕینی سەرۆكی هەردوو دەزگای زانیاریی و دژەتیرۆری دەبێت، بەڵام دواتر ڕاپۆرتێكی ئەو تیمە نهێنیەی پێدەگات كە دروستی كردووەو لە كارەكانی لاهور شێخ جەنگی بە نهێنی دەكۆڵنەوە لەسەر ئاستی حیزب و هەردوو دەزگای زانیاری و دژەتیرۆرو ئابوری و میدیا، دوای ئەوەی ڕاپۆرتەكە دەگاتە دەستی بافڵ تاڵەبانی بڕیاری تەواوەتی دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی دەدات، پێش دوومانگ لەو ڕووداوانە بافڵ تاڵەبانی نەخۆش دەكەوێت و دواتر گومانی ژەهرخواردكردنی كرا، بەڵام دواتر ئەوە نەسەلمێندرا.
دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی بۆی دەردەكەوێت لاهور شێخ جەنگی لە ئاستی میدیاو ئابوریش زۆر بەهێزە و زۆرینەی سەركردایەتی لەگەڵە، بڕیار دەدات بەیەك ئاست كۆنتڕۆڵی هەردوو دەزگاكە و میدیا و ئابوری لاهور شێخ جەنگی بكات، ڕۆژی هەشتی تەمووز دەست نیشان دەكات بۆ گۆڕانكارییەكان.
بەو پێیەی هەشتی تەمووز پێنج شەممەیەو كۆتایی هەفتەیە و هیچ پێنجشەمەیەك پۆڵاد شێخ جەنگی، بەرپرسی ئەوكاتی دژە تیرۆر ناچێتە دەوام بۆ قەڵاچوالان و بەهەمان شێوە محەمەد تەحسین تاڵەبانی سەرۆكی دەزگای زانیاریی ئەوكات و ڕەنج شێخ عەلی لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەزگاكە بەهەمان شێوە لە قەڵاچوالان نابن، براكانی لاهورو بەرپرسەكانی نوسینگەی زانیاریی بەهەمان شێوە لە پشودا دەبن، ئێوارەی حەوتی تەمووز بەفەرمانی بافڵ تاڵەبانی سەرجەم پێشمەرگەكانی لیوای دووی سكرتاریەت بانگ دەكرێنەوە بۆ گوندی كانی بەردینەی نزیك سلێمانی كە ئۆفیسێكی بافڵ تاڵەبانی لێیە و پێیان ڕادەگەیەنرێت كە كۆبوونەوە هەیە لەسەر هەڵبژاردن، هەمان رۆژ قوباد تاڵەبانی لە هەولێرەوە دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی بۆ شەوی هەشتی تەموز پەیوەندی بە كوڕانی كۆسرەت ڕەسوڵ و شێخ جەعفەرەوە دەكرێت، بەنهێنی لە گۆڕانكارییەكان ئاگادار دەكرێنەوە.
بەگوێرەی زانیاریەكان قوباد تاڵەبانی گرەنتی ئەمەریكیەكان بۆ گۆڕانكاریەكان وەردەگرێت و بەدرێژایی شەوی هەشتی تەموز هێزەكانی كۆماندۆ بەكاروانی بچوك بچوك، بەڕێگای عەربەت- دووكانیان دەگەنە نزیك قەڵاچوالان و ڕێگای تونێلی ئەزمەڕ بەكار ناهێنن.
بۆ دەمەو بەیانی هەشتی تەموز بافڵ تاڵەبانی دەڕواتە گوندی تەگەران نزیك قەڵاچوالان، لەناو بارەگایەكی سەر بە یەكەی تۆپخانەی پێشمەرگەوە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنێك دەكات كە دەستگیركردنی محەمەد تحسین تاڵەبانی سەرۆكی دەزگای زانیاریی و ڕەنج شێخ عەلی و كۆنترۆڵكردنی نوسینگەی سلێمانی و گەرمیانی دەزگای زانیاریی دەبێت.
هەر سەر لەبەیانییەكەش خەسرەو گوڵ محەمەد بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایش بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی بەڕێوەبەرەكانی ئاسایشی شارەكان ئاگاداردەكاتەوە بێ فەرمانی ئەو هیچ جوڵەیەك نەكەن و هێزەكانی كۆماندۆ و سكرتاریەت و بەشێكی دژە تیرۆر كۆنترۆڵی ڕێگاكانی نێوان سلێمانی و قەڵاچوالان دەكەن و پێشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژی هەشتی تەمووز شێخ جەعفەر دەگاتە فەرماندەیی گشتی پێشمەرگە لە سلێمانی و كاتێ لاهور شێخ جەنگی ئاگادار دەكرێتەوە بافڵ تاڵەبانی سەرقاڵی دانانی هەردوو سەرۆكە نوێیەكەی زانیاریی و دژە تیرۆرە.
سەرەتا ئەژی ئەمین وەك سەرۆكی دەزگای زانیاریی و دواتر وەهاب هەڵەبجەیی وەك فەرماندەی دژە تیرۆر دادەنێت، لاهور شێخ جەنگی لەماڵی خۆی دەبێت لە تەنیشت هۆتێل لالەزارو سەرەتا لە ڕێگای نوسینگەی سلێمانی دەزگای زانیاریی و كەس و كاری ڕەنج شێخ عەلی خوشكەزایەوە هەواڵی پێدەگات كە لەگەڵ محەمەد تاڵەبانی دەستگیركراون.
پۆڵاد شێخ جەنگی بێ ئاگا دەبێت لە ڕووداوەكان تا ئاگادار دەكرێتەوەو پەیوەندی بە فەرماندەكانی دژە تیرۆرەوە دەكات، بەڵام فەرماندەكانی دژە تیرۆر وەڵامی پەیوەندیەكانی نادەنەوە.
لاهور شێخ جەنگیش كاتێك دێتە سەر هێڵ پەیوەندی بە جەلال شێخ ناجی و بەشێك لە مەكتەبی سیاسیەوە دەكات ئەوانیش دەڵێن ئاگادار نین.
كۆنترۆڵی میدیای یەكێتی
نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ قوباد تاڵەبانی ڕاگەیاندنەكانی یەكێتی ئاگادار دەكاتەوە بایكۆتی هەر بەیاننامەیەك و بڵاوكراوەیەكی لاهور شێخ جەنگی بكەن، لاهور شێخ جەنگی توشی شۆك دەبێت كاتێك دەبینێت بافڵ تاڵەبانی بە هەموو ئاستەكان و بەوشێوەیە كاری كردووەو ئەویش بێ ئاگا بووە.
دواتر پۆڵاد شێخ جەنگی پەیوەندی بە بافڵ تاڵەبانیەوە دەكات، بەڵام بافڵ تاڵەبانی وەڵامی ناداتەوە، بەڵكو بەرپرسی پاسەوانەكانی بافڵ تاڵەبانی وەڵامی دەداتەوە و پێی دەڵێت بافڵ تاڵەبانی كۆبونەوەی هەیە و ناتوانێ قسەت لەگەڵ بكات.
پاشان ئاراز شێخ جەنگی نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ دێتە سەر خەت و قوباد تاڵەبانی پێی دەڵێت بە فەرمانی هەرێمی و بە شێوەیەكی یاسایی بەرپرسی دوو دەزگامان گۆڕیوە و ڕەوشەكە ئاساییە، هەر هەمان ڕۆژ بەفەرمانی بافڵ تاڵەبانی سەرجەم هێزە ئەمنیەكانی یەكێتی دەخرێنە ئینزارەوە.
قوباد تاڵەبانی فەرماندەی پۆلیسی بەرگری و فریاكەوتن و هێزی پشتیوانی دوو و پۆلیسی نەوت وگاز و ئامر لیواكان ئاگاداردەكاتەوە تەنها فەرمان لە خۆیەوە وەردەگرن، ئەمەش لەترسی كاردانەوەی لاهور شێخ جەنگی، دوای نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ براكانی لاهور شێخ جەنگی و بەشێك لە ئەندام سەركردایەتییە نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی لە لالەزار كۆدەبنەوە و بازنەیەكی چەكداری و ئەمنی بەدەوری لاهور شێخ جەنگیدا دروست دەكەن و گومانیان هەیە گۆڕانكاریەكانی بافڵ تاڵەبانی لەو ئاستەدا بوەستێت.
لە هەشتی تەموزەوە سلێمانی بە دۆخێكی نائارامدا تێدەپەڕێت
لە ڕۆژی هەشتی تەموزەوە سلێمانی بارودۆخێكی ئەمنی نائارام بەڕێدەكات تا بەرەبەیانی ڕۆژی یەكشەممە 11ی تەمووز، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ خەسرەو گوڵ محەمەد لەدەباشان كۆبونەوەیەك سازدەكەن و بەئامادە بوونی ئەژی ئەمین بەرپرسی نوێی دەزگای زانیاری و وەزیری پێشمەرگەو بریكاری وەزیری ناوخۆ وبەڕێوەبەری ئاسایش و پۆلیس و لیوای پاراستنی سلێمانی.
بەوتەی كەسە نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی ئەوان غافڵگیر كراون و چاوەڕوانی ڕووداوی وایان نەكردووە، بۆیە ئاراس شێخ جەنگی بەلاهور شێخ جەنگی ڕادەگەیەنێت بارودۆخیان ئەوە ناخوازێت هیچ جوڵەیەكی سەربازی بكەن.
یەكەم كاردانەوەی ڕاستەوخۆی لاهور دەربارەی ڕووداوەكان دەكەوێتە 12ی تەموزەوە و لەپەیامێكدا لە فەیسبوكی خۆیەوە، وتی "یەكێتی نە بەكارەساتی هەكاری و نە بەخەنجەری ژەهراوی ئاڵای شۆرش و نە بەخیانەتی 31 ئاب و نە بە پیلانگێڕییەكەی ریفراندۆم و دواجاریش بە گەلەكۆمەكی نێوخۆیی و ئیقلیمی و عوسمانی و چەند رۆژی رابردوو نەرووخا".
دوای ئەو رووداوە ئەمنیی و سەربازییانە، لەناو حزبیش دەركردنی لاهور شێخ جەنگیی و كەسە نزیكەكانی لەلایەن بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانییەوە دەستیپێكرد، بە پلینیۆمێك و كۆنگرەیەك كۆتایی بە رۆڵی نزیكەكانی هێندرا و سیستمی هاوسەرۆكایەتیش لەنێو یەكێتیدا هەڵوەشێندرایەوە.