ئاڵای فەلەستین و ئیسرائیل
سبەی
دوای دوو ساڵ لە رووداوەكانی حەوتی ئۆكتۆبەری 2023 لەلایەن حەماسەوە، وڵاتانی رۆژئاوا یەك لە دوای یەك فەڵەستین وەك دەوڵەت دەناسێنن. هەر ئەمڕۆ یەكشەممە (21ـی ئەیلوولی 2025)، بەریتانیا، كەنەدا و ئوسترالیا بە فەرمی فەڵەستینییان وەك دەوڵەت ناساند.
سەبارەت بە ناساندنی فەڵەستین وەك دەوڵەت، كییەر ستارمەر، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە.
ستارمەر لە پەیامەكەیدا بانگەشەی ئەوە دەكات، لە پێناو ئاشتی بۆ هەردوو لایەنی ئیسرائیلی و فەڵەستینی، چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ پرسی فەڵەستین راگەیاند.
لە پەیامەكەیدا سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، حەماسی وەك گروپێكی تیرۆرسیتی ناوبرد و رایگەیاند، ناساندنی فەڵەستین وەك دەوڵەت "دیاری نییە بۆ حەماس" و داوای كرد لە داهاتوودا حەماس هیچ رۆڵێكی نەبێت لە حكومەتی فەڵەستیندا، هەروەها رایگەیاند، لە هەفتەكانی داهاتوودا، ژمارەیەك سزا بەسەر سەركردەكانی حەماسدا دەسەپێنێت.
لە راگەیەندراوی كەنەداش دا هاتووە، كەنەدا فەڵەستین وەك دەوڵەت دەناسێنێت و دەستی یارمەتی بۆ دروستكردنی ئاشتی لە نێوان هەردوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل درێژدەكەین.
ئوسترالیاش یەكێكی دیكەیە لەو وڵاتانەی فەڵەستین وەك دەوڵەت ناساند.
لە راگەیەندراوی حكومەتی ئوسترالیاشدا هاتووە، بە ناساندنی فەڵەستین وەك دەوڵەت، داننانە بە خواستە رەواكانی خەڵكی فەلەستین بۆ دەوڵەتێكی تایبەت بە خۆیان.
سەبارە بە داهاتووی دەوڵەتی فەڵەستین، بەپێی راگەیەندراوەكەی ئوسترالیا، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوا لە دەسەڵاتی فەڵەستینی دەكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی دیموكراسیانە و جێبەجێكردنی چاكسازی. هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، “نابێت حەماس هیچ داهاتوویەكی لە فەلەستیندا هەبێت.”
كاردانەوەی ئیسرائیل
كاردانەوەی ئیسرائیل بۆ ناساندنی فەڵەستین وەك دەوڵەت لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواوە، بەرپرسانی حكومەتی ئیسرائیل بە توندی رەتی دەكەنەوە.
سەبارەت بە ناساندنی فەڵەستین وەك دەوڵەت لەلایەن بەریتانیاوە، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ناساندنی فەڵەستین وەك دەوڵەت دیارییە بۆ حەماس و سزادانی قوربانییەكانە، هەروەها دەڵێت: "ئەمڕۆ دەوڵەتێكی جیهادی لە نزیك سنورەكانی ئیسرائیل، سبەینێ مەترسییە بۆ سەر بەریتانیا."
لای خۆشییەوە لە وەڵامی ناساندنی ئیسرائیل وەك دەوڵەت لەلایەن ئەو سێ دەوڵەتەوە، ئیتامار بن گڤیر، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل رایگەیاند: "دیارییە بۆ بكوژەكان،" داوا دەكات "لە وەڵامدا هەموو كەناری رۆژئاوا بخرێتە سەر ئیسرائیل و بە تەواوەتی دەسەڵاتی فەڵەستینی لە كەناری رۆژئاوا لەناو ببرێت."
نەتەنیاهۆ بە كابینەی حكومەتەكەی راگەیاندووە، "پێویست ناكات، شەڕ لەگەڵ نەتەوەیەكگرتووەكان و وڵاتانی دیكە بكەین، هەروەها پێویست ناكات دژی پڕوپاگەندەی درۆینەی ناساندنی فەڵەستین وەك دەوڵەت شەڕ بكەین چونكە بونمان دەخاتە مەترسییەوە."