ئاكسیۆس: قەتەر داوای كردووە ئیسرائیل داوای لێبوردنی لێبكات

#قەتەر#ئیسرائیل#ئەمەریکا#دەوحە
4 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • ئاكسیۆس: لەسەر هێرشەكەی سەر دەوحە، قەتەر داوای كردووە پێش دەسپێكردنەوەی دانوستانەكانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، ئیسرائیل داوای لێبوردنی لێبكات
Primary Asset

میری قەتەر و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

سبەی

هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر، وڵاتەكەی توڕە كردووە و بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی نێوان ئیسرائیل و حەماس داوای كردووە ئیسرائیل داوای لێبوردن بكات.

بەپێی راپۆرتێكی پێگەی ئاكسیۆسی ئەمەریكی، لەسەر هێرشەكەی سەر دەوحە، قەتەر داوای كردووە  پێش دەسپێكردنەوەی دانوستانەكانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، ئیسرائیل داوای لێبوردنی لێبكات.

دوای هێرشەكەی 9ـی ئەیلول، قەتەر لە نێوەندگیری دانوستانەكانی نێوان ئیسرائیل و حەماس كشاوەتەوە، ئەوەش لە كاتێكدایە، ئیدارەی ئەمەریكا باوەڕیان وایە بەبێ قەتەر گفتوگۆكردن بۆ ئاگربەست و ئازادكردنی بارمتەكان سەخت دەبێت.

وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە، بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیل بە ئاكسیۆسی راگەیاندووە، ئیسرائیل خوێندنەوەی هەڵەی بۆ دەرئەنجامەكانی هێرشكردنە سەر قەتەر كردووە، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل خوێندنەوە هەڵەكەی خۆی بۆ دەركەوتووە.

هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكاشی نیگەران كردووە، بۆ رێگەگرتن لە پەرەسەندنی زیاتر، ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، گەیشتە ئیسرائیل و قەتەر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات كۆبووەوە.

بەپێی راپۆرتەكەی ئاكسیۆس بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار لە بابەتەكە، تەمیم بن حەمەد ئالسانی، میری قەتەر، داوای لە ماركۆ روبیۆ كردووە ئیسرائیل دەبێت داوای لێبوردن لە قەتەر بكات.

بەپێی راپۆرتەكەی ئاكسیۆس داوای لێبوردن كردن لەلایەن نەتەنیاهۆ و كابینە راستڕەوەكەیەوە مەترسییەكی سیاسی گەورەیە، چونكە دوای داوای لێبوردنەكە وەك گۆڕانكاریی لە هەڵوێستی كابینە راستڕەوەكە لێكدەدرێتەوە، ئەوەش ئەو هەڵوێستەیە نەتەنیاهۆ و كابینەكەی نایانەوێت وەریبگرن.

هەرچەندە ئیسرائیل پێشتر ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەكتەبی سیاسی حەماسی لە تاران بەئامانج گرت و كوشتی، بەڵام ئەو هێرشە جیاوازە لە ‌هێرشەكەی دوێنێ سێشەممە (9ـی ئەیلوولی 2025)، چونكە ئێران بە ئاشكرا دژایەتی خۆی بۆ ئیسرائیل دەربڕیوە، بەڵام سەرەڕای هەبوون و ئامادەیی سوپای ئەمەریكا لە وڵاتەكە و پەیوەندییە ئابووری و دیپلۆماسییەكانی دەوحە و واشنتن، نەبووەتە رێگر لە بەردەم فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل و نزیكەی هەزار و 800 كیلومەتریان تەیكرد بۆ بە ئامانجگرتنی سەكردەكانی حەماس لە دڵی دەوحە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی