بیڵ گەیتس بۆ بەردەوام زەویی کشتوکاڵی دەکڕێت؟

#
یەک ساڵ لەمەوپێش
ڕاماڵ خونچە
Primary Asset

بیڵ گەیتس تەنها لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە یەک ملیۆن دێکار زەوی هەیە، کۆمپانیاکانی سەر بە گەیتسیش لە وڵاتانی دیکە زۆر زیاتر لەوە خاوەن زەویی کشتوکاڵین. باشە وەبەرهێنەر، پڕۆگرامساز، خاوەنکار و نووسەرێکی وەک بیڵ گەیتس کە لەلایەن گۆڤاری فۆربس'ەوە ناوی خراوەتە لیستی "خاوەنکارە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان" بۆچی هێندە تامەزرۆی کڕینی زەویی کشتوکاڵییە؟

بیڵ گەیتس کە سامانەکەی بە  ١٥٥ ملیار دەخەمڵێندرێت، بە مەبەستی زیاتر خۆتەرخانکردن بۆ کاری خێرخوازی لە ٢٠١٠ دەستی لە سەرۆکایەتیی مایکرۆسۆفت کێشایەوە، بەڵام پێناچێت ئەم دەستلەکارکێشانەوەی بیڵ گەیتس بۆ کاری خێرخوازی بێت، چونکە ناوبراو کە زۆر سەرنج دەخاتە سەر کارەساتی سروشتی، لە ڕێگای کڕینی زەویی کشتوکاڵییەوە بە نیازە شتی نوێ تاقی بکاتەوە. Land Report لە ژمارەی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ بڵاوی کردەوە کە بیڵ گەیتس و هاوسەرەکەی خاوەنی لە سەدا ٣٠ زەوییە کشتوکاڵەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکان.  دواتر NBC News نەخشەی ئەو زەوییانەی لە ئەمریکا بڵاو کردەوە کە گەیتس خاوەنیەتی و ئاماژەی بەوە دا لە کۆی ٢٦٨ هەزار و ٩٨٤ دۆنم زەویی گەیتس، ٢٤٢ هەزار دۆنمی زەویی کشتوکاڵییە. کاتێک ئەو زەوییانەیش هەژمار بکرێن کە موڵکی ئەو کۆمپانیایانەن ناڕاستەوخۆ سەر بە ئەون، ئەوا دەردەکەوێت گەیتس خاوەنی زەویی زیاترە. لە ٢٠٢١ بڵاو کرایەوە گەیتس ٩٧٩ هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی هەیە و ئاماژە بەوە نەدراوە کە هێشتا نەزاندراوە ئامانج لە وەبەرهێنان لەم زەوییانە بۆ چ مەبەستێکە.

لە ڕاستیدا وەڵامی ئەو پرسیارە لەوەدا دەبیندرێتەوە کە دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-١٩) بە مەبەستی سەرلەنوێ بوژاندنەوەی ئابووریی "سەرلەونوێ سفر کردەوە" ڕاگەیەندرا. بەم جۆرە خاوەنکارەکان بە قۆزتنەوەی ئەو دەرفەتە و کەڵک وەرگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کە زیاتر لە ساڵێک جیهانی بە خۆیەوە گیرۆدە کرد، لە ژێر ناوی جیهانێکی سەوزتر و دادپەروانەتر بەرگێکی نوێیان بە بەر کارە بازرگانییەکانیاندا کرد. "سەرلەونوێ سفر کردەوە" بە جۆرێک باسی لێوە ناکرێت کە تەنها بۆ وەبەرهێنانە و لەگەڵ ئەوەدا بە جۆرێک دەخرێتە ڕوو کە سەرلەنوێ ژیان دیزاین دەکرێتەوە و دونیا سەوزتر دەکرێت. بەو واتایەی کە ئیدی مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ کشتوکاڵ و لەو ڕێگایەوە بژێوی ژیانی خۆی دابین دەکات. بەڵام ئەو جۆرە کشتوکاڵە بە شێوە سەرەتایییەکانی وەک بەکارهێنانی هێزی کاری زۆر، ئامراز و ئامێری سەرەتایی و گا و گاجووت ئەنجام نادرێت، بەڵکوو لە ڕێگای تەکنەلۆژیای پێشکەوتووەوە ئەنجام دەدرێت. 

کاتی خۆی بە زەبری چەک خاکی خەڵکی ڕەسەن و خۆجێی داگیر دەکرا، لەنێو ئەو سیستەمە نوێیەی جیهاندا بە هێزی پارە ئەم کارە ئەنجام دەدرێت. بەڵام جیاوازییەکەی لەوەدایە جاران کەسەکە تەنها دەبوو بە خاوەنی زەوییەکە، لەنێو ئەو سیستەمە نوێیەدا هەر لە خاک، تۆ و ئامرازەکانی چاندن و ڕەنێوهێنانی کشتوکاڵەوە بگرە تاکوو دەگاتە بەروبوومی ڕەنێوهێندراو و خستنەبازاڕییەوە دەبێت بە هیی کابرای پارەدار. 

خاوەنکار بۆ ئەوەی کشتوکاڵ لەسەر ملیاران دۆنم زەویی کشتوکاڵیدا بکات و ئاستی ڕەنێوهێنان لە هەر دۆنمێکدا هێندەی یەکتر بێت، پێویستی بە تۆوی بۆماوە گۆڕدراوە. تاکوو ئێستا ژمارەیەک توێژینەوەی گرنگ ئەنجام دراون لەسەر زیانەکانی تۆوی بۆماوە گۆڕدراو بۆ سەر زەویی کشتوکاڵی، ژینگە و تەندروستیی مرۆڤ. بەم جۆرە لە ڕێگای بە پیشەسازیکردنی کشتوکاڵەوە زەوییەکان دەبن بە بیابانێکی سەوز و خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکانیش لەسەر خاک و زەویی خۆیان دەردەکرێن یان وەک کرێکار بەردەوامی دەدەن بە ژیان. لە کاتێکدا پەیوەندییەکی قوڵی ڕۆحانی لەنێوان مرۆڤ و خاکدا هەیە و خاک بە واتای هێز و دەوڵەمەندی دێت. 

لە میانی بەشداریکردن لە دانیشتنی Ask Me Anything  "چیت دەوێت لێم بپرسە"، کاتێک پرسیاری لێ دەکرێت: "بۆچی خاوەنی ئەو هەموو زەوییە کشتوکاڵییەی؟"، گەیتس دەڵێت: "من خاوەن کەمتر لە یەک لە چوار هەزار زەوییە کشتوکاڵییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکام. بۆ ئەوەی ئەو کێڵگانە پڕبەرهەمتر بن و هەلی کاری زیاتر بڕەخسێنم وەبەرهێنانم لەو کەرتەدا کردووە، پلانێکی گەورە لەئارادا نییە. لە ڕاستیدا تەواوی ئەو بڕیارانە لەلایەن تیمێکی پیشەیی وەبەرهێنانەوە دەدرێت". بەڵام لە ڕاستیدا گەیتس بەو وەڵامە ناتوانێت خۆی لەو ڕاستییە ببوێرێت کە جگە لە ئەمریکا لە چەندین وڵاتی دیکە زەویی کشتوکاڵی کڕیووە کە بە فەرمی بە ناوی ئەوەوە نین و ئەو کۆمپانیایانەی بە ناڕاستەوخۆ هیی ئەون بەردەوامن لە کڕینی زەویی کشتوکاڵی لە سەرتاسەری جیهان. 

گەیتس ئامانجی لە وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵیدا هەر بۆ ڕەهەندە ئابوورییەکەی ناگەڕێتەوە، بەڵکوو لەو ڕێگایەوە دەیەوێت کار لەسەر کتێبەکەی بکات کە بە ناوی How to Avoid A Climate Disaster "چۆن ڕێگە لە کارەساتی کەشوهەوا دەگیرێت؟"  نووسیوویەتی. لە کتێبەکەیدا ئاماژە بەوە دەدا کە خواردنی چیزبێرگەر دەبێتە هۆی دەردانی گازە گەرمکەرەکان و تێکەڵبوونیان لەگەڵ هەوا. لە ڕاستیدا ئامانجی گەیتس لەوەدا ڕاکێشانی سەرنجی دانیشتووانی وڵاتە دەوڵەمەندەکانە کە خواردنی گۆشت لەو وڵاتانە لە بەرزترین ئاستدایە. ئاماژە بەوە دەدا لە کاتی لەت لەتکردن و بڕینی گۆشتدا کاربۆن تێکەڵی هەوا دەبێت و ئەمەیش ڕاگرتنی هاوسەنگیی کەشوهەوا سەخت دەکات. لە کاتێکدا شێوازی ڕەنێوهێنانی کشتوکاڵ لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەودا بە تەواوی پیشەسازین، بەڵام وەک ئەوەی هیچ کێشەیەک لەوەدا نەبێت گەیتس هەوڵ دەدات سیستەمێکی ژینگەیی دابنێت کە ئاژەڵی لەنێودا نەبێت. ئەو ملیاران دۆلارەی بۆ بەرهەمهێنانی گۆشتی دەستکرد خەرجی دەکات، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە. هەرچەند پاساو بۆ بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە گۆشتە پاراستنی کەشوهەوایش بێت لەو زیانانەی ئاژەڵان پێی دەگەیەنن، بەڵام ئامانجی دیکەی لە پشتەوەیە. گۆشتی دەستکرد لە تاقیگەکان لە ڕێگای گەورەکردنی ڕەگی خانەی ئاژەڵان و لەنێو شلەمەنییەکی بە بەهای خۆراکی دەوڵەمەندا بەرهەم دەهێندرێت. ئەمەیش بە بەراورد بە ئاژەڵداریی نەریتی خاک، خۆراک، ئاو و دژەزیندەی کەمتری دەوێت. هەروەها بەخێوکردنی ئاژەڵ و کوشتنەوەیشیان ناهێڵێت. بەڵام لە ڕێگای ژمارەیەک توێژینەوەوە سەلمێندراوە کە گۆشتی دەستکرد زیانێکی زۆر بە زیندەناسی و ئابووری و تەندروستی دەگەیەنێت و ئەنجامدانی توێژینەوەیش لەمبارەیەوە بەردەوامن. توێژینەوەیەک دەری خستووە ئەگەر بەم جۆرەی ئێستا گۆشتی دەستکرد بەرهەم بهێندرێت و تەشەنە بستێنێت چوار بۆ ٢٥ هێندەی پیشەسازیی گۆشت لە جیهان دەبێتە هۆی دەردانی گازە گەرمکەرەکان و تێکەڵبوونیان لەگەڵ هەوا. 

لە ڕاستیدا کاتێک مرۆڤ باش لێی ورد دەبێتەوە لەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ملیاردێران بە ناوی پاراستنی کەشوهەوا و ژینگەوە سەرقاڵی چ جۆرە وەبەرهێنانێکن، دەبینێت لە ڕاستیدا سیستەمی سەرمایەداری سەرقاڵی فڕێدانی کاژێکی خۆیەتی و ڕەنگی دەگۆڕێت بۆ سەوز هاوشێوەی ئەو ڕەنگە سەوزەی لە دۆلاردا هەیە. بەم جۆرە ڕەنگی قاوەیی سەرچاوەکانی وەک نەوت و خەڵووز جێگای خۆی بۆ تەکنەلۆژیای سەوز چۆڵ دەکات کە دەگوترێت ژینگەدۆستە. 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی