حەوت مانگە فەتحوڵڵا گولەن مردووە و هێشتا لە تورکیا زیندووە

#فەتحوڵڵا گولەن#تورکیا
10 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 8 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • هەرچەند فەتحوڵڵا گولەن، سەرۆکی بزاڤی خزمەت کە تورکیا بەوە تۆمەتباری دەکات ئەو لە پشت ئەو هەوڵە بوو بۆ ئەنجامدانی کودەتا لە 2016 درا، لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024ەوە مردووە، کەچی هێستا لە تۆمارە فەرمییەکانی تورکیادا نەمرێندراوە.
Primary Asset

سبەی

هەرچەند فەتحوڵڵا گولەن، سەرۆکی بزاڤی خزمەت کە تورکیا بەوە تۆمەتباری دەکات کە ئەو لە پشت ئەو هەوڵە بوو بۆ ئەنجامدانی کودەتا لە 2016 درا، لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024ەوە مردووە، کەچی هێشتا لە تۆمارە فەرمییەکانی تورکیادا زیندووە.

ڕۆژنامەی یەنی شەفەق'ی سەر بە ئاک پارتی دەسەڵاتداری تورکیا بڵاوی کردووەتەوە هەرچەندە گولەن حەوت مانگە مردووە، کەچی لە تۆمارە فەرمییەکانی تورکیا هێشتا نەمرێندراوە.

بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی تورکیا دوای مردنی هەر هاوڵاتییەکی تورکیا لە دەرەوە، دەبێت کەسوکاری نوسراوی فەرمی (وەفاتنامە)ی دامەزراوەی خۆجێیی بدەن بە نوێنەرایەتی دەرەوەی تورکیا، بەڵام تاکوو ئێستا کەسوکار و نزیکەکانی گولەن بەم کارە هەڵنەستاون.

بۆیە وێڕای تێپەڕینی زیاتر لە نیو ساڵ بەسەر مردنیدا، هێشتا لە تۆمارە فەرمییەکانی تورکیادا فەتحوڵڵا گولەن دەژی.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ناسنامە و باری کەسێتیی تورکیا لەو کاتەدا ئامادەیە زانیارییە کەسییەکان نوێ بکاتەوە، کە نوسراوی فەرمیی دامەزراوەی پەیوەندیدار بە کۆنسوڵخانەکان بگات. بەڵام تاکوو ئێستا هیچ نوسراوێکی فەرمی لەبارەی گولەنەوە پێشکەشی نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی ئەمەریکا نەکراوە.

مردنی فەتحوڵڵا گولەن

ماڵپەڕی هەرکول کە میدیای سەر بە کۆمەڵەکەی فەتحوڵڵا گولەن'ە، حەوت مانگ لەمەوبەر مردنی گولەن'ی ڕاگەیاند. 

لە دوای هەوڵی کودەتاکەی 15ی تەموزی 2016، تورکیا داوای لە ئەمەریکا دەکرد فەتحوڵڵا گولەن'ی ڕادەست بکاتەوە. 

لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە درابوو گولەن لە تەمەنی 83 ساڵیدا لەو نەخۆشخانەی بۆی گوازرابۆوە گیانی لەدەستداوە.

هەواڵی مردنی گولەن لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتیی ماڵپەڕی هەرکول بڵاوکرایەوە و ئاماژە بەوە درا 20ی ئۆکتۆبەر ناوبراو مردووە.

لای خۆشیەوە برازای فەتحوڵڵا گولەن، ئەبوسەلەمە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و زۆرێک لەوانەیش کە بەوە ناسراون لە گولەنەوە نزیکن هەواڵەکەیان شێر کرد.

لە دۆستەوە بۆ بوون بە دوژمن 

دوای ئەوەی ناکۆکی کەوتە نێوان کۆمەڵەکەی فەتحوڵڵا گولەن و ئاک پارتی کە بە پشتیوانی گولەنییەکان هاتبووە سەر حوکم و بڵاوکردنەوەی دۆسیەی گەندەڵی لەسەر ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئاک پارتی، ئاک پارتی دەستی کرد بە پاککردنەوەی جومگە هەستیارەکانی حکومەت لە گولەنییەکان.

دوای هەوڵی کودەتاکەی 15ی تەموزی 2016یش تورکیا دۆسیەیەکی بە ناوی "سەردەستەی ڕێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی" لەسەر فەتحوڵڵا گولەن کردەوە و داوای لە ئەمەریکا کرد ڕادەستی بکاتەوە بە پاساوی ئەوەی گولەنییەکان هەوڵیان داوە کودەتاکە ئەنجام بدەن و لە لایەن فەتحوڵڵا گولەنەوە پیلان بۆ ئەنجامدانی کودەتاکە داڕێژراوە. 

فەتحوڵڵا گولەن کێیە؟

ناوی تەواوی محەمەد فەتحوڵڵا گولەن'ە و لە 27ی نیسانی 1941 لە گوندی کۆروجوک لە قەزای پاسینەر لە پارێزگای ئەرزیڕۆم لە باکوری کوردستان لەدایک بووە. 

وەک بانگخواز، نوسەر و پێشنوێژ ناسراوە و لە دوای کودەتا سپییەکەی 28ی شوباتی 1998، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئەنقەرە ڕاپۆرتێکی لەبارەی گولەنەوە ئامادە کرد و ئاماژەی بەوە دا گولەن سەرۆکی ڕێکخراوێکە و ئەندامانی ڕێکخراوەکە هەوڵ دەدەن دزە بکەنە ناو یەکە ئەمنییەکانی تورکیا.

سێ ڕۆژ دوای بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکە گولەن لە 21ی ئاداری 1999 بە پاساوی ئەوەی بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری ڕوو لە ئەمەریکا دەکات، بە یەکجاری تورکیای جێ هێشت و لە پەنسیلڤانیا مایەوە.

لە کاتێکدا ئەوانەی کاریگەرن بە گولەن باس لەوە دەکەن ئامانجی گولەن هاندان بووە بۆ دیدگایەکی ئیسلامی کە لە ڕێگەیەوە خزمەت بە زانست، پەروەردە و دیالۆگی نێوان ئایینەکان بکرێت، کەسانێکی دیکە وای بۆ دەچن ئامانجی گولەن دزەکردنە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت بووبێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆماری تورکیا و دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیکتاتۆری ئایینی. 

گولەن لە لیستی سوری داواکراوانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیادایە و تۆمەتبارە بەوەی سەرۆکی "ڕێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵاچی" و پێکهاتەی دەوڵەتی هاوتەریب بووە.

بانگەشەی ئەوە دەکرێت لە 15ی تەموزی 2016 گولەن فەرمانی بە ئەندامانی ڕێکخراوەکەی کردووە کە لە ڕیزی سوپادان، کودەتا بکەن و دوو ڕۆژ دوای ئەو ڕێککەوتە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا داوای لە ئەمەریکا کرد گولەن ڕادەستی تورکیا بکەنەوە. 

وەزارەتی دادی تورکیا بە تۆمەتی ئەنجامدانی 17 تاوانی جیاواز، حەوت جار داوای لە ئەمەریکا کرد گولەنی ڕادەست بکەنەوە. 

گولەن بەر لە هاتنە سەر کاری ئاک پارتییش لە زۆربەی زۆری پارتە سیاسییەکانی تورکیا نزیک بوو و توانیبووی لە ڕێگای ئەندامەکانیەوە دزە بکاتە ناو ناوەندی بڕیاری ئەو پارتانە.

ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکوانانی کورد ئاماژە بەوە دەدەن سەرەڕای بوونی ناکۆکییەکانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا لەم چەند ساڵەی دواییدا، سیاسەتی گولەن هەمیشە بەرامبەر بە دۆزی کورد لە تورکیا و باکوری کوردستان هەمان ئەو سیاسەتەی دەوڵەت بووە کە لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن و سڕینەوەی کورد بونیاد نراوە. 

دیدگای گولەن هاوشێوەی دەوڵەت لەسەر بنەمای تورکێتی و سونیگەرایی بونیاد نراوە و هەوڵی تواندنەوەی تەواوی ئەو کەسانەی داوە کە تورک و سوننە نەبوون و لەو تۆڕەوە گلاون کە گولەن و کۆمەڵەکەی دروستیانکردبوو. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی