رۆژى 16ى ئازارى ساڵى رابردوو کادیرێکى کۆمەڵە بەناوى شوعەیب زارعی لە زڕگوێز کوژرا
سبەى
دواى زیاتر لە ساڵێک لە کوژرانى کادیرێکى کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سنورى زڕگوێز لە سلێمانى، دادگاى سلێمانى کەیسەکەى یەکلاکردەوە و سزاى لەسێدارەدانى بۆ بکوژەکە دەرکرد، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى کۆمەڵە.
رۆژى 16ى ئازارى ساڵى رابردوو، کادیرێکى کۆمەڵە بەناوى شوعەیب زارعی لە زڕگوێز کوژرا و کۆمەڵە کەسێکى تۆمەتبارکرد کە وەک "بەکرێگیراوی ئێران" ناویبرد و ناوەکەى بڵاوکردەوە، هەمان رۆژى رووداوەکە ئەو کەسە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانییەوە دەستگیرکرا.
دوای سێ دانیشتنی دادگا و بەدواداچوونی بەردەوامی کۆمەڵە، سەرئەنجام ڕۆژی یەکشەممەى رابردوو، دادگای تاوانەکانی سلێمانی کەیسەکەى یەکلاکردەوە و و سزای لەسێدارەدانی بۆ تۆمەتبارەکە دەرکرد، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى کۆمەڵە کە دەست سبەى کەوتووە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، "ئەم حوکمەی دادگای سلێمانی، بەڵگەنامەیەکی گرنگە لە سەلماندنی تێوەگلانی ڕاستەوخۆی ئێران و دەستوپێوەندەکانی، لە تیرۆری چالاکانی سیاسی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانە".
کۆمەڵە دەڵێت، بڕیارەکەى دادگاى سلێمانى، "وەک پەیامێک دەبینین بۆ هەموو بەکرێگیراوانی ئێران بۆ ئەوەی پاشگەز بنەوە لەهاوکاری کردنی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی و هۆشداری دەدەین کە هەر بێدەنگی و بێهەڵوێستییەک لەبەرامبەر ئەم جۆرە کارانەدا، زەمینە بۆ دووبارەبوونەوەی تاوانە هاوشێوەکان خۆش دەکات".
"ئەمە یەکەم تاوانی لەو شێوەیە نییە و نابێت، مەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان هەڵوێستێکی پتەو و بەرپرسیارانە و ڕوون لە دژی ئەم سیاسەتە نةگریسەی کۆماری ئیسلامی ئێران نیشان بدەن".