سبەی
لە کاتێکدا پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری داوە، میدیایەکی نزیک لە حکومەتی تورکیا لە زاری چەند سەرچاوەیەکی سەربازییەوە باس لەوە دەکات کە گوایە تورکیا هۆشداری توندی داوەتە ئیسرائیل و ئێران و دەڵێت "بەکارهێنانی کورد بۆ شەڕی بە وەکالەت و هێنانیان بۆ سنورەکانمان وەک هۆکاری جەنگ لەقەڵەم دەدەین".
NTV لە زاری چەند سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاوی کردووەتەوە چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی چوار مانگدا پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە کۆتایی بێت و دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت)یش لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەکە دەکات.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەداوە، دەوڵەتی تورکیا بە هیچ جۆرێک پابەند نییە بە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کە بە نەرێنی باسی لە ڕێککەوتننامەی لۆزان کردبوو.
ئەم سەرچاوانە باسیان لەوە کردەوە تورکیا هۆشداری داوەتە ئیسرائیل و ئێران تا بە هەڵوێستەکانیان زیان بە ئامانجی تورکیایەکی "بێ تیرۆر" نەگەیەنن و بانگەشەی ئەوەشیان کردووە کە هەرچەند ئیسرائیل دەیەوێت کورد لە ناوچەکە بۆ شەڕی بە وەکالەت بەکار بهێنێت، بەڵام تورکیا پێداگیرە لە ڕێگەگرتن لەوە و دەڵێن: "پێمان ڕاگەیاندوون ئەگەر ئەوان کورد وەک هێزی بە وەکالەت بەکار بهێنن و بیانهێننە سنورەکانمان، ئەمە وەک هۆکاری جەنگ لە قەڵەم دەدەین".
پێشتریش ژمارەیەک میدیای تورکیا بانگەشەی ئەوەیان کردبوو کە گوایە بۆیە پەکەکە کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە نابەستێت، چونکە ئیسرائیل و ئێران هەڕەشەی ئەوەیان لێ کردووە، لە کاتی بەستنی کۆنگرەدا ئەو شوێنە بە ئامانج دەگرن کە کۆنگرەی لێ دەبەسترێت.
ئیسرائیل خەوی لە چاوی تورکیا زڕاندووە
لە دوای ئەو شکستە گەورەیەی بەرەی مقاوەمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توشی بوو، ترسێکی زۆریش تورکیای گرتووەتەوە و 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا ڕایگەیاند، ئیسرائیل دوای لوبنان چاو دەبڕێتە خاکی تورکیا و گوتی: "بە تەواوی تواناکانمانەوە دژی داگیرکارییەکانی ئیسرائیل دەوەستینەوە کە لە قۆناغی داهاتوودا دەیەوێت خاکی وڵاتەکەشمان بکاتە یەکێک لەو شوێنانەی داگیری دەکات".
چەندین جاریش دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە ئاماژەی بەوە داوە کە ئیسرائیل دەیەوێت بە پشتیوانیکردنی کورد تورکیا لاواز بکات و هۆکاری سەرەکیی دەستپێشخەرییەکەیشی لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە.
بەردەوام زۆربەی سیاسییەکان و چاودێرانی سیاسی بە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئیسرائیل پشتیوانی لە خەباتی کورد دەکات و ژمارەیەکیشیان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە ئیسرائیل دەیەوێت بە کردنەوەی ڕێڕەوێک بە خوارووی سوریادا باشور و ڕۆژئاوای کوردستان بە دەریاوە ببەستێتەوە.
کۆی ئەو پێشهاتانەیش لە کاتێکدایە، دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا لە 8ـی کانونی یەکەمی 2024 و نەمانی هەژموونی ئێران و روسیا لە سوریا، گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا زیاتر تەشەنەی سەندووە و گەورە بەرپرسانی ئیسرائیل پەیوەندییان بە بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە کردووە و پشتیوانی خۆیان بۆ کورد دەربڕیووە.
چەندین جار گەورە بەرپرسانی ئیسرائیل هۆشدارییان داوە بە تورکیا کە ڕێگە نادەن جێپێی خۆی لە سوریا بەهێز بکات و جێی ئێران بگرێتەوە.
ڕۆژنامەیJerusalem Postـی ئیسرائیلی 10 ڕۆژ لەمەوبەر ڕەخنەی لە سیاسەتی فراوانخوازی تورکیا لە ناوچەکە و بوونی سەربازی تورکیا گرتووە لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان و و ئاماژەی بەوە دا تاکە ڕێگای کاریگەر بۆ ڕاگرتنی هەژموونی تورکیا لە عێراق و سوریا و ناوچەکە، دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە بۆ کورد کە سنورەکانی بگات بە دەریای ناوەڕاست.
کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری
لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە ڕاگەیاند کە ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا زەمینەسازی دەکەن بۆ ڕێکخستنەوەی یاساکان بە جۆرێک بتوانێت لە مافی هیوا سوودمەند بێت.
ئەمەش لە کاتێکدابوو 25 ساڵ تێپەڕببوو بەسەر زیندانیکردنی ئۆجەلان و دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، مافی پێدانی هیوا بە شایستەی ژمارەیەک لەو کەسانە دەزانێت کە بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی قورسکراو حوکم دراون 25 ساڵی تەمەنیان لە زیندان بەسەر بردووە، بەم جۆرە بە شێوەیەکی مەرجدار ئازاد دەکرێن.
دواتریش چەندین جار دەولەت باخچەلی جەختی لەسەر داواکارییەکەی کردووە و ئاماژەی بەوە دا لە کاتێکدا داوای ئاشتی بۆ جیهان دەکەن، تورکیا لە هەموو شوێنێک زیاتر پێویستی بە ئاشتییە و بە پێچەوانەی سیاسەتی هەمیشەیی خۆی و پارتەکەی جەخت لە یەکڕیزی کورد و تورک دەکاتەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی 2025 بە دەم دەستپێشخەرییەکەوە هات، داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و کۆنگرە ببەستێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ڕەخساندنی زەمینەسازی بۆ ئەمە لەلایەن تورکیاوە بە پێویست زانی.
لە سەرەتای مانگی ئازاریشەوە پەکەکە وەک پابەندبوون بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام لەو کاتەوە نەک تورکیا هێرشەکانی ڕانەگرتوون بۆ سەر گەریلا، بەڵکو هەزاران هێرشی ئەنجام داوە.
تا ئەم دوایییە گەورەبەرپرسانی پەکەکە جەختیان لەوە دەکردەوە لە شەڕدا ناتوانرێت چەک دابنرێت، پرۆسەکە پێویستی بە ڕەخساندنی زەمینەسازی و نیشاندانی نیازپاکی و کۆتایی هێنانی تورکیایە بە هێرشەکانی و پێویستە خودی ئۆجەلان کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بەڕێوە ببات.
9ـی ئایاری 2025 پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو کۆنگرەی 12ـی لە 5-7ـی ئایار لە دوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە باشوری کوردستان کە خۆی بە "هەرێمی پاراستنی مەدیا" ناوی دەبات بەستووە، بەڵام بە هیچ جۆرێک باسی لەو بڕیارانە نەکرد کە لە کۆنگرەکەدا دراون.
ڕۆژی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025 پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا و وەک بە دەمەوەهاتن بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان بڕیاری دا کۆتایی بە خەباتی چەکداریی بهێنێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.