سبەى
محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق پێکهێنانى هاوپەیمانێتییەکى بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق راگەیاند.
هاوپەیمانێتییەکە کە ناوى “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانە” هەریەکە لە سودانى و فالح فەیاز، ئەیاد عەلاوى سەرۆکى هاوپەیمانى نیشتمانى، ئەحمەد ئەسەدى وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى، نوسەیف خەتابی پارێزگارى کەربەلا لە خۆدەگرێت.
هاوپەیمانێتییە نوێیەکە لە راگەیەنراوێکدا کە دەست سبەى کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، ژمارەیەک لە هێزە نیشتیمانییەکان بەشدارن لە پێکهێنانى هاوپەیمانێتییەکە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق.
ئەو هێزانەى بەشدارن لە هاوپەیمانێتییەکە پێکهاتوون لە، تەیارى فورات، هاوپەیمانى عەقدى وەتەنى، هاوپەیمانى نیشتمانى، هاوپەیمانى ئیبداعى کەربەلا، گردبوونەوەى سۆمەر، گردبوونەوەى ئەجیال، هاوپەیمانى چارەسەرى نیشتمانى.
هەروەها جەختیکردووەتەوە، بەرژەوەندى عێراق و عێراقییەکان ئامانجى یەکەمیانە، لەگەڵ بەردەوامیدان بە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانى ئابورى نیشتمانى، بنیتنانى ژێرخان و پرۆژە ستراتیژییەکان، دابینکردنى ئارامى و سەقامگیریی و پەیوەندى پتەو لەگەڵ وڵاتانى هەرێمى و عەرەبی و جیهانى.
هاوپەیمانێتییە نوێیەکە دەشڵێت، هاوپەیمانێتییەکە "لەسەر ئەو هەنگاوە بەرچاوانە بنیاتنراوە کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەدەستهێنراوە، لەژێر رۆشنایی هەوڵەکانی حکومەت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، گەشەپێدان، رەخساندنی هەلى کار، گرنگیدان بە خێزانەکان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، ڕەچاوکردنی خواستەکانی هاوڵاتییان.
هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق رۆژی (11ـی تشرینی دووەمی 2025) بەرێوەدەچێت، بەپێی ئامارەکانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان 29 ملیۆن و 118 هەزار کەس مافى دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنى داهاتوو، بەڵام نزیکەى 20 ملیۆنیان خۆیان لە سیستمى بایۆمەترى دەنگدان تۆمارکردووە .
مانگى رابردوو، محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانەى بەشداریکردنى لە دیدارى زانکۆى ئەمەریکى لە سلێمانى بەشداریکردنى لە هەڵبژاردن و خۆکاندیدکردنەوەى بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران ئاشکراکرد، ئەوەش کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە.
سودانى دواتر لە لاپەڕەى خۆى لە فەیسبوک بڕیارەکەى دوبارە بڵاوکردەوە و پاش چەند خولەکێک سڕییەوە.
سەرچاوە سیاسییەکانى یەکێک لە حزبە شیعەکانى پێکهێنەرى چوارچێوەى هەماهەنگى، بڕیارەکەى سودانیان بە "کودەتا بەسەر لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو" وەسف کرد و پێیانوایە، گۆڕانى هەڵوێستى سودانى لەو بارەیەوە پەیوەندى بە سەردانەکەی ئەم دواییەی شاندی بازرگانی ئەمەریکا بۆ بەغداد و دیدارەکەی لەگەڵ سودانى هەبووە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى رۆژنامەى مەدا کە مانگى رابردوو بڵاویکردەوە.
بەوتەى سەرچاوەکان، چاوەڕواندەکرا سودانی سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکی سیاسی بکات بەڵام خۆی کاندید نەکات، لەبەرانبەر داواى لایەنە شیعەکان بۆ دەستبەرداربوون لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن.
دەشڵێن، لیژنەیەکی تەکنیکی لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا کە تایبەتمەندە لە هەڵبژاردن، پێشبینی ئەوە دەکەن سودانی لانیکەم 100 هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت، ئەگەر بەشداری هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بکات.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانى عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2004ـەوە، سیستمى یەک بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاکان لە چوار هەڵبژاردندا پەیڕەوکرا، لە کاتێکدا دوایین هەڵبژاردنى ساڵی 2021 بەپێی سیستمى فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دابەشکرا.