حكومەتی عێراق 100 هەزار جەژنانە دەداتە نزیكەی شەش هەزار منداڵی بێ باوك و دایك

#عێراق#جەژنانە
3 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بەبۆنەی نزیكبوونەوەی جەژنی قوربان، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بە "خەرجكردنی 100 هەزار دیناری جەژنانە بۆ بێسەرپەرشتان كە دایك و باوكیان لەدەستداوە، بڕیارەكەش پێنج هەزار و 832 كەس دەگرێتەوە كە لەچوارچێوەی تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتیدان".
Primary Asset

وێنەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق

سبەی

ئەمڕۆ 20 ی ئایاری 2025 كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەرێوەچوو، بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە دۆخی گشتیی وڵات تاوتوێكراوە، بڕیاریش دراوە 100 هەزار دینار وەكو جەژنانە بدرێتە نزیكەی شەش هەزار منداڵی بێ دایك و باوك.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا وەك لە راگەیەندراوەكەیدا هاتووە "محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی لەو دەستكەوتانە كردووە كە حكومەت بەدەستیهێناون، لەوانەش میوانداریكردنی دوو لوتكە ئەوانیش لوتكەی عەرەبی و گەشەپێدان كە وێنەی راستەقینەی عێراقیان پیشانداوە و بەشداربوون لە دۆزینەوەی چارەسەر لە ناوچەكە".

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، چەند تەوەرێكی دیكە لە كۆبوونەوەكەدا باس كراون، لەوانەش چارەسەری نیشتەجێبوونی هەڕەمەكی، بڕیاردراوە هەمواری بڕیاری "23107" ی ساڵی 2023 بكرێت، كە تایبەتە بە رێوشوێنەكانی گۆڕینی رەگەزی زەوی لە كشتوكاڵییەوە بۆ نیشتەجێبوون، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەك پێكهێندراوە".

بەبۆنەی نزیكبوونەوەی جەژنی قوربان، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بە "خەرجكردنی 100 هەزار دیناری جەژنانە بۆ بێسەرپەرشتان كە دایك و باوكیان لەدەستداوە، بڕیارەكەش پێنج هەزار و 832 كەس دەگرێتەوە كە لەچوارچێوەی تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتیدان".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی