گرێبەستەکان تایبەتن بە کێڵگەکانى تۆپخانە و کوردەمیر لە سنورى گەرمیان، کێڵگەى غازى میران لە سنورى پارێزگاى سلێمانى
سبەى
حکومەتى هەرێمى کوردستان واژۆکردنى گرێبەستى وزەى لەگەڵ دوو کۆمپانیاى ئەمەریکى راگەیاند، بەمەبەستى پەرەپێدانى چەند کێڵگەیەکى گازى سروشتى و نەوت بەبەهاى 110 ملیار دۆلار، وەزیرى سامانە سروشتییەکان دەڵێت بۆ واژۆکردنى ئەو گرێبەستانە راوێژیان لەگەڵ عێراق نەکردووەو پێیانوانییە کێشەى لێبکەوێتەوە.
دوو گرێبەست
گرێبەستەکان تایبەتن بە کێڵگەکانى تۆپخانە و کوردەمیر لە سنورى گەرمیان لەنێوان وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێم و کۆمپانیاى وێسترین زاگرۆس، کێڵگەى غازى میران لە سنورى پارێزگاى سلێمانى لەگەڵ کۆمپانیاى میران ئینێرجى کە لە کۆمپانیاى ئێچ كهی ئێن و گرووپی ئۆنێکس پێکهاتووە.
بەپێی راگەیەنراوێکى حکومەتى هەرێم، ئامانج لە گرێبەستەکان پەرەپێدانى کێڵگەی میرانە، کە مهزنده دهكرێت ههشت ترلیۆن پێ سێجا غازی سروشتی لە کێڵگەکەدا هەبێت و داهاتەکەی دەگاتە 40 ملیار دۆلار، لەگەڵ کیڵگەی تۆپخانە و کوردەمیر کە بەیەکەوە توانایان هەیە پێنج تریلیۆن پێ سێجا و 900 ملیۆن بەرمیل گازی سروشتی و نەوتی خاو بەرهەم بهێنن و پێشبینی دەکرێت داهاتەکەى بگاتە 70 ملیار دۆلار.
کەمال محەمەد وەزیرى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان کە بەسەردانێک لە ئەمەریکایە رۆژى دووشەممە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەو گرێبەستانە پێشتر هەبوون و تەنها کۆمپانیاکان گۆڕاون، هەروەها هاوشێوەى گرێبەستەکانى پێشوون کە گرێبەستى هاوبەشین.
وتیشى ئەو داهاتەى دیاریکراوە و لەسەر بنەماى نرخى ئەمڕۆ دیاریکراوە، گرێبەستەکان دەبنە هۆى بەرزکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى گازى سروشتى کە بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا بەکاردەهێنرێت لەگەڵ دابەشکردنى بەسەر ماڵاندا.
کەمال محەمەد باسى لەوەشکرد، بۆ واژۆکردنى گرێبەستەکان راوێژیان لەگەڵ عێراق نەکردووە و پێیانوانییە کێشەى لێبکەوێتەوە، بەو پێیەى بەشێک لەو کارەبایەى بە گازى سروشتى بەرهەمدەهێنرێت رەوانەى عێراق دەکرێت. جەختیشیکردەوە، ناکرێت بۆ هەموو شتێک بگەڕێنەوە بەغداد.
دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت
واژۆکردنى ئەو گرێبەستانە لەکاتێکدایە، چارەنوسى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم بە نادیارى ماوەتەوە، سەربارى چەند گەڕێکى دانوستان لەنێوان هەرێم و عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان.
وەزیرى سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، بەم نزیکانە دانوستانەکان دەستپێدەکەنەوە، کێشەکانى ئێستاش زیاتر لاى کۆمپانیاکانە، بەو پێیەى بەغداد نەرمى نواندووە لەبارەى بەشێک لە داواکاریی کۆمپانیاکان وەک زیادکردنى تێچووى بەرهەمهێنانى نەوت بۆ 16 دۆلار، هەروەها رێککەوتن کراوە لەسەر دیاریکردنى کۆمپانیاى راوێژکارى تایبەتمەند بۆ دیاریکردنى تێچووى راستەقینەى بەرهەمهێنانى نەوت.
باسى لەوەشکرد، ئەوان ماوەى پێنج مانگ نەوتیان رادەستى بەغداد کرد، بەڵام ئەوان هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ تێچووى بەرهەمهێنانى نەوت رەوانەى هەرێمى کوردستان نەکرد.