سبەی
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: هێشتا دوو رۆژ دەرفەت لەبەردەم لایەنە سیاسییەکان ماوە بۆ خۆتۆمارکردن بەمەبەستی بەشداریی لە هەڵبژاردنە گشتییەکان، ژمارەی حیزبەکانیش لەسەر ئاستی عێراق زیاترە لە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان.
بەپێی ئەو زانیارییانەی تیمی هەڵبژاردنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بڵاوی کردەوەتەوە: تائێستا 338 حیزب تۆمارکراون بۆ بەشداریی کردن لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، سەرەڕای ئەوەی دەرفەت ماوە بۆ تۆمارکردنی حیزب و هاوپەیمانی نوێ.
بەوتەی عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆن؛ لە هەر 19 پارێزگاکەی عێراق ئۆفیسی کۆمسیۆن هەیە و هەر پارت و لایەنێک بیەوێت بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکات، دەتوانێت داوکاریی پێشکەش بکات و هێشتا دەرفەتی بەشداریی کردن لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوو رۆژی ماوە.
تائێستا لە کۆی 338 حیزبە تۆمارکراوەکە، 106 لایەنیان لیستی ناوی کاندیدەکانیان پێشکەشکردووە، سەرجەم حیزب و قەوارە مۆڵەتپێدراوەکانی دیکەش مافی پێشکەشکردنی کاندیدیان هەیە.
درێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردن
دوێنێ دووشەممە (19ـی ئایاری 2025) کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ دوایین جار وادەى تۆمارکردنى پارت و هاوپەیمانێتییەکان و نوێکردنەوەى تۆمارى بایۆمەترى دەنگدانى درێژکردەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمان کە کەمتر لە شەش مانگى دیکە بەڕێوەدەچێت.
بەپێی نوسراوێکى کۆمسیۆن کە دەست "سبەى" کەوتووە، بۆ دوایین جار وادەى تۆمارکردنى پارت و هاوپەیمانێتییەکان تا 22ـی ئەم مانگە درێژکراوەتەوە و وادەى تۆمارکردنى تۆمارى بایۆمەترى دەنگدان تا ناوەڕاستى حوزەیران درێژبکاتەوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی (9ـی نیسانی 2025) لە کۆبونەوەیەکدا رۆژی (11ـی تشرینی دووەمی 2025) وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریکرد، بڕیارەکەش پێشوازیی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی لێکەوتەوە و پاڵپشتی خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەربڕی بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکان بەبێ هیچ هەموارکردنەوە و دەستکاریی و گۆڕینی بڕگەکانی.
ژمارەی حیزبەکان نائاسایی زیاد دەکات
حازم ردێنی، جێگری سەرۆكی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق ئاشکرای کرد: ژمارەی ئەو حیزبانەی بە فەرمی لە فەرمانگەی حیزب و پارتە سیاسییەكان بەپێی یاسای ژمارە 36ـی ساڵی 2015 تۆماركراون، زۆر زیادی کردووە و زیاتر لە 55 حیزبیش لە پرۆسەی دامەزراندندان.
ردێنی بەپێویستی دەزانێت، هەمواری یاسای حیزبەكان بكرێتەوە، لەكاتێكدا چەندین ساڵە جێبەجێ دەكرێت، بەشێوەیەك ئەو حیزبانەی بەشداریی دوو هەڵبژاردن ناكەن مۆڵەتیان لێبسەنرێتەوە، چونكە ئامانجی دامەزراندنی هەر حیزبێك بەشداریكردنە لە هەردوو پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن.
جێگری سەرۆكی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق، داوا دەكات حیزبەكان پابەند بن بەوەی پێویستە لە زیاتر لە پارێزگایەك بارەگایان هەبێت بۆ ئەوەی زیاتر رژدی لە كاركردن پیشان بدەن و بەشێوەیەكی خولیی چاودێری حیزبە سیاسییە تۆماركراوەكان بكرێت، بەتایبەتیش گوتاری سیاسییان كە زۆر كات هاندەری بایكۆتی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنە.
20 ملیۆن دەنگدەر بایۆمەتریان نوێ کردوەتەوە
بەپێی ئامارەکانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان 29 ملیۆن و 118 هەزار کەس مافى دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنى داهاتوو، بەڵام نزیکەى 20 ملیۆنیان خۆیان لە سیستمى بایۆمەترى دەنگدان تۆمارکردووە .
هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2004ـەوە، سیستمى یەک بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاکانە چوار هەڵبژاردندا پەیڕەوکرا، لە کاتێکدا دوایین هەڵبژاردنى ساڵی 2021 بەپێی سیستمى فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دابەش کرا.