نە چەك دادەنێین و نە خۆمان هەڵدەوەشێنینەوە؛ پژاك: بانگەوازەكەی ئۆجەلان پەیوەندی بە ئێمەوە نییە

#پژاک#پەکەکە#ئێران#تورکیا#کورد
4 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • پژاك بەوە لە حزبە كوردییە دژبەرەكانی دیكەی ئێران جیادەكرێتەوە، كە بنكە و بارەگا و گەریلاكانی لە قەندیل و ئاسۆس و ناوچە سنوریەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستانە، بەشێوەیەك تائێستا ئێران نەیتوانیوە دەستی بە بارەگاكانی بكات، هەرچەندە چەند جارێك لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران تووشی پێكدادان بوون، بەڵام چەند جارێكیش لەلایەن درۆن و فرۆكەی توركیاوە لە چیای ئاسۆس و سنوری رۆژهەڵاتی كوردستان بۆردومان كراون.
Primary Asset

ئەمیر کەریمیی

سبەی

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان "پژاك" چەك دانان و خۆهەڵوەشاندنەوە رەتدەكاتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە چەند جارێك بەرپرسانی توركیا جەختیان كردەوە چەكدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە هەموو لقەكانی دەگرێتەوە.

دوای ئەوەی 12 ی ئایاری ئەمساڵ پارتی كرێكارانی كوردستان ئەنجامی كۆنگرەی 12 ی ئاشكراكرد و تیایدا بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەكدانانی راگەیاند، جگە لەوەی هەموو چالاكییەكانی بەناوی پەكەكەوە راگرت، بەرپرسانی توركیا چەند جارێك باسیان لەوەدەكرد كە چەكدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە هەموو لق و شوێنكەوتووانی پەكەكە دەگرێتەوە، لەكاتێكدا 27 ی شوباتی ئەمساڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە بانگەوازێكی بڵاوكردەوە و داوای چەكدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی لە پەكەكە كرد، پاش چەند رۆژێكی كەم پەكەكە ئاگربەستی راگەیاند و پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئۆجەلانەوە راگەیاند.

عومەر چەلیك، وتەبێژی ئاكپارتی دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆنگرەی پەكەكە رایگەیاند:" بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەو ڕادەستكردنی چەك هەموو هۆبە و درێژكراوەكانی پەكەكە و پێكهاتە نایاساییەكانی دەگرێتەوە ".

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان كە كورتكراوەكەی "پژاك" ە، یەكێكە لەدیارترین ئەو حزبە چالاكانەی رۆژهەڵاتی كوردستان كە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە رێبەری فیكری و ئایدۆلۆژی خۆیان دەزانن، هاوكات ئەندامی كۆما جڤاكێن كوردستان "كەجەكە" یە كە پەكەكە و پەیەدەش تێیدا ئەندامن.

پرسی چەكدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و درێژكراوەكانی پرسیار و گومانی زۆریان هێناوەتە ئاراوە، كە ئاخۆ پژاك بڕیارەكەی ئۆجەلان جێبەجێ دەكات یاخود نا، بەڵام ئەمیر كەریمی هاوسەرۆكی ئەو حزبە لەكۆتاییدا پرسەكەی یەكلاكردەوە.

كەریمیی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ "ئاریان تیڤی" رایگەیاند:"بانگەوازەكەی ئۆجەلان هەنگاوێكی جددی و مێژووییە بۆ پرۆسەی ئاشتی، بەڵام خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، نە چەك دادەنێین و نەخۆشمان هەڵدەوەشێنینەوە".

وتیشی:"بنەمای تێكۆشانی پژاك، پێداگرییە لەسەر چارەسەری پرسی كورد لە ئێران، لەگەڵ ئەوەداین كێشەی كورد بچێتە نێو سیاسەت و لەبەكارهێنانی توندوتیژی دووربكەوێتەوە، بەكارهێنانی چەك لەپێناو خۆپارێزییە و مافێكی رەوایە".

وەك هاوسەرۆكەكەیان دەڵێت ئەوان لە 2011 ەوە ئاگربەستیان راگەیاندووە و "ئەگەر هێرشیان لەسەر نەبێت هیچ چالاكییەكیان نابێت".

"بنەمای سیاسەتی پژاك ژیانی هاوبەشە لەگەڵ گەلان بەشێوەیەكی دیموكراتی، بانگەوازەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئێمە نوێ نییە و تووشی سەرسوڕمانی نەكردووین، چونكە دەمێكە خۆمان بۆ ئەم رۆژە ئامادەكردووە". ئەمیر كەریمی وای وت.

پژاك بەوە لە حزبە كوردییە دژبەرەكانی دیكەی ئێران جیادەكرێتەوە، كە بنكە و بارەگا و گەریلاكانی لە قەندیل و ئاسۆس و ناوچە سنوریەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستانە، بەشێوەیەك تائێستا ئێران نەیتوانیوە دەستی بە بارەگاكانی بكات، هەرچەندە چەند جارێك لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران تووشی پێكدادان بوون، بەڵام چەند جارێكیش لەلایەن درۆن و فرۆكەی توركیاوە لە چیای ئاسۆس و سنوری رۆژهەڵاتی كوردستان بۆردومان كراون.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی