کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی داوا دەکات کوردی بکرێتە زمانی فەرمی و زمانی خوێندن لە تورکیا و باکوری کوردستان

#زمانی کوردی#تورکیا#باکوری کوردستان
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی دوا دەکات کوردی بکرێتە زمانی فەرمی و زمانی خوێندن لە تورکیا و باکوری کوردستان و ناوی ئەو شوێن و شتانەیش بکرێتەوە بە کوردی کە خۆیان کوردی بوون و دواتر تورکێندراون.
Primary Asset

سبەی

کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی، داوا دەکات کوردی بکرێتە زمانی فەرمی و زمانی خوێندن لە تورکیا و باکوری کوردستان و ناوی ئەو شوێن و شتانەیش بکرێتەوە بە کوردی کە خۆیان کوردی بوون و دواتر تورکێندراون.

لە کاتێکدا قۆناغێکی نوێ دەستی پێ کردووە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە، کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی پێنج داواکاری لەبارەی زمانی کوردییەوە دەخاتە بەردەم حکومەتی تورکیا.

لە درێژەی ئەو چالاکییانەی لە 15ـی ئایار جەژنی زمانی کوردییەوە دەستیان پێ کردووە، ئەمڕۆ خەمخۆرانی زمانی کوردی لە هەریەک لە شارەکانی ئامەد (دیاربەکر)، مێردین، شرنەخ، ڕها (ئورفا) لە باکوری کوردستان و مێرسین، ئەنقەرە و ئیزمیر بە دەم گوتنەوە و بەرزکردنەوەی چەندین دروشم پێنج داواکارییان بە زمانی کوردی و تورکی خستە ڕوو بۆ گرنگیدان بە زمانی کوردی.

داواکارییەکانیش بەم جۆرەن:

- دەبێت وەک زمانی فەرمی دان بە زمانی کوردیدا بندرێت و بەم جۆرەیش جێگیر بکرێت.

- زمانی کوردی بکرێتە زمانی خوێندن هەر لە باخچەی ساوایانەوە تاوەکو زانکۆ.

- دەبێت تەواوی ناوی ئەو شوێن و شتانە بکرێتەوە کوردی کە خۆیان کوردی بوون و دواتر تورکێندراون.

- دەبێت تەواوی بەربەستە یاسایی و کردەییەکانی بەردەم زمانی کوردی هەڵبگیرێن و زمانی کوردی لە هەموو شوێنێک ئازادانە بەکار بهێندرێت.

- بۆ ئەوەی ئازادانە و بە یەکجارەکی زمانی کوردی بەکار بهێندرێت، دەبێت دان بە مافی یاسایی و ستاتۆی سیاسی کورددا بندرێت. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی