"گرێبەستەکان هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە"؛ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانى هەرێم وەڵامى عێراق دەداتەوە

#وەزارەتی سامانە سروشتییەکان#وەزارەتى نەوتى عێراق#
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • وەزارەتی سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان جەختدەکاتەوە لەسەر یاسایی بوونى گرێبەستەکانى لەگەڵ دوو کۆمپانیاى ئەمەریکى بۆ گەشەپێدانى چەند کێڵگەیەکى نەوت و غاز، ئەوەش لە وەڵامى وەزارەتى نەوتى عێراقدا کە گرێبەستەکانى بە پوچەڵ دانابوو.
Primary Asset

حکومەتى هەرێمى کوردستان رۆژى 19ى ئایار واژۆکردنى گرێبەستى وزەى لەگەڵ دوو کۆمپانیاى ئەمەریکى راگەیاند

سبەى

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان جەختدەکاتەوە لەسەر یاسایی بوونى گرێبەستەکانى لەگەڵ دوو کۆمپانیاى ئەمەریکى بۆ گەشەپێدانى چەند کێڵگەیەکى نەوت و غاز، ئەوەش لە وەڵامى وەزارەتى نەوتى عێراقدا کە گرێبەستەکانى بە پوچەڵ دانابوو.

وەزارەتە رۆژى سێشەممە 20ى ئایار لە رونکردنەوەیەکدا کە دەست سبەى کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، ئەو دوو ڕێککەوتننامەیەی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagros واژۆکراون، ڕێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین بەڵکو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوە و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و تەنیا کۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەکان گۆڕاون لە چوارچێوەی ڕێکارە یاسایی وگرێبەستییەکانی هاتوو لە ڕێکەوتننامەکان.

جەختیشیکردووەتەوە، هەردوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکە، چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت وگاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین. ئامانج لەو ڕێککەوتننامە و  گرێبەستانە، پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادکردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەکانی عێراق .

حکومەتى هەرێمى کوردستان رۆژى دووشەممە 19ى ئایار واژۆکردنى گرێبەستى وزەى لەگەڵ دوو کۆمپانیاى ئەمەریکى راگەیاند، بەمەبەستى پەرەپێدانى چەند کێڵگەیەکى گازى سروشتى و نەوت بەبەهاى 110 ملیار دۆلار.

رۆژى سێشەممە 20ى ئایار، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق لە رونکردنەوەیەکدا گرێبه‌سته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌ره‌پێدانی كێڵگه‌كانی میران و تۆپخانه‌ - كورده‌میر له‌ پارێزگای سلێمانی، بە پێچه‌وانه‌ی بڕیاره‌كانی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی فیدراڵی دانا و جەختیکردەوە، گرێبه‌سته‌كان به‌پێی ده‌ستووری عێراق و بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی، پووچه‌ڵن.

جەختیشیکردووەتەوە، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق: سه‌رباری ئه‌وه‌ی عێراق پێویستیی به‌ زیادكردنی به‌رهه‌مهێنانی گازی سروشتییه‌ بۆ به‌گه‌ڕخستنی وێستگه‌كانی كاره‌با، ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم گرتوونیه‌تیه‌به‌ر پێشێلكارییه‌كی ڕوونی یاسای عێراقیین.

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق دەشڵێت، سامانی نه‌وت موڵكی گشت عێراقییه‌كانه‌ و هه‌ر ڕێوشوێنێك بۆ وه‌به‌رهێنان له‌م سامانه‌دا، ده‌بێت له‌ ڕێگه‌ی حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه‌ بێت.

گرێبەستەکانى حکومەتى هەرێم لەگەڵ دوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکە کە ناڕەزایی بەغدادى لێکەوتووەتەوە، تایبەتن بە کێڵگەکانى تۆپخانە و کوردەمیر لە سنورى گەرمیان لەنێوان وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێم و کۆمپانیاى وێسترین زاگرۆس، کێڵگەى غازى میران لە سنورى پارێزگاى سلێمانى لەگەڵ کۆمپانیاى میران ئینێرجى کە لە کۆمپانیاى ئێچ كه‌ی ئێن و گرووپی ئۆنێکس پێکهاتووە.

کەمال محەمەد وەزیرى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان کە بەسەردانێک لە ئەمەریکایە رۆژى دووشەممە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەو گرێبەستانە پێشتر هەبوون و تەنها کۆمپانیاکان گۆڕاون، هەروەها هاوشێوەى گرێبەستەکانى پێشوون کە گرێبەستى هاوبەشین.

وتیشى ئەو داهاتەى دیاریکراوە و لەسەر بنەماى نرخى ئەمڕۆ دیاریکراوە، گرێبەستەکان دەبنە هۆى بەرزکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى گازى سروشتى کە بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا بەکاردەهێنرێت لەگەڵ دابەشکردنى بەسەر ماڵاندا.

 کەمال محەمەد باسى لەوەشکرد، بۆ واژۆکردنى گرێبەستەکان راوێژیان لەگەڵ عێراق نەکردووە و پێیانوانییە کێشەى لێبکەوێتەوە، بەو پێیەى بەشێک لەو کارەبایەى بە گازى سروشتى بەرهەمدەهێنرێت رەوانەى عێراق دەکرێت. جەختیشیکردەوە، ناکرێت بۆ هەموو شتێک بگەڕێنەوە بەغداد.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی