مه‌سرور بارزانی: قۆناخێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ئەمەریکا دەستپێدەکات

#هه‌رێمی كوردستان#ئه‌مه‌ریكا#مه‌سرور بارزانی#نه‌وت#گازی سروشتی
7 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 مانگ نوێ کراوەتەوە
زانا داود
Primary Asset

سبه‌ی

دوای واژۆكردنی دوو ڕێككه‌وتننامه‌ له‌ بواری نه‌وت و گاز به‌ به‌های نزیكه‌ی 110 ملیار دۆلار له‌ ئه‌مه‌ریكا، مه‌سرور بارزانی ده‌ڵێت، "قۆناخێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ئەمەریکا دەستپێدەکات و کارەبا بۆ ملیۆنان کەس دابیندەکرێت و هەلی کار دەڕەخسێندرێت و ئابووریی کوردستان بەهێزتر دەکرێت".

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ به‌ كاتی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دوو ڕێککەوتننامە لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکیی ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی و وێسترن زاگرۆسدا واژۆکران، بۆ په‌ره‌پێدانی کێڵگەکانى تۆپخانە و کوردەمیر لە سنوورى گەرمیان و کێڵگەى غازى میران لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى.

كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، په‌یامێكی به‌ هه‌ردوو زمانی كوردی و ئینگلیزی له‌باره‌ی دوو ڕێككه‌وتننامه‌كه‌وه‌ له‌ ئێكس بڵاوكرده‌وه‌ و نووسیویه‌تی، "قۆناخێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ئەمەریکا دەستپێدەکات بە واژووکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لەگەڵ HKN Energy وWesternZagros Resources کە بەهایان دەیان ملیار دۆلارە و کارەبا بۆ ملیۆنان کەس دابیندەکات و هەلی کار دەڕەخسێنێت و ئابووریی کوردستان بەهێزتر دەکات".

پێشتر و دوای واژۆكردنی ڕێككه‌وتننامه‌كان، مەسرور بارزانی لە وتارێکدا سوپاسی ژووری بازرگانیی ئەمەریکای کرد و ڕایگه‌یاند، "ئەم ڕێککەوتنە ملیار دۆلارییە، پابەندیی هەرێمی کوردستان بۆ ئاشتی و پەرەپێدانی ئابووری لە ناوچەکە دەسەلمێنێت و ئەم وەبەرهێنانە نوێیە بۆ پەرەپێدانی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە".

وتیشی، "زۆر خۆشحاڵم جارێکی دیکە لێرە لە واشنتنم کە سەرپەشتیی ئیمزاکردنی ئەم دوو ڕێککەوتنە گرنگە بکەم، بە دڵنیاییەوە ئەم دوو کۆمپانیایە ئێچ کەی ئێن و وێسترن زاگرۆس لە هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە کار دەکەن و ڕۆڵیکی کارا و کاریگەریان بۆ هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و دواجاریش بۆ عێراق هەبووە، هاوکات سوودیان بۆ کۆمپانیاکەی خۆیان و وڵاتەکەشیان هەبووە".

ئامانج له‌و دوو گرێبەستەی له‌ ئه‌مه‌ریكا واژۆكران، پەرەپێدانى کێڵگەی میرانە، کە مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت هه‌شت تریلیۆن پێ سێجا گازی سروشتی لە کێڵگەکەدا هەبێت و داهاتەکەی دەگاتە 40 ملیار دۆلار، لەگەڵ په‌ره‌پێدانی هه‌ردوو کێڵگەی تۆپخانە و کوردەمیر کە بەیەکەوە توانایان هەیە پێنج تریلیۆن پێ سێجا و 900 ملیۆن بەرمیل گازی سروشتی و نەوتی خاو بەرهەمبهێنن و پێشبینیی دەکرێت داهاتیان بگاتە 70 ملیار دۆلار.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی