
کۆنگرەی رۆژنامەوانی دەم پارتی و باخچەلی
سبەی
شاندی ئیمرالی، ناوەڕۆکی دوایین کۆبونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەگەیەننە مەهەپە و دەڤا و جەخت لەسەر دەستپێکردن قۆناغێکی نوێی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بە دەرکردنی یاسای ئاشتی و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بۆ ئەو پرۆسەیەی ساڵێکە دەستیپێکردووە.
ئەمڕۆ هەینی، هەریەک پەروین بوڵدان، میدحەت سەنجار و فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ ئەندامانی شاندی ئیمرالی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) سەردانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) و عەلی باباجان سەرۆکی گشتی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا)یان کرد بۆ خستنەڕووی ناوەڕۆکی دوایین دیداریان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان لە گرتوخانەی ئیمرالی.
دوای کۆبونەوەیان لەگەڵ باخچەلی، پەروین بوڵدان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: ناوەڕۆکی کۆبونەوەی رۆژی 2ـی کانوونی دووەممان لە ئیمرالی باسکرد، گفتوگۆمان لەسەر ئەو قۆناغانە کرد کە پرۆسەکە گەیشتووەتە چی، لە داهاتوودا چی بکرێت.
ووتیشی: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قۆناغەی کە پرۆسەکە پێی گەیشتووە، پێمانوایە لەسەر زەمینەیەکی نوێ یان قۆناغێکی نوێ بەرەو پێشەوە بچین. ئێمە چووینە قۆناغی دووەم، ئەوەش چوارچێوەیەکی یاسایی پێویستە کە یاسای ئاشتی بێت".
ئاماژەی بەوەکرد؛ ئەو کارانەی کە کۆمسیۆن و لایەنە سیاسییەکان لەمەودوا ئەنجامی دەدەن گرنگ دەبێت بۆ پرۆسەکە.
شاندی دەم پارتی داوایان لە باخچەلی کرد رۆڵی خۆی ببینێت لە بەیاسایی کردنی قۆناغەکە بەوپێیەی هەر لە سەرەتاوە بەشدارێکی کارای پرۆسەکە بووە.
باخچەلی لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەوانیدا وتی، "خاتوو پەروین هەموو بابەتێکی بە روونی دەربڕی. من پشتگیری لە هەموو رستەیەک دەکەم کە دەیڵێت".
هەر ئەمڕۆ هەینی، ئەندامانی شاندی ئیمرالی لەگەڵ عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دڤا و شاندی یاوەری بارەگای پارتەکە کۆبوونەوە.
لەوبارەیەوە عەلی باباجان رایگەیاند: راوێژکاری بەنرخمان ئەنجامدا و بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد سەبارەت بە پرۆسەکە. بە شێوەیەکی هاوبەش پلاندانانی وردی قۆناغەکانی داهاتووی پرۆسەکە، مەترسییە چاوەڕوانکراوەکان و ئەوەی پێویستە بکرێت بۆ کۆتایی هاتنی سەرکەوتووانەی پرۆسەکە هەڵسەنگاند.
ووتیشی: "ئێمە یەکێک بووین لە یەکەمین لایەنە سیاسییەکان کە پشتیوانی ئەم پرۆسەیەمان کرد کە باخچەلی دەستیپێکرد، ئەگەر تەنها 5% ئەگەری سەرکەوتنی پرۆسەکە هەبێت ئێمە پشتگیری دەکەین."
باباجان رەخنەی لە ئەردۆغان گرت وەک پێویست بەدەم پرۆسەکەوە ناچێت و ئەوەی بە کەم و کوڕییەکی بەرچاوزانی، بەوپێیەی سەرۆک کۆمار راستەوخۆ لە ڕێگەی دەزگای هەواڵگری و دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەتەوە پرۆسەکە بەڕێوە دەبات. بۆیە چاوەڕوانی زیاتری لێدەکەن.
لەبەرامبەردا پەروین بوڵدان رایگەیاند: ئێستا چووینە قۆناغێکی نوێ، دەتوانین بڵێین قۆناغی یەکەم لە رووی پرۆسەکەوە تەواو بووە. ئەوەی پێویست بوو لە قۆناغی یەکەمدا بکرێت، کراوە. لەم دواییانەدا کۆمسیۆن شاندێکی نارد بۆ دوورگەی ئیمرالی و ئەندامانی ئەم کۆمسیۆنە کۆبوونەوەیەکی گرنگیان لەوێ ئەنجامدا. ئێستا پێویستە رێسایەکی یاسایی دابنرێت، هەنگاوەکانیش بە خێرایی بنرێت. یاسای ئاشتی پێویستە بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت.
پەروین بوڵدان ئاشکرای کرد: هەفتەی داهاتوو دیداریان لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی دیکەش دەبێت. رەنگە دیدارێکی دیکەیان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماردا هەبێت و جارێکی دیکە باس لەوە بکەین کە پێویستە لەم قۆناغەدا چی بکرێت.
سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی
رۆژی (3ـی کانوونی یەکەمی 2025) شاندی ئیمرالی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمرالی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: رۆژی پێشوو "سێشەممە" نزیکە چوار کاتژمێر لەگەڵ ئۆجەلان کۆبونەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کاریگەریی و دەرئەنجامەکانی سەردانی کۆمسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بۆ ئیمرالی.
سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکان دژی ئەو پرۆسەیەی دەستپێکردووە، شاندنی ئیمرالی لەسەر زاری ئۆجەلانەوە بڵاوی کردەوە "بە جێبەجێکردنی یاسای ئاشتی لەسەر بنەمای یاسایەکی ناوازە و گشتگیر لەم قۆناغی گواستنەوەیەدا، توندوتیژی سیاسی و دەستێوەردانی نادیموکراسی لە تورکیادا لەناو دەچێت. هەروەها دەتوانین ئەمە بە یاسای گواستنەوە بۆ سەدەی ئاشتی ناوببەین."
ئۆجەلان ئاماژەی بە راگەیەندراوەکەی 27ـی شوباتی 2025 داوە سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و رایگەیاندووە: ئەو راگەیەندراوە نەخشەڕێگایە بۆ ئەو قۆناغە و هەموو ئەو هەنگاوانەی کە بەم ئاراستەیە گیراونەتەبەر، ئامانجی ئێمە پێکەوەژیانە لەم خاکە وەک خوشک و برا.
سەردانی شاندی پەرلەمان بۆ ئیمرالی
شاندی كۆمسیۆنی پەرلەمانی تورکیا لە (24ـی تشرینی دووەمی 2025) لە زیندانی ئاسایشی توندی جۆری ئێفی ئیمراڵی چاوی بە ئۆجەلان كەوت.
شاندەكە پێكهاتبوون لە گوڵستان كلچ كۆچیگیت، جێگری هاوسەرۆكانی دەم پارتی، فەتی یەڵدز، جێگری سەرۆكی گشتیی مەهەپە و لە ئاكەپەش حسێن یامان، بە هێلیكۆپتەر چوونە دوورگەی ئیمراڵی و چاویان بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە كەوت.
لە هەژدەیەمین كۆبونەوەی خۆیدا كە رۆژی هەینی (21ـی تشرینی دووەمی 2025) بەڕێوەچوو، كۆمیسیۆنی هاوپشتی برایەتی و دیموكراسی نیشتمانی لە پەرلەمانی توركیا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا شاندێكی كۆمسیۆنەكە بچنە دوورگەی ئیمرالی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان كۆببنەوە.
داواکاری باخچەلی بۆ سەردانی ئیمرالی
رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2025)، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی نەتەوەیی توركیا (مەهەپە) لە كۆبونەوەی هەفتانەی فراكسیۆنی حیزبەكەی لە پەرلەمانی توركیا رایگەیاند: ئێستا كارەكانی كۆمسیۆنی پەرلەمانی گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی، كارەكانیان هیچ سوودێكی نییە ئەگەر نەچن بۆ ئیمرالی.
وتیشی: "ئەگەر كۆمسیۆنەكە كەسی دیاری نەكرد بۆ سەردانی ئیمرالی، دەتوانم سێ هاوڕێ لەگەڵ خۆم ببەم و بچم بۆ ئیمرالی بۆ كۆبونەوەی لەگەڵ ئۆجەلان".
دوای بڕیاری كشانەوەی پەكەكە لە چەند ناوچەیەكی باكوری كوردستان لە (26ـی تشرینی یەكەمی 2025) دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە پەیامێكی بڵاوكردەوە و پێشوازی لە كشانەوەی پەكەكە لە خاكی توركیا و باكوری كوردستان كرد، وتیشی "مەهەپە ئامادەیە بچێتە ئیمراڵی".
باخچەلی رایگەیاند: ئۆجەلان بەڵێنەكانی بردۆتەسەر و مەهەپەش ئامادەی چوونە ئیمراڵییە و دەبێت پەرلەمانتارانیش گوێی لێبگرن.
سەرۆكی مەهەپە باسی بوونی "مەترسی لەسەر دەوڵەتی توركیا" كرد و وتیشی "دەبێت پەرلەمانتاران بچنە ئیمرالی و گوێ لە عەبدوڵڵا ئۆجلان بگرن و بەقسەی بكەن".
دەستپێشخەری باخچەلی بۆ پرۆسەی ئاشتی
بیرۆكەی چوونی ئۆجەلان بۆ پەرلەمانی توركیا و پێشكەشكردنی وتەیەك دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی نەتەوەیی توركیا "مەهەپە" ، كاتێك كۆتایی ساڵی رابردوو دەستپێشخەری كرد و بە تەوقەیەك لەگەڵ ئەندامانی دەم پارتی لە پەرلەمان، سەرەتای قۆناغێكی نوێی لە توركیا دەستپێكرد.
لە وتارێكیدا كە لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی ئاك پارتی لە پەرلەمانی توركیا پێشكەشی كرد، ئەردۆغان رایگەیاندبوو، گفتوگۆی بنیاتنەر لەگەڵ سەركردەكانی دەم پارتی ئەنجامدا، كە بیرۆكەی ئەوەیان پێشكەشكرد ئۆجەلان لە بەردەم لیژنە پەرلەمانیەكەی توركیا وتەیەك پێشكەش بكات و گفتوگۆی چەكدانانی پەكەكە بكات، داواشیان كرد هەموو لایەنەكان بەشدار بن.
وتەكانی ئەردۆغان لەكاتێكدایە، پێشتر پارتی دیموكراسی و یەكسانی گەلان "دەم پارتی" رایگەیاندبوو، پێویستە لیژنە پەرلەمانییەكە كە پارتی دیكەشی لەنێودایە، رێگەی پێبدرێت پەیوەندی بە ئۆجەلانەوە بكەن لە زیندانی ئیمراڵی و قسەی لەگەڵ بكەن، بەوپێیەی ئۆجەلان بۆ رای گشتیی كورد كەسایەتییەكی گرنگە و پێشتریش لە هەوڵەكانی پەیوەست بە ئاشتی بەشداری كردووە.
