
دەیڤد پترایۆس، بەرپرسی پێشووی سی ئای ئەی
سبەی
کەناڵی تەلەفزیۆنی سی ئێن بی سی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دەیڤد پترایۆس، بەرپرسی پێشووی سی ئای ئەی کردووە و لەسەر پرسی ستراتیژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا و شەڕی روسیا ئۆکراینا قسەی کردووە.
دەیڤد پترایۆس، جەنەراڵی چوار ئەستێرەی سوپای ئەمەریکا و بەرپرسی پێشووی دەزگای هەواڵگری، سەبارەت بە ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا بەرامبەر ئەوروپا دەڵێت: "بەئاگاهێنانەوەیەکی باشە بۆ ئەوروپا بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی و بەرگرییان،" هەروەها دەڵێت: "بەڕاستی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپی پێویستیان بە ئەوە هەیە سیستمی بەرگریی خۆیان بەهێزتر بکەن، ئامانجی ئەمەریکا هاندانی ئەوروپییەکانە بۆ بەهێزکردنی ئەوروپا."
سەبارەت بە هۆشداریی سەرۆکەکانی پێشووی ئەمەریکا، پترایۆس وتی: "ئاگادارم چوار سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا هەوڵیانداوە وا لە ئەوروپییەکان بکەن کاری زیاتر بکەن بۆ بەهێزکردنی خۆیان، بەڵام نەیانکرد."
سەبارەت بە هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ بەهێزکردنی ئەوروپا، پترایۆس دەڵێت: "ترەمپ هەوڵی زۆر زۆریداوە بۆ ئەوەی ئەوروپییەکان پارەی زیاتر بۆ بەهێزکردنی خۆیان تەرخان بکەن،" هەروەها دەشڵێت: "ترەمپ سەرکەوتووە لە ناچارکردنی وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ بۆ بەرزکردنەوەی بودجەی بەرگریی وڵاتەکەیان، ئەو فشارانەش پێویست بوو چەند ساڵێک لەمەوبەر بکرایە."
سەبارەت بە راگرتنی شەڕ و رێککەوتنی نێوان ئۆکراینا و روسیا، پترایۆس رایگەیاند، هەردوو وڵاتی روسیا و ئۆکراینا، هەروەها هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیش، نەخشەڕێگای جیاوازیان پێشکەشکردووە، نەخشەڕێگاکان داواکاری دژیەکی تێدایە. لەوبارەیەوە دەڵێت: "گەورەترین ئاڵنگاریی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، ناکۆییەکانە لەسەر گەرەنتییە ئاسایشییەکانی دوای جەنگ، هەروها داواکارییەکی روسیا بۆ ئەوەی ئۆکراینا دەستبەرداری رۆژهەڵاتی هەرێمی دۆنباس ببێت."
بەرپرسی پێشووی سی ئای ئەی، سەبارەت بە هەڵوێستی نوێی کۆشکی سپی دەڵێت: "واشنتن داوای لە هەردوولا کردووە پێش جەژنی سەری ساڵ بگەنە رێککەوتن، بەڵام گومان هەیە تا ئەو کاتە کیێڤ و مۆسکۆ بگەنە رێککەوتن،" هەروەها دەڵێت: "روسیا دڵخۆشە بە زۆربوونی فشارەکانی واشنتن لەسەر ئەوروپا و ئۆکراینا."
سەبارەت بە هەڵوێستی ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی روسیا لەسەر سازشکردن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، پترایۆس دەڵێت: "بە پشتبەستن ئاماژەکانی پوتین لەسەر ئامانجەکانی شەڕ کە خۆی دەبینێتەوە لە دەستبەرداربوون لە خاک، گۆڕینی حکومەتی ئۆکراینا، لە چەکداماڵینی سوپای ئۆکراینا و کۆتاییهێنان بە بوون بە ئەندامی ئۆکراینا لە ناتۆ، باوەڕێکی کەمم هەیە روسیا سازش بکات،" هەروەها دەشڵێت: "باوەڕم وانییە پوتین بیروڕای بگۆڕێت."
لە کۆتاییدا سەرۆکی پێشووی سی ئای ئەی پێیوایە یارمەتیدانی ئۆکراینا لە پارە بلۆککراوەکانی روسیا دەکرێت ببێتە هۆی "گۆڕینی یارییەکە" لە سودی ئۆکراینا.
