لە هەرێمى کوردستان یاساى لێبوردنى گشتى عێراق دەخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە

#هەرێمى کوردستان#عێراق#لێبوردنى گشتى#دادگاى سلێمانى
11 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
Primary Asset

سبەى

لە هەرێمى کوردستان یاساى لێبوردنى گشتى عێراق دەخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە و ئەو کەسانەى یاساکە دەیانگرێتەوە و پێش پەسەندکردنى هەموارەکە زیندانیکراون دۆسیەکانیان بەپێی یاساکە یەکلایی دەکرێتەوە.

بەپێی نوسراوێکى دادگاى سلێمانى کە دەست سبەى کەوتووە، دادگای تاوانەکانی سلێمانی لەنیسانى ئەمساڵدا لەسەر بنەماى هەمواری یاساى لێبوردنی گشتی عێراق ژمارە ٢ ی ساڵی ٢٠٢٥، کەیسى تۆمەتبارێکى یەکلاکردووەتەوە.

کەیسەکە تایبەتە بە تانەى پارێزەرى تۆمەتبارێک کە لەسەر رەوانەکردنى دۆسیەکە لە دادگاى لێکۆڵینەوەوە بۆ دادگاى کەتن تۆماریکردووە بەمەبەستى دادگاییکردنى تۆمەتبارەکە دواى ئەوەى دادگاى لێکۆڵینەوە رەتیکردووەتەوە لێبوردنى گشتى بیگرێتەوە، بەڵام دادگاى تاوانەکان جەختیکردووەتەوە کە تۆمەتبارەکە هەمواری یاساى لێبوردنی گشتی عێراق دەیگرێتەوە، بەو پێیەى ئەو رووداوەى لەسەرى تۆمەتبارکراوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 2023.

دادگاى تاوانەکان لەگەڵ پەسەندکردنى تانەکە، دۆسیەکەى گەڕاندووەتەوە بۆ دادگاى لێکۆڵینەوە بەمەبەستى بڕیاردان لەسەرى لەسەر بنەماى هەموارى یاساى لێبوردنى گشتى.

ئەبوبەکر بورهان پارێزەرى کەیسەکە بە سبەى راگەیاند، لەسەر بنەماى داواکارییەکى ئەو تایبەت بە تۆمەتبارێک کە بڕیاربووە بە پێی یاساى مانەوەى بیانییەکان دادگایی بکرێت، دادگاى سلێمانى بڕیاریداوە بەپێی هەموارى یاساى لێبوردنى گشتى تۆمەتبارەکە ئازاد بکرێت، بەو پێیەى یاساکە فیدراڵییە.

بەپێی بڕیارى ژمارە 11 ى ساڵى 1992 ى پەرلەمانى کوردستان، جێبەجێکردنى هەر یاسایەک کە لە عێراق دەردەکرێت لە هەرێمى کوردستان پێویستى بە رەزامەندى پەرلەمانى کوردستانە، بەڵام بەوتەى ئەو پارێزەرە پێشتریش چەند یاسایەکى دیکە راستەوخۆ جێبەجێکراون وەک یاساکانى پاسپۆرت و نشینگە، بۆیە یاسا فیدراڵییەکان ئاساییە راستەوخۆ بخرێنە بوارى جێبەجێکردنەوە.

باسى لەوەشکرد، لەگەڵ دەستپێکردنى جێبەجێکردنى هەموارى یاساکە لە هەرێمى کوردستان، دەبێت ئەو کەسانەى یاساکە دەیانگرێتەوە و لە دۆسیەکانى پەیوەندیدار بە (یاسای پاسپۆرت، یاسای نشینگە، یاسای ناسنامە و کارتى نیشتمانى، تاوانی تایبەت بە دراوی کاش) زیندانیکراون دەبێت ئازاد بکرێن، جگە لە تاوانی ساختەکاریی کە یاساکە نایگرێتەوە.

بەپێی ماددەى 110 ى دەستورى عێراق، پرسەکانى پاسپۆرت، نشینگە، ناسنامە و کارتى نیشتمانى، تایبەتن بە حکومەتى فیدراڵى و دەبێت لەسەرتاسەرى وڵات یاساکان لەو بارەیەوە جێبەجێ بکرێن.

بەشیر محەمەد مافپەروەر بۆ سبەى باسى لەوەکرد، ئەو دەسەڵاتانەى لە دەستوردا وەک دەسەڵاتى فیدراڵى دانراون دەبێت یاسا فیدراڵییەکانیشیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت، وەک پاسپۆرت و نشینگە و گومرگ و بەنداوەکان و دەسەڵاتە فیدراڵییەکانى دیکە.

پێشیوایە بڕیارەکەى دادگاى سلێمانى لەو بارەیەوە “دروست و یاساییە”، بەڵام ئەوە هەموو تاوانێک ناگرێتەوە، تەنها ئەوانە دەگرێتەوە کە یاساکانیان فیدراڵین.

رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025، پەرلەمانى عێراق بە یەک پاکێج دەنگی لەسەر سێ پڕۆژە یاسادا، کە یەکێکیان هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە 27ـی ساڵی 2016 بوو کە لەسەر خواستى سوننەکان تێپەڕێندرا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی