گەرمبوونی زەوی

#گەرمبونی زەوی#ژینگە#سروشت
2 ساڵ لەمەوپێش
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
Primary Asset

گەرمبوونی زەوی چییە؟

گەرمبوونی زەوی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمایە بەهۆی بەرزبوونەوەی تێکڕای پلەی گەرمی لە زەوی و سووتاندنی سووتەمەنەییە بە بەردبووەکان و دەردانی گازە گەرمکەرەکان. 

دەردانی گازە گەرمکەرەکانی بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە زەوی. بەهۆی گەرمبوونی زەوییەوە بەستەڵەکەکان دەتوێنەوە و ئاستی ئاوی دەریاکان زیاد دەکات، ئەمەیش مەترسی دەخاتە سەر ژیانی ئەو کەسانەی لە نزیک کەناراوەکان دەژین. 

بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکانەوە، ڕووەکەکان ژێرئاو دەکەون و لەنێو دەچن، ئەویش سەرچاوەی سەرەکیی خۆراکی گیانلەبەرانە. بەم جۆرە دوو سەرچاوە سەرەکییەکەی خۆراکی مرۆڤ کە ڕووەک و بەرهەمە ئاژەڵییەکانن لەنێو دەچن. 

زۆربەی کەس وا بیر دەکەنەوە کاتێک پلەکانی گەرمای جیهانی لە سەدا سێ زیادیان کرد، ئەوا بە واتای گەرمبوونی زەوی دێت، بەڵام پسپۆڕان بە پێویستی دەزانن بەبێ بە فیڕۆدانی کات دەست بە بەکارهێنانی وزەوە بگیرێت. لە کاتێکدا پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەدەن کە پێویستە گڵۆپەکانی ژوورێک کە کارمان لەوێ نییە بکوژێنینەوە و لەگەڵ هاوکاران بە یەک ئۆتۆمبێل هاتوچۆ بکەین، پرسیارە ئاڵۆزەکە ئەوەیە کە داخۆ تەنها مرۆڤ دەبێتە هۆی گەرمبوونی زەوی؟ وەڵامدانەوەی ئەمە کەمێک ئاڵۆزە. نەتەوە یەکگرتووەکان بەمەبەستی چاوخشاندنەوە بە دوا سەرەداوەکانی پەیوەندیدار بە گەرمبوونی زەوی و ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لەمبارەیەوە گروپێک لە زانایانی بە ناوی پانێڵی گۆڕانی ئاووهەوا لەنێوان حکوومەتی وڵاتان کۆ کردوە.


هۆکارەکانی گەرمبوونی زەوی

هۆکارە سەرەکییەکانی سروشت بۆ گەرمبوونی زەوی:

١. سووتانی دارستانەکان: لەناوچوونی دارستانەکان لەلایەن سروشتەوە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی گەرمبوونی زەوی. بەهۆی سووتانی دارستانەکانەوە دووکەڵی پڕاوپڕ لە کاربۆن دەردەدرێ و تێکەڵی کەشوهەوا دەبێت. سەرلەنوێ بوژانەوەی دارستانەکان لەسەرەخۆیە و ئەم هەوا کاربۆنە خنکێنەرەیش هاوشێوەی دابینکردنی ئۆکسجینی پێویست سەقامگیر نییە و بوونە سووتماکی دارستانەکان دەبنە ئەو گازە پیسکەرانەی تێکەڵی کەشوهەوا دەبن.

٢.  بە بەستەڵەکبوونی خاک (Permafrost): لە کاتێکدا بە بەستەڵەکبوونی خاک -کە لە سەدا ٢٥ی نیمچەگۆی باکووری زەوی پێک- دەهێنێت زیاد دەکات، ئەم جۆرە خاکە کاربۆن و گازی میسانیش لەخۆ دەگرێت. لەوانەیە بە شێوەیەکی ڕووکەش وا دەربکەوێت کە بە بەستەڵەکبوونی تبت چ پەیوەندییەکی بە گەرمبوونی زەوییەوە هەیە، بەڵام کاریگەرییەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خاکی بە بەستەڵەکبوو دەبێتە هۆی ئەوەی کاربۆن دزە بکاتە ناو کەشوهەوا. زانایان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەگەر ڕێگە لە دەردانی ئەو گازانەی خاکی بە بەستەڵەکبوو نەگیرێت، ئەوا دەبێتە هۆکاری سەرەکی بۆ توانەوەی بەستەڵەکەکان.

٣. پەڵەکانی خۆر: ئاژانسی ژینگەپارێزی (EPA) ئاماژە بەوە دەدات پەڵەکانی خۆر دەبنە هۆی زیاتر گەرمبوونی زەوی. خۆی پەڵەکانی خۆر تێپەڕینی پلازمای خۆر کە تیشک دەدەنەوە و بڵاو دەبنەوە سنووردار دەکات. بۆ ئەوەی لە خراپی تیشکدانەوەکە تێ بگەین، پێویست بەوە ناکات لە ناسا کار بکەین. پەڵەکانی خۆر و تەقینەوەکانی خۆر بەهێز و پێشپێنەگیراون. ئەمان بە گۆڕینی ئەو وزەیەی لە کەشوهەوای زەویدا بڵاو دەبێتەوە دەتوانن ببنە هۆی زیادبوونی گەرمبوونی زەوی. بەڵام تەقینەوەکانی خۆر ئەو ڕووداوە سروشتییانەن کە ملیۆنان ساڵە بەردەوامن. ئەگەر هۆکار تەنها پەڵەکانی خۆر و تەقینەوەکانی خۆر بووان، تەنها لەم چەند ساڵەی دواییدا گەرمبوونی زەوی بەم جۆرە زیاد نەدەبوو.

٤. بەهەڵمبوونی ئاو: بەپێی زانیارییەکانی ناسا دوو لەسەر سێی ئەو گازانەی لە چینە هەڵمی ئەستووردان بە شێوەی ئاوی هەڵمبوون. بە بەرزبوونەوەی گەرمی، بە هەڵمبوونیش زیاد دەکات.

٥. گیانلەبەران: کاتێک گیانلەبەران هەناسە دەدەن دایۆکسایدی کاربۆن و میسان دەردەدەن و ئەوانیش تێکەڵی کەشوهەوا دەبن. 

 مرۆڤ بەو ڕێگایانە دەبێتە هۆی گەرمبوونی زەوی:

١. لەناوبردنی دارستانەکان: مرۆڤ بەمەبەستی چاندنی کشتوکاڵ، دروستکردنی کارگە و خانوو و ڕێگا پێویستی بە زەوییە، بۆ ئەم مەبەستەیش دارەکانی دارستانەکان دەبڕدرێنەوە. هەروەها بەمەبەستی دروستکردنی پەڕ و تەختە و خەڵووزی دار، دار دەبڕدرێنەوە.

٢. سووتەمەنی بە بەردبوو: بەکارهێنانی سووتەمەنی بە بەردبوو بۆ هۆکارەکانی گواستنەوە، بەرهەمهێنانی کارەبا و لە پیشەسازیدا هۆکاری سەرەکی پیسبوون و گەرمبوونی زەوییە. ڕۆژانە ملیۆنان هۆکاری گواستنەوە گازی جۆراوجۆر بۆ ناو کەشوهەوا دەردەدەن. کارەبایش بە چەندین شێوە دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە. لە سەدا ٧٥ی کارەبای جیهان لە سووتەمەنی بە بەردبوو بەرهەم دەهێێت. لە کاتی سووتانی ئەو جۆرە سووتەمەنییەدا چەندین گازی ژەهراوی بە تایبەت دایۆکسایدی کاربۆن دەردەدرێن و تێکەڵی کەشوهەوا دەبن. ئەو وزەیەی خەڵوز بۆ هەر یەکەیەک بەکاری دەهێنێت ١.٧ هێندەی گازی سروشتییە و ١.٢٥ هێندەی نەوتە. هەموو کەس هەست بە بەکارهێنانی وزە دەکات بە ڕێژەیەکی بەرچاو. بەهۆی بەکارهێنانی سووتەمەنی بە بەردبوو، بەنزین و کارەبای ماڵان ئەمریکا بە نزیکەیی ڕێژەی لە سەدا ٤٠ی بەر دەکەوێت لە دەردانی دایۆکسایدی کاربۆن بۆ ناو کەشوهەوا. دەشێت بە بەکارهێنانی سەرچاوەکانی وزەی نوێبۆوە، جێگرەوەکانی وەک ئەو سووتەمەنییەی بە پاکی دەسووتێت و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە، تێکەڵبوونی دایۆکسایدی کاربۆن بۆ ناو کەشوهەوا بە ڕێژەی لە سەدا ٤٠ کەم بکرێتەوە. لە لایەکی دیکەوە بەهۆی پیشەسازییەوە چەندین گازی جۆراوجۆر دەردەدرێن و تێکەڵی ئاووهەوا دەبن. دایۆکسایدی کاربۆن، میسان و نایترۆجین لەسەرووی ئەو گازە گەرمکەرانەوە دێن. گازە جیاوازەکان خاوەن توانای لێکجیاوازن لە گەرمیدا و ژمارەیەکیان لە دایۆکسایدی کاربۆن زیاتر دەبنە هۆی گەرمی و یەکێک لەو گازانەیش میسانە. کاتێک ئۆتۆمبێل لێ دەخوڕین، ئەو کارەبایە بەکار دەهێنین کە لە وێستگەکانی سووتەمەنیی خەڵووز بەرهەمهێندراوە و بە گازی سروشتی لە ماڵەوە خۆمان گەرم دەکەینەوە ئەوا دایۆکسایدی کاربۆن و گازە گەرمکەرەکانی دیکە دەردەدەین کە تێکەڵی کەشوهەوا دەبن.

 ٣. گۆڕەپانی خاشاکی ڕەق: ئەو خاشاکەی دەیخەینە سەلەی زبڵەوە، ڕەوانەی سەرانگوێلکەکان دەکرێت. کۆمپانیاکان لە زۆر شوێن بە مەبەستی ڕیساکلینی ئەو خاشاکە و دروستکردنی بەرهەمی بەسوود لێیان، جارێکی دیکە بەشێک لەو خاشاکانە بەکار دەهێننەوە. بۆ ئەم مەبەستە زۆربەی کات ئەم زبڵە دەسووتێندرێت و بەم جۆرە چەندین گازی ژەهراوی بە میسانیشەوە دەردەدرێن و تێکەڵی کەشوهەوا دەبن. تێکەڵبوونی ئەم گازە گەرمکەرە ژەهراوییانەیش بەو ڕێژە زۆرە، گەرمبوونی زەوی دەباتە قۆناغێکی مەترسیدارتر. 

٤. زۆریی ژمارەی مرۆڤ: ئەمەیش یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی گەرمبوونی زەوی. بەهۆی ئەوەی دایۆکسایدی کاربۆن ڕۆڵی هەیە لە گەرمبوونی زەوی، زیادبوونی ژمارەی مرۆڤ ئەم دۆخەی گەیاندووەتە ئاستێکی خراپتر، چونکە دەبینە هۆی ئەوەی دایۆکسایدی کاربۆن زیاتر دەربدرێ و تێکەڵی کەشوهەوا ببێت. زۆربوونی مرۆڤ بە واتای زیادبوونی داواکاری لەسەر خۆراک، زیاتر دەردانی دایۆکسایدی کاربۆن و تێکەڵبوونی لەگەڵ کەشوهەوا، بەکارهێنانی زیاتری ئۆتۆمبێل و پێداویستییەکانی ناو ماڵ دێت. گواستنەوەی کەلوپەل و پێداویستییەکان و خۆراک، داواکاری لەسەر بەکرێگرتنی ئۆتۆمبێل زیاد دەکات و بەهۆی دروستبوونی جەنجاڵی لە هاتوچۆدا پێویست دەکات هێماکانی ڕووناکی شەقامەکان زیاتر بەکار بهێندرێن و ئەمەیش بەکارهێنانی زیاتری سووتەمەنی لێ دەکەوێتەوە. هەروەها زیادبوونی داواکاری لەسەر دروستکردنی خانوو و دروستکردنی قوتابخانە بە واتای زیاتر بڕینی دار و ڕووەک دێت بۆ دروستکردنی ڕێگا. 

٥. کانزاکاری: نەوت و خەڵووز دوو سەبەبکاری سەرەکین بۆ دەردانی گازە گەرمکەرەکان. گازی میسانیش هاوشێوەی دایۆکسایدی کاربۆن لەسەر ئەو چینەهەڵمینەی تیشکەکانی خۆر دەگرێت قەڵغانێکی ئەستوور دروست دەکات. کانزاکارییش تەنها دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەم گازە ژەهراوییانە.

٦. بەکارهێنانی پەیینی دەستکرد: کاتێک بیر لە کێڵگە کشتوکاڵییە بێشومارەکانی ئەمریکا دەکەیتەوە، ئینجا ئەو مەترسییە ڕوونتر دەردەکەوێت کە لە ئاکامی تێکەڵبوونی ئەو پەیینە دەستکردە لەگەڵ خاک یەکۆکسایدی نایترۆجین بەرهەم دێت. یەکۆکسایدی نایترۆجین ٣٠٠ هێندەی دایۆکسایدی کاربۆن مەترسیدارە. ئاژانسی ژینگەپارێزی بە پێداگیرییەوە هۆشداری دەدات لەوەی بەکارهێنانی پەیینی دەستکرد لە پیشەسازیی کشتوکاڵیدا یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی گەرمبوونی زەوی.

٧. خواردنی گۆشت: هەرچەند پێشتر ئاماژە بەوە درا کە گیانلەبەرانیش تا ڕادەیەک دەبنە هۆی دەردانی دایۆکسایدی کاربۆن و تێکەڵبوونی لەگەڵ کەشوهەوادا، بەڵام هۆکاری سەرەکیی ئێمەی مرۆڤین. بەرنامەی خۆراکیی وەک وڵاتانی خۆرئاوا، شێوازی گەورەکردنی گیانلەبەران و لەوەڕاندنیان ڕۆڵی هەیە لە تەشەنەسەندنی گەرمبوونی زەوی. بەپێی ژمارەیەک توێژینەوە بە ڕێژەی لە سەدا ٥١ کشتوکاڵی گیانلەبەران دەبنە هۆی دەردانی گازە گەرمکەرەکان -میسان و دایۆکسایدی کاربۆن-. 

زانایان ئاماژە بەوە دەدەن ژمارەیەک هۆکاری سروشتیی وەک پەڵەکانی جۆر، بە هەڵەمبوونی ئاو و بە بەستەڵەکبوونی خاک دەبنە هۆی گەرمبوونی زەوی، هەرچەند لە بەرامبەر ئەو هۆکارە سروشتییانەدا مرۆڤ هیچیشی لە توانادا نەبێت بەڵام دەشێت لە ڕێگای بە بەرپرسیارانە هەڵسوکەوتکردن تا ڕادەیەک بەر لە دیارەی گەرمبوونی زەوی بگرێت. چونکە گەرمبوونی زەوی هەر بەوەوە ناوەستێت سیستەمی ژینگەیی و وەرزەکان تێک بدات و ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان، هەروەها کاریگەری دەکاتە سەر کوالێتیی ژیان لەسەر هەسارەی زەوی. لە ڕێگای کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە؛ بەکارهێنانی وزەی نوێبۆوە، گۆڕینی بەرنامەی خۆراکی و شێوازی ژیان و سنووردارکردنی بەکارهێنانی بەرهەمە نوێنەبۆوەکان جیاوازییەکی گرنگ ڕوو دەدات. 

 

کاریگەری و لێکەوتەکانی گەرمبوونی زەوی

١. توانەوەی بەستەڵەکەکان: توانەوەی بەستەڵەکەکان کاریگەری زۆر دەکاتە سەر ژیانی مرۆڤ و گیانلەبەران. بە هۆی توانەوەی بەستەڵەکەکانەوە کە هۆکارەکەی بۆ گەرمبوونی زەوی دەگەڕێتەوە، ئاستی ئاوی دەریاکان زیاد دەبێت و ئەمەیش دەبێتە هۆی ڕوودانی لافاو. ئەمەیش کاریگەری وێرانکەرانەی دەبێت بۆ سەر ژیانی مرۆڤ و مانەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ڕەچەڵەکی گیانلەبەران دەخاتە ژێر مەترسییەوە و بەم جۆرە هاوسەنگی سیستەمی ژینگە تێک دەچێت.

گۆڕەپانی ناوچەی جەمسەری باکوور بچووک دەبێتەوە و تێکەڵی زەریا گەورەکان دەبێت. بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمی هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی کێوی ناوچەکە و سیستەمی ژینگە. لەگەڵ توانەوەی بەستەڵەکەکان زنجیرەیەک ڕووداو دێنە ئارا کە ناتواندرێت بگەڕێندرێنەوە و بەریان پێ بگیرێت. 

٢. گۆڕانی کەشوهەوا: دەمێکە گۆڕانی چاوەڕواننەکراوی کەشوهەوا سەری هەڵداوە. هەست بە زیادبوونی ڕێژەی باران بارین کراوە لە ناوچە جەمسەرییەکان و ناوچەکانی خوار جەمسەری. لەگەڵ زیادبوونی گەرمبوونی زەوی بەهەڵمبوون زیاد دەکات و ئەمەیش دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی باران بارین. گیانلەبەران و ڕووەک ناتوانن بە ئاسانی لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی باران باریندا خۆیان بگونجێنن. بەم هۆیەوە لەوانەیە ڕووەکەکان لەنێو بچن و گیانلەبەرانیش کۆچ بکەن بۆ ناوچەی دیکە و کۆی سیستەمی ژینگەیی تێک بچێت.

٣. زیادبوونی وشکەساڵی: لە کاتێکدا لافاو لە ناوچەی ساڤانا لە ئەمریکا دروست دەبێت، لە شوێنی دیکەی جیهان بە ڕێژەیەکی بەرچاو وشکەساڵی ڕوو دەدات. تاکوو پلەکانی گەرما لە خۆرئاوای ئەمریکا بەرزتر ببنەوە، وشکەساڵییش تەشەنە دەستێنێت. وەک ئەوەی ئەمەیش بە تەنها بەس نەبێت، بەهۆی هاتنی شەپۆلەکانی گەرما و نەبارینی بارانەوە تەواوی دارستانەکانی کۆلۆرادۆ رۆکیس بە دەیان ملیۆن دارەوە خەریکە لەنێو دەچن. 

بە هەڵمبوون دەبێتە هۆکاری سەرەکی وشکەساڵی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان بە تایبەت لە ئەفریقا. جگە لەوەی کێشەی کەمی ئاو گەرمبوونی زەوی خستووەتە دۆخێکی خراپتر و دەبێتە هۆی تێکچوونی خۆراک.

٤. نەخۆشییەکان: بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر تەندروستیی مرۆڤ و ئەو کەسانەی نەخۆشن. لەوانەیە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی باران بارین نەخۆشییەکانی وەک لەرزوتا کە لە ڕێی ئاوەوە دەگوازرێنەوە زیاد بکەن. زەوی گەرمتر دەبێت و لە ئەنجامدا شەپۆلەکانی گەرما گورزێکی توند لە مرۆڤ دەدەن.

٥. زوو زوو هەڵکردنی باهۆز: تاکوو پلەی گەرمی زەریاکان بەرزتر ببێتەوە باهۆز و گەردەلوول بە شێوەی بەهێزتر هەڵ دەکەن. لەگەڵ زیاتر گەرمبوونی زەویدا ئاوی زەریاکان گەرم دەبێت و ئەویش کەشوهەوا گەرم دەکات و بەم جۆرە باهۆز زیاتر ڕوو دەدات. 

٦. بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان: توانەوەی بارستە سەهۆڵییەکانی جەمسەرەکان و کەمتر بە هەڵمبوونی ئاو دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان. لافاوە گەورەکانی کەناراوەی خۆرئاوای ئەمریکا و شار و شارەدێ کەناراوەکانی بەنداوی مەکسیکۆ تەنها چەند نموونەیەکن لەمە. 

٧. کاریگەری لەسەر کشتوکاڵ: گەرمبوونی زەوی کاریگەری دەکاتە سەر کشتوکاڵ، هەرچەند ئەنجامەکان لەمبارەیەوە هێشتا زۆر بەرچاو نین، بەڵام لە ساڵانی داهاتوودا کاریگەرییەکان دەبیندرێن. بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ڕووەکەکان بە زەحمەت دەتوانن بمێننەوە و لەنێو دەچن. بەهۆی ئەوەی ڕووەک سەرچاوەی سەرەکیی خۆراکی مرۆڤە لەوانەیە کەمیی خۆراک بەدوای خۆیدا بهێنێت. قاتوقڕیی خۆراکییش لەوانەیە ببێتە هۆی جەنگ و پێکدادان لە ژمارەیەک وڵات.

٨. شەپۆلی گەرما: هاتنی شەپۆلەکانی گەرما لە میانی ئەم ٦٠ ساڵەی دواییدا بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی خەڵکانی زیاتر. 

٩. ئاگرکەوتنەوە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووەکان: هەرچەند کەوتنەوەی ئاگری لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو ڕووداوێکی سروشتییە، بەڵام ئەگەر ڕەچاوی گەرمتربوونی هاوین و زیاتر دەردانی دایۆکسایدی کاربۆن بکرێت کە تێکەڵی کەشوهەوا دەبێت، بەڵگەکان بە ڕوونی دیارن. تا دێت کەوتنەوەی ئاگرە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووەکان زیاتر دەبێت و ئەمەیش جگە لە مرۆڤ و گیانلەبەرانی کەوی مەترسی دەخاتە سەر ژیانی گیانلەبەرە کێوییەکانیش. 

١٠. بارانبارینی زۆر: بەم هۆیەوە لافاو زیاتر لە شار و شارۆچکە کەناراوەکان ڕوو دەدات.

١١. کورتبوونەوە و درێژبوونەوەی ماوەی وەرزەکان.

١٢. بە هۆی کورتبوونەوە و درێژبوونەوەی ماوەی وەرزەکان ڕەنێوهێنانی بەروبوومی کشتوکاڵیش کەم بووەتەوە و ئەمەیش کاریگەری دەکاتە سەر زیادبوونی هەڵاوسانی ئابووری.

١٣. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەریاکان: کەمبوونەوەی بوونی شۆستە شیلانەییەکان بەهۆی گەرمبوونی زەوی کراوەتە ڕاپۆرت. ئەگەر شۆستە شیلانەییەکان پیس ببن هەڕەشەیە لەسەر تەواوی سیستەمی ژینگەیی.

١٤. بەهۆی تێکچوونی ماوەی وەرزەکان ژیانی باڵندەکانیش گۆڕانکاری بەسەردا دێت زووتر بەرەو باشوور کۆچ دەکەن، ماوەی خەوی زستانەیان زیاتر دەخایەنەت و کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر ژیانی گیانلەبەران.

١٥.  هەڕەشەیە بۆ سەر تەندروستی: بە دەردان و تێکەڵبوونی زیاتری دایۆکسایدی کاربۆن بۆ ناو کەشوهەوا، دەستکەوتنی هەوای پاک بۆ هەڵمژین کەم دەبێتەوە. 

١٦. مەترسیی لەناوچوونی ڕەچەڵەکی گیانلەبەران بەرز دەبێتەوە.

١٧. کوالێتیی ژیان دادەبەزێت: بەهۆی گەرمبوونی زەوییەوە مرۆڤ ناتوانێت وەک پێویست بەپێ بڕوات و بچێتە دەرەوە.

١٨. داڕووخانی ئابووری: ئەمە بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ڕەنێوهێنانی بەروبووم ڕوو دەدات و برسێتی بڵاو دەبێتەوە.

١٩: کوالێتیی هەوا دادەبەزێت.

٢٠. کەمبوونەوەی ژمارەی مرۆڤ: مەزەندەی ئەوە دەکرێت ئەگەر گەرمبوونی زەوی ڕانەگیرێت ژمارەی مرۆڤ لە زەوی لە سەدا ٧٥ کەم دەکات. بەهۆی کارەساتە سروشتییەکانی وەک باهۆز، زریان، لافاو، بوومەلەرزە و ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان نیوەی دانیشتووانی جیهان لەنێو دەچن. 

٢١. مەترسی دروست دەکات لەسەر لەنێوچوونی ڕەچەڵەکی مرۆڤ.

٢٢. پچڕانی کارەبا: تەنها هەڵکردنی زریان، باهۆزی و توند و توندەبا کەمەرەیییەکان بەسن بۆ داڕووخانی سیستەمی کارەبا.

٢٣. کەمبوونەوەی یەدەگی ئاوی سازگار.

٢٤. هەرێمی خۆسەری گرینلەند لە دانمارک بەردەوامە لە نزمبوونەوە. شارە جوانەکان و تەنانەت دوورگەکانیش لەوانەیە ڕۆژێک ببن بە بەشێکی گەورە لە دەریا. 

 

ئەو هەنگاوە سادانەی پێویستە بندرێن بۆ ڕێگەگرتن لە زیاتر گەرمبوونی زەوی:

١. بەکارهێنانی گڵۆپی جۆری CFL، چونکە بە بەراورد بە گڵۆپی ئاسایی بە ڕێژەی لە سەدا ٧٠ کەمتر پێویستی بە وزەیە و تەمەنیشی درێژترە.

٢. کەمتر ئۆتۆمبێل لێ بخوڕن و بە هاوبەشی لەگەڵ هاوکارەکانتاندا بەکاری بهێنن: بە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل تەنها سووتەمەنییەکی زۆر بەکار ناهێنن، بەڵکو دووکەڵی نەوت و بەنزین هۆکاری سەرەکی پیسبوونی کەشوهەوان. 

٣. شت زۆر مەکڕن و چەند جارێک بەکاری بهێننەوە و ئەو بەرهەمانە بکڕن کە دۆستی ژینگەن.

٤. وزەی خۆر بەکار بهێنن.

٥. ئەو ئامێرانە بەکار بهێنن کە وزەی کەمتریان پێویستە.

٦. زبڵ و خاشاک کەم بکەنەوە.

٧. ئاوی گەرم کەمتر بەکار بهێنن و زوو زوو خۆتان مەشۆن.

٨. زۆر بەرهەمی لە پاکەت و قوتوونراو مەکڕن، چونکە بەهۆی فڕێدانی پاکەت و قوتووەوە ژینگە زیاتر پیس دەبێت.

٩. پلەی گەرمی ماڵەوە ڕێک بخەن، لەبری ئەوەی زستانان ماڵەوە بکەن بە گەرماو، هەندێک جلوبەرگی دیکە بپۆشن.

١٠. گڵۆپەکانی ئەو ژوورانە بکوژێننەوە کە کارتان لەوێ نییە.

١١. ئامێرە کارەبایییەکان بکوژێننەوە: ئەگەر لە ماڵەوە نابن زۆربەی ئامێرە کارەبایییەکان بکوژێننەوە.

١٢. دار بچێنن: دار هەم ئۆکسجین دەبەخشێت لە لایەکی دیکەیشەوە دایۆکسایدی کاربۆن هەڵدەمژێت کە هۆکاری سەرەکیی گەرمبوونی زەوییە. 

١٣. سووتەمەنیی پاکی وەک وزەی نوێبۆوە بەکار بهێنن: ئەگەر ناتوانن ئۆتۆمبێلی کارەبایی بکڕن، پاکترین جۆری بەنزین بەکار بهێنن.

١٥. دەست بە بەکارهێنانی وزەوە بگرن: لە ڕێگای کەمتر بەکارهێنانی وزەوە دایۆکسایدی کاربۆن کەمتر دەردەدرێت و تێکەڵی کەشوهەوا دەبێت. 

١٦. فلتەری ئامێرەکانی فێنککەرەوە و گەرمکەرەوە بگۆڕن: ئەگەر نەیانگۆڕن هەم وزەی زیاتر بە فیڕۆ دەدەن، هەم هەوای پیس هەڵدەمژن. پاککردنەوەی فلتەر لە هەوای پیس ڕێگە لە دەردانی ١-٢ کیلۆگرام دایۆکسایدی کاربۆن دەگرێت.

١٧. ژینگە بپارێزن: ئەم بەرهەمانە بکڕن کە دۆستی ژینگەن.

١٨. بە شێوەیەکی ڕێکخراو پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەتان بکەن: لە ڕێگای کارکردنی ئۆتۆمبێلەکەتان بەبێ کێش دەبنە هۆی ئەوەی دایۆکسایدی کاربۆن کەمتر دەربدرێت.

٢٠. زێدەڕۆیی مەکەن لە بەکارهێنانی ئاودا. 

٢١. بۆ ئەوەی جلوبەرگتان وشک بێتەوە هەڵی بخەن و وشککەرەوەی کارەبایی بەکار مەهێنن.

٢٢. خۆراکی سروشتی بخۆن و دوور بکەونەوە لە خۆراکی لە کارگە بەرهەمهێندراو.

٢٣. لەبری بەکارهێنانی کلێنس خاولی و دەسسڕ بەکار بهێنن و چەندین جار بەکاریان بهێننەوە.

٢٤. زوو زوو پشکنین بۆ تایەی ئۆتۆمبێلەکانتان بکەن، چونکە ئەگەر تایەی ئۆتۆمبێلەکانتان بئاوسێن سووتەمەنیی زیاتر بەکار دەهێنن. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی