کۆبوونەوەی نەتانیاهۆ و ترەمپ؛ لە هێرشەکانی سەر ئێرانەوە تا ئاگربەستی غەززە

#ترەمپ#نەتەنیاهۆ#غەززە#ئێران#ئەتۆم#ئاگربەست#بارمتە
19 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • بڕیارە هەفتەی داهاتوو، ترەمپ بۆ جاری سێیەم لە کۆشکی سپی پێشوازیی لە بنیامین نەتەنیاهۆ بکات
  • شەڕی غەززە، دۆسیە و دۆخی بارمتەکان، ئەگەری ئاگربەست و پێشنیازەکانی ئەمەریکا بۆ داهاتووی کەرتی غەززە، تەوەری سەرەکیی کۆبونەوەکەیە
  • دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و هێرشی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران تەوەرێکی کۆبونەوەکانە
Primary Asset

سبەی

بڕیارە هەفتەی داهاتوو، ترەمپ بۆ جاری سێیەم لە کۆشکی سپی پێشوازیی لە بنیامین نەتەنیاهۆ بکات، دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئەو دامەزراوانە، شەڕی غەززە، دۆسیە و دۆخی بارمتەکان، ئەگەری ئاگربەست و پێشنیازەکانی ئەمەریکا بۆ داهاتووی کەرتی غەززە، تەوەری سەرەکیی کۆبونەوەکەیە.

بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، رۆژی دووشەممەی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی میوانداریی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەکات. دیدارەکە هاوتەریب دەبێت لەگەڵ هەوڵەکانی واشنتن بۆ پێداچوونەوە بە پێشهاتەکانی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و هەروەها پرۆسەی دانوستان بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەڕێوەدەچێت.

هێشتا تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبونەوەکە ئاشکرای نەکراوە، بەڵام تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان بریتی دەبن لە ئاگربەستی شەڕ و دۆخی بارمتە دەستگیرکراوەکان و گەڕان بەدوای بژاردەکانی ئاگربەست. هەروەها دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانەکانیدا هیوای خۆی دەربڕی کە لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا ئاگربەست لە غەززە رابگەیەندرێت، هەرچەندە روونکردنەوەی زیاتری بۆ ئەم پێشبینییە نەخستوەتەڕوو.

لە دوایین لێدوانیشدا سەبارەت بە دۆسیەی غەززە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: نوێنەرانمان کۆبونەوەیەکی بەرهەمدار و دوورو درێژیان لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلدا ئەنجامداوە، ئیسرائیل رازییە لەسەر ئاگربەستێکی 60 رۆژەی مەرجدار، ئەوەش دەرفەرتێکی گرنگە بۆ وەستانی شەڕ، پێویستە حەماسیش ئەو ئاگربەستە قبوڵ بکات.

بنیامین نەتانیاهۆ لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی رایگەیاند: سەردانەکەی بۆ واشنتن دەرفەتێکە بۆ بەدواداچوون بۆ دەستکەوتەکانی ئۆپەراسیۆنی "شێری هەستاوە" لە دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. ئۆپەراسیۆنێک کە بە بەشداریی راستەوخۆی ئەمەریکا ئەنجامدرا، لەو ماوەیەدا ناوەندەکانی فۆردۆ و نەتەنز و ئیسفەهان کرانە ئامانج.

بەپێی هەڵسەنگاندنی سەرەتایی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکا، ئەم هێرشانە زیانێکی بەرچاویان بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران گەیاندووە، هەرچەندە تائێستا لەناوچوونیان بەتەواوی پشتڕاست نەکراوەتەوە. 

رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، هێشتا هەندێک ژێرخانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران وەک خۆیان ماون و ئەگەر ئێران بڕیاری ئەوە بدات، ئەگەری ئەوە هەیە لە ماوەی چەند مانگێکدا چالاکییەکانی دەست پێبکاتەوە.

ئامانجیکی دیکەی سەردانەکەی نەتەنیاهۆ، چارەنووسی نزیکەی 50 بارمتەیە کە لای حەماس ماونەتەوە، کە ئەگەری ئەوە هەیە کەمتر لە نیوەیان لە ژیاندا مابنەوە، ناکۆکی سەرەکی لە دانوستانەکانیشدا پەیوەندی بە پێناسەکردنی ئاگربەستەوە هەیە؛ ئایا ئەم رێککەوتنە وەک کۆتایییەکی تەواوەتی شەڕ سەیر دەکرێت یان تەنها وەستانێکی کاتی.

دوو سیناریۆی سەرەکی بۆ ڕێککەوتنەکە هەن، لە سیناریۆی یەکەمدا ئاگربەستی 60 رۆژە و نیوەی بارمتەکان ئازادبکرێن لە بەرامبەر ئازادکردنی سەدان زیندانی فەلەستینی. لە سیناریۆی دووەمدا، کە بەشێکە لە پلانە پێشنیازکراوەکەی ئیدارەی ترەمپ، سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکرێن و لە هەمان کاتدا، شەڕ کۆتایی دێت؛ جیاوازییەکە ئەوەیە کە هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ناوچە سنوورییەکانی غەززە دەمێننەوە.

هەروەها کۆشکی سپی پلانێکی بۆ ڕادەستکردنی ئیدارەی کەرتی غەززە بە وڵاتانی عەرەبی وەک ئیمارات و میسر و سعودیە پێشنیاز کردووە. ئەم پێشنیازە تائێستا رووبەڕووی دژایەتییەکی روون نەبووەتەوە، بەڵام بەدیهێنانی پێویستی بە کۆدەنگیی ناوچەیی و هاوکاریی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان و وڵاتانی عەرەبی هەیە.

سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا، لەمساڵدا سێیەم دیداری ناتانیاهۆیە لەگەڵ ترەمپ. پێشتریش لە مانگی شوبات و نیساندا سەردانی بۆ واشنتنی کردبوو.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی