سبەى
چاوەڕواندەکرێت چوارچێوەى هەماهەنگى دەسەڵاتدار لە عێراق کۆبێتەوە بەئامانجى یەکلاکردنەوەى هەڵوێستى خۆى لەبارەى چارەسەرى کێشەى نەوت و مووچە لەگەڵ هەرێمى کوردستان.
عەلى فەتلاوى سەرکردە لە چوارچێوەى هەماهەنگى رایگەیاند، سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى لەچەند کاتژمێرى داهاتوودا بە ئامادەبوونى سەرۆک وەزیران کۆبوونەوەیەکى گرنگ ئەنجام دەدەن بۆ تاوتوێکردنى پێشنیازى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەچەند رۆژى داهاتوودا.
وتیشى “ئەو کۆبوونەوەیە یەکلاکەرەوە دەبێت لەبارەى ئەو دۆسیەیە کە ماوەیەکى زۆرە پەکخراوە”.
بەوتەى فەتلاوى، چوارچێوەى هەماهەنگى لەگەڵ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستاندایە بەپێی مەرج و رێککەوتنەکان کە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ دەکرێت، دواى ئەوەى محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیران پێشنیازەکان لە کۆبوونەوەکەدا دەخاتەڕوو.
هەردوو شاندى دانوستانکارى هەرێمى کوردستان و عێراق دواى چەندین کۆبوونەوە بەدرێژایی رۆژانى رابردوو لێکتێگەیشتنێکییان بۆ چارەسەرى کێشەى نەوت و مووچە ئامادە کردووە و رادەستى سودانیان کردووە بۆ بڕیاردان لەسەرى و چاوەڕواندەکرێت سودانى بیخاتە بەردەم ئەندامانى چوارچێوەى هەماهەنگى.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمى کوردستان رۆژى چوارشەممە رایگەیاند، هەموو نەرمییەکیان نواندووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، لە پێناوی بڕینی هەموو ئەو “پاسا و بیانووانەی” کە بەغداد بەکاریهێناون بۆ نەناردنی مووچە.
ئەنجومەنەکە دواى کۆبوونەوەى ئاسایی خۆى لە راگەیەنراوێکدا کە دەست “سبەى” کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە ، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان هەر دوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کە لە هەولێر و بەغداد، بەئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان ئەنجامدران، کە تایبەت بوون بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و بەدواداچوونی خەرجکردنی مووچەکانی هەردوو مانگی پێنج و شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران جەختدەکاتەوە، هەر پابەندییەک لە سەر هەرێمی کوردستان بووە، بەزیادەوە جێبەجێی کردووە و هەرێم هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕاندنەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.
دەشڵێت، "ئێستا هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بە هەموو شێوەیەک ئامادەیی هاوکاریان لە گەل حکومەتی فیدڕال پێشان داوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت ئەویش لە پێناوی بڕینی هەموو ئەو پاسا و بیانووانەی کە بەغدا بەکاریهێناون بۆ نەناردنی مووچەی موچەخۆرانی خەڵکی کوردستان".
"ئێستا هەموو لایەک چاوەڕێی بڕیاری حکومەتی فیدڕاڵ دەکەن بۆ پەسەندکردنی ئەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوان هەردوولا بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان هاتووەتە ئاراوە، بە تایبەتی کە هەموو بابەتەکانی پەیوەندیدار بە لیستی مووچە و ژمارەی وەزیفیی و تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە و وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم و بە بانکیکردنی مووچەی هەرێم و ناردنی ڕێژەی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم جێبەجێکراون"، ئەوەش بەپێى راگەیەنراوەکە.
جەختیشدەکاتەوە، بەغداد دەبێت کۆتایی بە سیاسەتی نەناردنی مووچەی خەڵکی کوردستان بهێنێت کە مووچە، مافێکی ئاسایی و یاسایی و دەستووری مووچەخۆرانی هەرێمە و بە هەموو یاسا و ڕێسایەک، نابێت لەژێر هیچ پاساوێک ، لەم مافەی خۆیان بێبەش بکرێن.