ئەمەریکا: پێویستە دەستبەجێ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە

#نەوت#هەناردەکردن#نەوتی هەرێمی کوردستان#ئەمەریکا#بەغداد#رێککەوتن
7 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوا دەکات دەستبەجێ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە دەستپێبکاتەوە
  • تامی بروس: راگرتنی هەناردەی نەوت زیانی بە سێ کۆمپانیای ئەمەریکا گەیاندووە
  • وەزارەتی دەرەوە: راگرتنی هەناردەی نەوت لە رێگەی تورکیاوە هەژموونی ئێرانی لە ناوچەکە زیاتر کردووە
Primary Asset

تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

سبەی

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوا دەکات دەستبەجێ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە دەستپێبکاتەوە و ئاشکرای دەکات، راگرتنی هەناردەی نەوت زیانی بە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا گەیاندووە و هەژموونی ئێرانی لە ناوچەکە زیادکردووە.

تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پێویستە دەستبەجێ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق- تورکیاوە دەستپێبکاتەوە، راوەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم زیانی بە سێ کۆمپانیای ئەمەریکی گەیاندووە، لەبەرامبەردا هەژموونی ئێران زیادیکردووە، ئەوەش پرسێکە جێگا قبوڵ کردن نییە.

 بروس، هانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەدات بەشێوەیەکی خێرا دەستبەکاربن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتدان و لەوبارەیەوە دەڵێت: هێڵی گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ تورکیا، رێگەیەکی جێگرەوەیە بۆ هەناردەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهان، ئەوەش لە سودی ئابوری عێراق و هەرێمی کوردستان و هەروەها ئەو کۆمپانیای ئەمەریکیانەیە کە لە عێراق کاردەکەن، بۆیە کردنەوەی ئەو هێڵە جگە لەوەی لە بەرژەوەندی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان و عێراقە، سودی بۆ ناوچەکەی بە گشتی هەیە.

حکومەتی هەرێم: هەموو نەرمییەکمان نواندووە

رۆژی چوارشەممە (2ـی تەمموزی 2025) ئەنجومەنى وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان هەر دوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە هەولێر و بەغداد، بەئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان ئەنجامدران، کە تایبەت بوون بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و بەدواداچوونی خەرجکردنی مووچەکانی هەردوو مانگی پێنج و شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران جەخت دەکاتەوە، هەر پابەندییەک لە سەر هەرێمی کوردستان بووە، بەزیادەوە جێبەجێی کردووە و هەرێم هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕاندنەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ.

ئاماژەی بەوەکردوە "ئێستا هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بە هەموو شێوەیەک ئامادەیی هاوکاریان لە گەل حکومەتی فیدراڵ پێشانداوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت ئەویش لە پێناوی بڕینی هەموو ئەو پاسا و بیانووانەی کە بەغدا بەکاریهێناون بۆ نەناردنی مووچەی موچەخۆرانی خەڵکی کوردستان".

"ئێستا هەموو لایەک چاوەڕێی بڕیاری حکومەتی فیدڕاڵ دەکەن بۆ پەسەندکردنی ئەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشانەی کە لە چەند رۆژی ڕابردوودا لە نێوان هەردوولا بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان هاتووەتە ئاراوە، بە تایبەتی کە هەموو بابەتەکانی پەیوەندیدار بە لیستی مووچە و ژمارەی وەزیفیی و تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە و وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم و بە بانکیکردنی مووچەی هەرێم و ناردنی ڕێژەی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم جێبەجێکراون"، ئەوەش بەپێى راگەیەنراوەکە.

چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاردەدات

چاوەڕوان دەکرێت چوارچێوەى هەماهەنگى دەسەڵاتدار لە عێراق کۆبێتەوە بەئامانجى یەکلاکردنەوەى هەڵوێستى خۆى لەبارەى چارەسەرى کێشەى نەوت و مووچە لەگەڵ هەرێمى کوردستان.

عەلى فەتلاوى سەرکردە لە چوارچێوەى هەماهەنگى رایگەیاند، سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى بەمنزیکانە بە ئامادەبوونى سەرۆک وەزیران کۆبوونەوەیەکى گرنگ ئەنجام دەدەن بۆ تاوتوێکردنى پێشنیازى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەچەند رۆژى داهاتوودا.

وتیشى: “ئەو کۆبوونەوەیە یەکلاکەرەوە دەبێت لەبارەى ئەو دۆسیەیە کە ماوەیەکى زۆرە پەکخراوە”.

بەوتەى فەتلاوى، چوارچێوەى هەماهەنگى لەگەڵ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستاندایە بەپێی مەرج و رێککەوتنەکان کە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ دەکرێت، دواى ئەوەى محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیران پێشنیازەکان لە کۆبوونەوەکەدا دەخاتەڕوو.

هەردوو شاندى دانوستانکارى هەرێمى کوردستان و عێراق دواى چەندین کۆبوونەوە بەدرێژایی رۆژانى رابردوو لێکتێگەیشتنێکییان بۆ چارەسەرى کێشەى نەوت و مووچە ئامادە کردووە و رادەستى سودانیان کردووە بۆ بڕیاردان لەسەرى و چاوەڕواندەکرێت سودانى بیخاتە بەردەم ئەندامانى چوارچێوەى هەماهەنگى.

زیاتر لە دوو ساڵە هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە

هەرێم و بەغداد دەیانەوێت لە رێگەی گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردە و رادەستكردنی نەوتی هەرێمەوە بە بەغداد كێشەی مووچە چارەسەر بكەن، كە زیاتر لە دوو ساڵە هەناردەكردنی راگیراوە، لەكاتێكدا دانوستانەكانی چەند مانگی رابردووی هەردولا لەو بارەیەوە شكستیان هێنا.

رێككەوتنی كۆتایی

رۆژی 23ـی شوباتی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت بەپێی بڕی بەردەست رایگەیاند.

وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی 28ـی شوباتی دیاریكرد بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان (ئەپیكۆر) پڕۆسەكە دەستی پێنەكردەوە.

دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان

مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2014 بۆ یەكەمین جار نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوە كرا. نەوتەكە بۆ ماوەی نۆ ساڵ و سێ مانگ دەگەیەندرایە بەندەری جەیهانی توركیا و لەوێوە ڕەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرا كە لە ساڵانی كۆتایی پرۆسەكەدا، ئەو نەوتەی هەناردە دەكرا بڕەكەی 400 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بوو، بەڵام سكاڵایەكی حكومەتی عێراق، كۆتایی پێهێنا.

رۆژی 25ـی ئازاری ساڵی 2023، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس ڕاگیرا، بەو پێیەی عێراق لە سكاڵایەكیدا لەو دادگایە، توركیای تۆمەتباركردبوو بە پێشێلكردنی "ڕێككەوتننامەی هێڵی گواستنەوەی نەوت"ـی ناسراو بە (كەركوك – جەیهان) كە ساڵی 1973 لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژوكراوە، بە جۆرێك وەك حكومەتی عێراق لە دادگای ناوبژیوانیی پاریس ڕایگەیاندبوو، توركیا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد، نەوتی هەرێمی كوردستانی گواستووەتەوە بۆ بەندەری جەیهان و لەوێوە نەوتەكە بە كەمتر لە نرخی خۆی (كە بە تێكڕا 10 دۆلار كەمتر بوو بۆ هەر بەرمیلێك) فرۆشراوە. جگە لە ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوت، عێراق داوای قەرەبووكردنەوەی لە توركیا دەكرد، دادگاش ئەنكەرەی پابەندكرد 1.5 ملیار دۆلار بدات بە بەغداد.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی