بەنداوى فورات تواناى لەخۆگرتنى 14 ملیار مەتر سێجا ئاوى هەیە
سبەی
ئاستى ئاوى بەنداوی فورات لە سوریا بەڕێژەیەکى بەرچاو کەمبووەتەوە و ئەگەر بەو رێژەیە بەردەوام بێت چاوەڕواندەکرێت لە داهاتوودا لەکارکردن بوەستێت، ئەوەش بەهۆى کەمى بەردانەوەى ئاو لە تورکیاوە.
دەسەڵاتی وزەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئاوی بەنداوى فورات بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی دانیشتووان بەکاردەهێنێت. ئەمەش وادەکات کە ناوچەکە لە لێواری کارەساتێکی مرۆییدا بێت کە لە مێژووی ئەم دواییەی ناوچەکەدا رووینەداوە، لەگەڵ کەمبوونەوەى مەترسیدارى ئاستى ئاوى بەنداوەکە.
عیماد عوبێد، سەرۆکی ئیدارەی بەنداوەکانی هەرێمی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، بەنداوی فورات لە "ئاستی وشکبوون" نزیک دەبێتەوە و ئەو بڕە ئاوەی ئێستا دەڕژێتە ناو بەنداوەکە لەدەستدەچێت، چونکە ئاستی ئاو زیاتر لە 7 مەتر دابەزیوە و گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.
وتیشى "هەروەها لەسەدا 80ی ئاستى ئاوى گلدراوەى بەنداوەکە بەکارهێنراوە و ئێستا بەنداوەکە زۆر نزیکە لە گەیشتن بە ئاستی مردوو. ئەمەش بەو مانایەیە کە کارکردن بە تەواوی دەوەستێت. لەگەڵ کەمی ئاو، پێدانی کارەبا بۆ کەمتر لە 10 کاتژمێر کەم بووەتەوە".
بەنداوی فورات کە بە بەنداوی تەبقەش ناودەبرێت، دەکەوێتە سەر ڕووباری فورات لە شاری تەبقە و تواناى لەخۆگرتنى 14 ملیار مەتر سێجا ئاوى هەیە و زۆرترین ئاستی دەریاچەکە لە بارودۆخی ئاساییدا 304 مەتر دەبێت. لە 17ی تەمموزی 1987، سوریا لە ماوەی پڕکردنەوەی بەنداوی ئەتاتورکدا ڕێککەوتنێکی کاتی لەگەڵ سوریا ئەنجامدا، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە تورکیا بەڵێنیدا کە لە 500 م3/ لە کاتژمێرێکدا کەمتر بەرنەداتەوە بۆ سنووری سوریا.
هەروەها لە 17ی نیسانی ساڵی 1989، سوریا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ عێراق واژۆکرد، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ئاوەکە بە ڕێژەی 42% بەسەر سوریا و 58% بەسەر عێراقدا دابەشدەکرێت، کە یەکسانە بە 6.627 ملیار مەتر سێجا ساڵانە بۆ سوریا و 9.106 ملیار مەتر سێجا بۆ عێراق.
بەنداوەکە یەکێکە لە گرنگترین بەنداوەکانی سوریا لە کۆنکرێت و پۆڵا دروستکراوە و بە شێوەیەک کە بەرگەی بوومەلەرزە بەگوڕى حەوت پلەى رێختەر بگرێت.
مەجید عەبدۆ، هاوسەرۆکی دەستەی وزەی کانتۆنی تەبقە رایگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵدا تا 16 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا کارەبا لەبەنداوەکە بەرهەمدەهێنرا، بەڵام لەگەڵ کەمبوونەوەی بەردەوامی دابینکردنی ئاو، کاتژمێرەکانی کارکردن بۆ کەمتر لە 10 کاتژمێر دابەزیوە.
دەستەی وزەی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ وەزارەتی وزەی حکومەتی کاتى سوریا گەیشتووەتە ڕێککەوتنێک بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە کەرتی وزەدا. بەڵام هێشتا ئەم ڕێککەوتنە نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەبارەت بە کەرتی کشتوکاڵ، ئەحمەد عبید هاوسەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری کانتۆنی تەبقە، ئاماژەی بەوەدا کە کەمی ئاوی ڕووباری فورات بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکان نەچێنرێن و پڕۆژەکانی ئاو کە پێشتر 24 کاتژمێر کاریان دەکرد، ئێستا تەنها بۆ ماوەی 12 کاتژمێر کاردەکەن.
ڕۆژی 24ی ئایار، عێراق رێککەوتنێکى لەگەڵ تورکیا راگەیاند بۆ گەڕاندنەوەی بڕی ئەو ئاوەی کە تورکیا بۆ ڕووباری فورات بەریدەداتەوە بۆ 500 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا. بەڵام تورکیا پابەند نەبوو بەو رێککەوتنەوە و حکومەتی کاتى سوریاش بێدەنگى هەڵبژاردووە لەکاتێکدا ژیانی ملیۆنان سوری لە مەترسیدایە کە پشت بە ئاوى روبارى فورات دەبەستن.