فڕۆکەى ئێف 35 ى ئیسرائیلى لەکاتى بەڕێکەوتنیان بۆ بۆردومانکردنى ئێران
سبەى
لە جەنگى 12 رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل و لەدواى کۆتایی هاتنى جەنگەکەش، دەزگاکانی ڕاگەیاندنى ئێران، ڕاپۆرتی زۆریان لەبارەى بەئامانجگرتنی چەند فڕۆکەیەکی جەنگی ئێف 35ی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بڵاوکردۆتەوە، لەکاتێکدا ئیسرائیل سەرجەم راپۆرتەکان لەو بارەیەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، هەموو فڕۆکەکان و فڕۆکەوانەکانیان بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە بنکەکانیان.
راپۆرتەکانی بەشێک لە میدیاکان و بەرپرسانی ئێران لەبارەى بەئامانجگرتنی ئەم فڕۆکەیە - کە بە پێشکەوتووترین فڕۆکەی جەنگی ڕۆژئاوا ناسراوە - باس لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە نزیک وەرامین و تەبرێز و کرماشان دەکەن و تەنانەت بانگەشەی ئەوە دەکەن کە "فڕۆکەوانێکی ژنی ئیسرائیلی دوای کەوتنەخوارەوەى فڕۆکەکەى دەستگیرکراوە".
هەژمارى فارسی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردنەوەی چاوپێکەوتنێکى لە تەلەفزیۆنی ئێران کە ئەو بانگەشەیەى وروژاند پووچەڵکردەوە. هەروەها ئەو فڕۆکانەی بە شاکارێکى هێزى ئاسمانى وڵاتەکەى ناوبرد و بەشێوەیەکى تەنز ئامێز نوسیویەتى: "بۆچی تا ئێستا وێنەی فڕۆکەوانە دیلەکانمان بڵاوناکەنەوە، ئێمە زۆر نیگەرانین".
لە چاوپێکەوتنێکدا لە تەلەفزیۆنی ئێران، بەرپرسێکى ئەو وڵاتە هۆکاری پیشاننەدانی "وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکانی فڕۆکە جەنگە تێکشکێنراوەکان"ى گەڕاندەوە بۆ بابەتی ئەمنی و سەربازیی و ڕەتیدەکاتەوە وەڵامی ڕاستەوخۆى پرسیارێک لەو بارەیەوە بداتەوە.
ئایا ئێران توانای شوێنپێهەڵگرتن و بە ئامانجگرتنی فڕۆکەى ئێف 35ی هەیە؟
بانگەشەی بەرپرسان و میدیاکانی ئێران، سەرنجی میدیاکانی جیهان و شرۆڤەکارانی بەرگری راکێشاوە. جەستن برانکۆ، پرۆفیسۆر و لێکۆڵەری هێزی ئاسمانی و تەکنەلۆجیا لە دامەزراوەی(RUSI)ی بەریتانیا بە بی بی سی رایگەیاند، "بە لەبەرچاوگرتنی توانا سەربازییەکانی ئێران ئەم جۆرە بانگەشانە جێی متمانە نین".
هەرچەندە ئێران پێشکەوتنی لە پەرەپێدان و جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی جۆراوجۆردا بەدەستهێناوە - لەوانەش باوەر-373 و سیستمەکانی دیکەی بەرهەمهێنراوی ناوخۆ، بەڵام هێشتا کاریگەریى ئەم سیستمانە بە لاوازتر لە سیستەمی پێشکەوتووی ڕۆژئاوایی یان ڕووسی دادەنرێت، بەتایبەتی لە ڕووی دیاریکردنى ئامانج، مەودا و و تواناى پێکانى ئامانجەکەى. بەشێوەیەکی گشتی بەرگری ئاسمانی ئێران بە ڕێگرێک دادەنرێت، بەڵام سیستمێکی تێنەپەڕێنراو یان کاریگەر نییە بەرامبەر بە فڕۆکە جەنگییە مۆدێرنەکان.
ئایا بەڵگە هەیە لەسەر کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی ئێف 35ی ئیسرائیل؟
جگە لە خەمڵاندنە تەکنیکی و سەربازییەکان، بەڵگەیەک کە دەتوانێت بانگەشەى ئێران پشتڕاست بکاتەوە، بڵاوکردنەوەی وێنەی پاشماوى تێکشکاوى فڕۆکەیەکە بە ژمارەی زنجیرەیی لەسەر پەیکەرى فڕۆکەکە، کە دەتوانرێت بە ئاسانی پشتڕاست بکرێتەوە. بەڵام تا ئێستا جگە لە چەند وێنەیەکی دروستکراوی زیرەکی دەستکرد یان پاشماوەى فڕۆکە جەنگییەکانی دیکە کە پەیوەندییان بەو ململانێیەی ئەم دواییە نییە، هەروەها وێنەی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا کە لە ئۆکرانیا کەوتوونەتە خوارەوە، هیچ وێنەیەکی دیکە بڵاونەکراوەتەوە کە سەرنجی میدیای بێلایەن یان توێژەرانی سەربازیی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.
بەڵام ئەوە پێچەوانەی خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیلە. میدیاکانی ئێران وێنەی ڕوونی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلیان بڵاوکردەوە کە لەکاتی جەنگدا لەلایەن بەرگرییەکانەوە کراونەتە ئامانج و ئیسرائیلیش پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەو دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە خراونەتە خوارەوە.
هەرچەندە میدیاکان ژمارەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئیسرائیلیان بە 17 فڕۆکە راگەیاند، بەڵام هێشتا بەڵگەی باوەڕپێکراو لەسەر پاشماوەى سەرجەم ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە بڵاونەکراوەتەوە.
بەڵام تا ئێستا میدیاکانی ئیسرائیل هیچ هەواڵێکیان لەبارەی گرتن یان کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بڵاونەکردۆتەوە و ڕاپۆرتەکانی میدیا ئێرانییەکانیان بە "پڕوپاگەندە" ناوبردووە.
تایبەتمەندییەکانی F-35 چین؟
لە کاتێکدا ژمارەی وردی فڕۆکە جەنگییەکانی ناو هێزی ئاسمانی ئیسرائیل نهێنییە، بەڵام ڕاپۆرتە میدیاییەکان و لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل نزیکەی 40 فڕۆکەی ئێف 35 و نزیکەی 75 فڕۆکەی ئێف 15 و زیاتر لە 190 فڕۆکەی ئێف 16ی هەیە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک نییە کە چەند لەو فڕۆکانە کاردەکەن.
فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 پێوەرێکی جیهانییە بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی نەوەی پێنجەم. دیزاین و کەرەستەی بەکارهێنراو لە دروستکردنیدا وا دەکات نزیک بێت لە نەبینراوی بۆ ڕادارەکانی دوژمن. بەڵام ئەوە تاکە تایبەتمەندی ئەم فڕۆکەیە نییە.
دیزاینی فڕۆکەی F-35 لەسەر سێ پایە دامەزراوە کە جیای دەکاتەوە لە هەموو نەوەکانی پێشووی فڕۆکەی جەنگی و پێکهاتوون لە:
شاراوەیی: شێوەی پەیکەربەندى فڕۆکەی ئێف 35 و ئەو کەرەستانەی کە لە دروستکردنیدا بەکارهێنراون و سیستەمی ناوەوەی ڕێگەی پێدەدەن تا ڕادەیەکی زۆر لەسیستمەکانى ڕادار بە شاراوەیی بمێنێتەوە. لەوانەیە ئەم فڕۆکەیە وەک باڵندەیەک لە ڕاداری دوژمن دەربکەوێت یان بە تەواوی بە شاراوەیی بمێنێتەوە.
هەستەوەری پێشکەوتوو: ڕەنگە زیادەڕەوی بێت، بەڵام هەندێک ڕاپۆرت ئەم فڕۆکەیەیان بە سوپەرکۆمپیوتەرێکی فڕیو وەسف کردووە. ڕادار و هەستەوەرە پێشکەوتووەکانی بینینی 360 پلە بە فڕۆکەوانەکە دەبەخشێت و فڕۆکەوانەکەش دەتوانێت بە بەکارهێنانی کڵاوەکەی ئامانجەکان دیارى بکات. فڕۆکەکە زانیاری بەرفراوان لە کاتی فڕیندا کۆدەکاتەوە کە بۆ بەشەکانی تری ئۆپەراسیۆنەکە زۆر گرنگە.
شەڕی تۆڕى میحوەر: ئەم فڕۆکەیە لە یەک کاتدا زانیاری کۆکراوە لەگەڵ گروپی فەرماندەیی و ئۆپەراسیۆن لە ڕێگەی تۆڕێکی پارێزراوەوە هاوبەشى پێدەکات، کە بە تایبەتمەندییەکی پێشکەوتوو لە پیشەسازی سەربازیدا دادەنرێت.
بۆچی فڕۆکەی ئێف 35 بۆ ئیسرائیل گرنگە؟
لە کاتێکدا زیاتر لە دەیان وڵات فڕۆکەی F-35بەکاردەهێنن، وەشانی ئیسرائیلییەکەی F-35I "Adir" ناوازەیە. ئیسرائیل تاکە هاوبەشی بەرنامەی F-35 یە کە مۆڵەتی لە ئەمەریکا وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری قووڵ لە فڕۆکەکەدا، گۆڕینی بۆ سیستەمێکی چەکی تایبەتمەند کە بەپێی پێداویستییە ستراتیژییە تایبەتەکانی خۆی بگونجێت. ئەم گۆڕانکاریانە لەسەر مێشکی ئەلیکترۆنی و توانای چەکی فڕۆکەکەیە. زانیاری کەم بەڵام زۆر تایبەتمەند سەبارەت بە سروشتی ئەم گۆڕانکاریانە لەبەردەستدایە.