سبەى
وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا رایگەیاند، هەڵوێستى خۆیان لەبارەى قسەکانى ئەم دواییەى محەمەد شیاع سودانى سەۆک وەزیرانى عێراق رادەگەیەنن لەبارەى پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات لەدواى شەڕى ئێران و ئیسرائیل.
تامى بروس وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا لە لێدوانێکى رۆژنامەنوسیدا ئاماژەى بەوەدا، واشنتن تاوتوێی قسەکانى سەۆک وەزیرانى عێراق دەکات لەبارەى ناکۆکییەکانى نێوان بەغداد و واشنتن، لەگەڵ بوونى راپۆرتەکان لەبارەى ئامادەیی عێراق بۆ خێراکردنى پڕۆسەى کڕینى سیستمى رادار لە کۆریاى باشور، بەهۆى پێشهاتەکانى ئەم دواییەى ناوچەکەوە.
وتیشى واشنتن لەچەند کاتژمێرى داهاتوودا هەڵوێستى خۆى لەو بارەیەوە رادەگەیەنێت.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرەتاى ئەم مانگە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى (بی بی سی)، رەخنەى لە ئەمەریکا گرت لەبارەى شێوازى مامەڵەکردنى لەگەڵ پێشێلکردنى ئاسمانى عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە و دەڵێت، مامەڵەى واشنتن لەو بارەیەوە رەنگە پەیوەندییەکانیان وەک دوو هاوبەش لەبارببات.
لە میانەی شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، فڕۆکەکانی ئیسرائیل چەندین جار ئاسمانی عێراقیان بەکارهێنا بۆ بۆردومانکردنی ئامانجەکان لە قوڵایی خاکی ئێران، کە سودانی بە پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەی وەسفی کرد. عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵاى لەسەر ئیسرائیل تۆمار کرد لەو بارەیەوە.
سودانى ئاماژەى بەوەکردبوو، کاتێک سوپای پاسدارانی ئێران مووشەکی بەرەو خاکی عێراق هەڵدا، بنکە ئەمەریکییەکانی کردە ئامانج، وەک تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، یان کاتێک گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانی لە هەرێمى کوردستان کردە ئامانج، ئەمەریکا بە بەردەوامی و بە توندی ئێرانی تۆمەتبار دەکرد بەوەی کە تاران رێزى لەسەروەری دراوسێیەکەی نەگرتووە. بەڵام کاتێک هاتە سەر ئیسرائیل وەڵامی نەدایەوە.
سودانی هاوڕایە لەسەر ئەوەی کە ئەمە "پێوەرێکی دوو فاقییە" و مامەڵەیەکى لەو شێوەیە لەلایەن ئەمەریکاوە دەکرێت هاوبەشى لەنێوان بەغداد و واشنتۆن لەبارببات.
سەرەڕاى دژایەتى عێراق بۆ رێگریکردن لە پێشێلکردنى ئاسمانەکەى لەکاتى جەنگى 12 رۆژەدا، بەڵام هیچ کەسێک نەیتوانی ڕێگری لە فڕینی فڕۆکەکانى ئیسرائیل بکات لە ئاسمانی عێراقدا.
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەتەکەی خاڵە لاوازەکانی ژێرخانی بەرگریی وڵاتەکەی دەستنیشانکردووە و لە ئێستاوە دەستیکردووە بە کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە کۆریای باشوور و فەرەنسا. بەڵام دوای پەرەسەندنی ئەم دواییە بڕیاریدا پرۆسەکە خێراتر بکات.
سودانی رونیکردەوە، "سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی گونجاومان نییە بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو جۆرە پێشێلکارییانە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە لەڕاستیدا عێراقی ڕاکێشا بۆ شەڕێک کە لایەنێک نەبووە تێیدا".
جەختیشیکردەوە، بەردەوام دەبن لەسەر پلانەکانیان، رێگە نادەن هیچ وڵاتێک - جا ئیسرائیل بێت یان هەر کەسێکی تر - ئاسمانی عێراق پێشێل بکات، هەموو ڕێگەیەکیش بۆ ئەو ئامانجە بەکاردەهێنن.
سودانی دووپاتی کردەوە کە عێراق بەشێکى لە سیستەمێکى ڕادار وەرگرتووە و ئەمساڵیش بەشی زۆری ئەو سیستمە وەردەگرێت، هەروەها لە کۆریاى باشوریشەوە سیستمى پێشکەوتوویان پێدەگات.
خاڵى داڕمان
پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق لە خاڵی "داڕمان" نزیک دەبێتەوە، لە ژێر ڕۆشنایی "دوو ریانێک" کە بەغدادى لە نێوان دوو هاوبەشی ناکۆک (واشنتۆن و تاران) گەمارۆداوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى پەیمانگاى "ئەنجوومەنی ئەتڵەسی".
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و عێراق پێش سەرهەڵدانی جەنگى نێوان ئیسرائیل و ئێران ئاڵۆز بوون و ئەو جەنگەش دۆخەکەی زیاتر ئاڵۆزتر کردووە. دژایەتی جەماوەری بۆ بوونى سەربازی ئەمەریکا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی رۆڵی هێزەکانی ئەمەریکا و گواستنەوە بۆ مۆدێلێکی نوێی هاوکاری ئەمنی. هەروەها هەڕەشەى کوتلە چەکدارە پاڵپشتییەکانی ئێران بۆ سەر هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا، لە کاردانەوەیان بۆ پاڵپشتی واشنتۆن بۆ ئیسرائیل، وایکردووە هۆکارەکان بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوری و ئەمنییەکان کەم ببێتەوە.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەو دۆخەدا، پەیمانگاکە پێی وایە، ئەو پەیوەندییە ئەمڕۆ تەنها دوو بژاردەى لەبەردەمدایە: پاراستنی دۆخی ئێستا، یان هەنگاونان بەرەو دابڕانێکى تەواو کە خزمەت بە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک ناکات.
سەرەڕای گرژییەکان، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە هەندێک پێشکەوتن لە پەیوەندییەکان دەکات، بەتایبەتی دوای سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن لە نیسانی ٢٠٢٤، ئەمەش خواستی بەردەوامی نیشان دەدات بۆ پاراستنی هاوکارى نێوانیان.
بەڵام راپۆرتەکە هۆشداری دەدات لە ئەگەری وەستانى بەغداد لە تەنیشت تاران، بەتایبەتی ئەگەر فشارەکان زیاتر ببن، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی کۆتایی هاتنی بوونی ئەمەریکا لە عێراق.
واشنتۆن هێشتا دەرفەتی ئەوەی هەیە پەیوەندییەکە بەهێزتر بکات بە پاڵپشتیکردنی عێراق لە کەمکردنەوەی پشتبەستنی ئابووری و وزە بە ئێران. بەڵام سەرکەوتنى ئەو رێگایە به نده به هاوسەنگییەکى ناسک له نێوان ڕووبەرووبوونەوەی هەژموونى ئێران و دورکەوتنەوە لە هەراسانکردنى.
راپۆرتەکە باس لە ئەگەری پەنابردنى عێراق بۆ وەڵامدانەوەی سەربازی بۆ پێشێلکارییەکانی ئاسمانی ئیسرائیل دەکات، کە گروپە چەکدارەکان دەتوانن دۆخەکە بقۆزنەوە بۆ پاساودان بە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەژێر ئاڵای "بەرگریکردن لە سەروەری عێراق".
پەیمانگاکە پێیوایە کە پەرەسەندنێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی ئەوەی واشنتۆن زۆربەی بەرنامەکانی هاوکاری ئەمنی ڕابگرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی خێراترکردنی داڕمانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان. بەڵام ڕاپۆرتەکە بەدوورى دەزانێت عێراق بەتەواوەتی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران هەڵبژێرێت بەو پێیەى گروپەکانى پەیوەست بە تاران لە ئەگەری هەڵکشانى گرژییەکان زیانیان بەردەکەوێت، بەتایبەتی لەسەر ئاستی تۆڕی قاچاخچێتی نەوت، کە ساڵانە زیاتر لە یەک ملیار دۆلاریان دەستدەکەوێت.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى (بی بی سی)، رەخنەى لە ئەمەریکا گرت لەبارەى شێوازى مامەڵەکردنى لەگەڵ پێشێلکردنى ئاسمانى عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە و دەڵێت، مامەڵەى واشنتن لەو بارەیەوە رەنگە پەیوەندییەکانیان وەک دوو هاوبەش لەبارببات.
راپۆرتەکە گەیشتووە بەو ئەنجامەى کە پەیوەندی نێوان بەغداد و واشنتۆن سەرەڕاى لاوازى بژاردەى بەردەوامى لەبەردەمدایە، ئەگەر ئەمەریکا ستراتیژیی بنیاتنەر بگرێتەبەر لەسەر بنەمای دەستنیشانکردنی دەرفەتەکان و بەرزکردنەوەی هاریکاری خێرا لە بوارە دیاریکراوەکان، بەتایبەتی وزە و سەروەری ئابووری.
هەژموونى ئەمەریکا لە عێراق لە داهاتوودا لەسەر بنەمای هێزى رەق نابێت، بەڵکو لەسەر پشتیوانیکردنی سەربەخۆیی ئابووری و سیاسی دەبێت، بۆ بەرەنگاربوونەوەى فشارە هەرێمایەتییە بەردەوامەکان، ئەوەش بەپێی راپۆرتەکە.