ئاگرى دواى کەوتنەخوارەوەى درۆنێک لە سنورى تاسڵوجە لە سلێمانى
سبەى
ئەنجامدەرانى هێرشە مووشەکى و درۆنییەکانى هەولێر و سلێمانى و زاخۆ و کەرکوک بەنادیارى ماونەتەوە، لەکاتێکدا لێکۆڵینەوەکان لەو بارەیەوە بەردەوامن، بەشێک لە شارەزایانیش پێیانوایە هێرشەکان بەشێکن لە لێکەوتەى شەڕى 12 رۆژەى ئێران و ئیسرائیل.
لە نێوان 22 ى حوزەیران بۆ 1 ى تەمموز، چوار هێرش بە چوار مووشەک و پێنج درۆن کرانە سەر سنورى هەولێر و سلێمانى و زاخۆ و کەرکوک، دام و دەزگا ئەمنییەکان لەدواى هێرشەکانەوە لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە، بەبێ ئەوەى ئەنجامدەرى هێرشەکان دیارى بکەن، لەکاتێکدا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتى خۆى لە هێرشەکان دەرنەبڕیوە.
هێرشەکەى سلێمانى
هێرشەکەى سلێمانى درەنگانى شەوى 1ى تەمموز لە رێگەى دوو درۆنەوە ئەنجامدرا کە یەکێکیان لە نزیک ناوچەی نیشتەجێبوون لە سنورى تاسڵوجە کەوتەخوارەوە، ئەوەى دیکەشیان بەدوورى چەند کیلۆمەترێک لەنزیک بارەگاى فەرماندەیی هێزەکانى 70 ى پێشمەرگە کەوتە خوارەوە، کە فەرماندەییەکە دەڵێت خستویاننەتە خوارەوە.
ئەحمەد لەتیف وتەبێژى هێزەکانى 70 ى پێشمەرگە رۆژى چوارشەممە بە "سبەى" راگەیاند، ئاسایش لێکۆڵینەوە لەو پرسە دەکات. "سبەى" پەیوەندى بە سەلام عەبدولخالق وتەبێژى دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستانەوە کرد و رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لەو بارەیەوە بەردەوامن.
هێرشەکەى کەرکوک
هێرشەکەى کەرکوک درەنگانى شەوى 30 ى حوزەیران لە رێگەى چوار موشەکەوە ئەنجامدرا کە لەدەوروبەرى فڕۆکەخانەى شارەکە و گەڕەکى عروبە کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە کەسێک برینداربوو.
رێبوار تەها پارێزگارى کەرکوک لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان هێرشەکەى بەستەوە بە داعشەوە کاتێک رایگەیاند، هێرشەکە دواى چەند کاتژمێرێک لە کوشتنى سێ بەرپرسى داعش هات لە سنورى کەرکوک، بەڵام هێزە ئەمنییەکان کە لەدواى رووداوەکەوە لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە، هێشتا ئەنجامەکەیان بڵاونەکردووەتەوە.
هێرشەکەى زاخۆ
بەرەبەیانى 1ی تەممووز، لە رێگەى درۆنەوە هێرشکرایەسەر سنووری ناحیەی دەرکارێی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و زیانى ماددى لێکەوتەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکى دژەتیرۆری کوردستان، درۆنەکە بۆمبڕێژکراو بووە و لە کەمپی دەرکارێ لە سنووری ناحیەی دەرکارێی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کەوتووەتە خوارەوە، جگە لە زیانی مادی، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە، بەبێ ئەوەى باسى ئەوە بکات درۆنەکە لە کوێوە هەڵدراوە.
هێرشەکەى هەولێر
رۆژى 22ی حوزەیران لە نزیک گوندی دارەبەنی سەر بە پارێزگای هەولێر، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو تێکشکێندران و خرانە خوارەوە و هیچ زیانێکی مادی و گیانییان لێ نەکەوتەوە، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى دژەتیرۆری کوردستان بەبێ ئەوەى باسى ئەوە بکات درۆنەکان لە کوێوە هەڵدراون.
لێکەوتەى شەڕ
هێرشە درۆنییەکان یەکێکیان لەکاتى شەڕى 12 رۆژەى ئێران و ئیسرائیلدا روویدا کە ئەویش هێرشەکەى سنورى هەولێر بوو، ئەوانەى دیکە لەدواى ئاگربەستى نێوان هەردوو وڵاتەوە ئەنجامدراون.
جەبار یاوەر شارەزاى سەربازى و ئەمیندارى پێشووى وەزارەتى پێشمەرگە پێیوایە، هێرشەکان پەیوەندییان بە هەلومەرجى دواى شەڕى ئیسرائیل و ئێرانەوە هەیە، کە ئێستاش هەر ئاڵۆزە و هەردوولا هەڕەشە لەیەکتر دەکەن، عێراقیش هەر لە بازنەی ئەو ململانێیەدایە، بەو پێیەى کۆمەڵێک گروپ بەناوى مقاوەمەى ئیسلامى ئەوانیش لەناو ئەو بازنەیەدان و هەڕەشە دەکەن، داعشیش هێشتا وەکو رێکخراوێکى تیرۆریستى بوونى ماوە.
جەبار یاوەر لە لێدوانێکیدا بۆ "سبەى" وتى "بابەتى هێرشە درۆنییەکانى کەرکوک و ناوچەى زاخۆ و سلێمانى پەیوەستە بەم هەلومەرجەى کە هەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لە کوێوە ئاڕاستەکراون، ئایا داعش ئەو توانایەى هەیە ئێستا بتوانێت درۆن ئاڕاستەى ئەو ناوچانە بکات، من لەو بڕوایەدا نیم داعش بتوانێت لەماوەى دوو رۆژدا پەلامارى کەرکوک بدات بە رۆکێت و دواتر بە درۆن هێرشبکاتە سەر سنورى زاخۆ و سلێمانى".
وتيشى "رەنگە هێرشەکان پەیوەندیداربن بە لایەنێکى تر کە تا ئێستا نەناسراوە، چونە هێشتا لێکۆڵینەوەیەکى ورد نەکراوە کە بزانن لەکوێوە هێرشەکان ئاڕستەکراون و کێ ئەنجامى داون، تەنانەت هێشتا ئاڕاستەى ئەو درۆنانە دیارنین کە لەکوێوە هاتوون، نازانرێت بە دیاریکراوى بۆچى ئامانجێک نێردراون، بەو پێیەى هەندێکى لەدەرەوەى دامەزراوەکان و دەشتایی کەوتوونەتە خوارەوە، یان کەوتوونەتە ناو ماڵەکانەوە".