دوای ڕاپۆرتێکی سبەی ناڵە سوپەر چۆن ئازاد کرا؟

#ناڵە سوپەر#دادگا#ئاسایش#زیندان
2 ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 ساڵ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • ئەمڕۆ 24ـی كانونی یه‌كه‌می 2023 دادگای پێداچونەوەی هەولێر بڕیاریدا بە ئازادکردنی ناڵە سوپەر ئەوەش دوای نزیکەی دوو ساڵ لە زیندانیکردنی
  • ناڵە سوپەر لە بەروای 12-5-2022 دەستگیرکرا و لە مانگی 9ـی هەمان ساڵ بە دۆسیەی تەزویرکردنی ساڵنامەی ئۆتۆمبێلێک سزا درا
  • دەبوایە ناڵە ڕۆژی 12-11-2023 ئازادبکرێت بەڵام ئەمجارە لە ژێر بڕگەی 1 لە یاسای 21ـی ساڵی 2003 بۆ 5 ساڵ و مانگێکی تر زیندانییەکەی درێژکرایەوە
Primary Asset

ناڵە سوپەر - تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان

سبه‌ی

دوای ڕاپۆرتێکی سبەی ناڵە سوپەر ئازادکرا، سبەی وردەکاری ئازادکردنی ئەو وەرزشکار و ڕاگەیاندکارە ئاشكرا دەکات.

ئەمڕۆ 24ـی كانونی یه‌كه‌می 2023 دادگای پێداچونەوەی هەولێر بڕیاریدا بە ئازادکردنی ناڵە سوپەر ئەوەش دوای نزیکەی دوو ساڵ لە زیندانیکردنی. ناڵە سوپەر لە ڕۆژی 12-5-2022 دەستگیرکرا و لە مانگی 9ـی هەمان ساڵ بە دۆسیەی ساخته‌كردنی ساڵنامەی ئۆتۆمبێلێک سزا درا.

ناڵە سوپەر پێشتر به‌ مادەی 289ی تایبەت بە ساخته‌كردن و 298ی بەکارهێنانی نوسراوی فەرمی ساخته‌، دۆسیه‌ی بۆ کرابویەوە، بەڵام دواتر بڕیارەکە "تەمیز کرایەوە و هەڵوەشایەوە، چونکە پێیان وانەبوو ساخته‌كارییه‌كه‌ لەلایەن ناڵەوە کرابێت." جگە لەمە، بە دۆسیەی هەڵگرتنی چەک لە ژێر مادەی ٢1 سێ مانگ زیندانی کرا.

دوای تەواوکردنی ئەم سزایانە، دەبوایە ناڵە ڕۆژی 12-11-2023 ئازادبکرێت، بەڵام ئەمجارە لە ژێر بڕگەی 1 لە یاسای 21ـی ساڵی 2003 بۆ 5 ساڵ و مانگێکی تر زیندانییەکەی درێژکرایەوە.دۆسیەکەی ناڵە سوپەر لە داگای هەولێر بە دۆسیەی ژمارە (582ج2/ 2023) بووە.

سبەی بەدواداچونی دەستپێکرد

دوای دەرچونی بڕیاری سزادانەکەی سبەی بە دواداچونێکی وردی ڕۆژنامەوانی لەبارەی دۆسیەکەوە ئامادەکرد و شەوی 23ـی کانوونی دووەم بڵاویکردەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا جگەلە کەسوکارەکەی، پارێزەری دۆسیەکە، داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان، ڕێکخەری راسپارە نێودەوڵەتییەکان و دادەوەری وەرگرت بوو. 

سبەی هەر بۆ دەوڵەمەندکردنی ڕاپۆرتەکەی و وەک بەشێک لە دۆسیەکە پەیوەندی بە(دادوەری دۆسیەکە، شایەتحاڵی ناو دۆسیەکە و ئاسایشی هەولێر)ەوە کرد بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون قسە لەسەر دۆسیەکە بکەن. بە دواداچونەکەی سبەی لەلایەن ڕۆژنامەنوس زانیار بەهادین و تیمێکی هونەری بە ئەزمونەوە وەک یەکەم ڕاپۆرتی بەدواداچونی سبەی-ەوە بەرهەمهێنرا بوو. 

سبەی لە بەدواداچونەکەیدا ڕونیکردبوەوە، سزادانەکەی ناڵە سوپەر بە بڕگەی یەکەمی یاسایی ژمارە 21ـی ساڵی 2003 بووە، کە تایبەتە بە سیخوڕیکردن. لە دۆسیەکەدا هیچ سکاڵاکارێک نەبوو، تەنها شایەتحاڵ و هەواڵدەرێکی نهێنی هەبوو. دوای بڵاوبونەوەی ڕاپۆرتە بەدواداچونەکەی سبەی دادگا بڕیاری ئازادکردنی ڕاگەیەندکار و وەرزشکار ناڵە سوپەری دەرکرد و سەرهەنگ محەمەد خۆشناو پارێزەری ناڵە سوپەر دوای پشتراستکردنەوەی ئازادکردنی ناڵە سوپەر  بە سبەی ڕاگەیاند، مامەڵەکردنی سبەی لەگەڵ دۆسیەی ناڵە سوپەردا مامەڵەیەکی دروست بووە و پێویستە میدیاکانی دیکە سبەی بکەنە بنەمای کارکردن لەسەر دۆسیەی یاسایی. 

پارێزەرەکەی ناڵە سوپەر ئاماژەی بۆ ئەوەیشكرد، ئەو ڕاپۆرتەی سبەی، کە بڵاوکرایەوە، شێوازی هەرە ڕاستی میدیایە لەگەڵ دۆسیەی یاسایی کە میدیایی کوردی لێوەی دوور بووە. ڕونیشکردەوە، مامەڵەی سبەی لەگەڵ دۆسیەکەدا مامەڵەیەکی یاسایی بووە و نەچوەتە هیچ تەرەفێکی سیاسییەوە و بە پیشەییانە کاری میدیای خۆی لەسەر دۆسیەکە کردوە. پارێزەرەکەی ناڵە سوپەر سوپاسی دادگای پێداچونەوەشی کرد و ڕایگەیاند، حەق بەسەر نادادپەروەریدا سەرکەوت.

ناڵە چۆن ئازادکرا؟

دوای بڵاوبونەوەی ڕاپۆرتەکەی سبەی، بەیانی ڕۆژی 24ـی کانونی یەکەمی 2023، تەیب عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری چاکسازیی ژنان و منداڵان لە هەولێر بە سبەی ڕایگەیاند، (ناڵە سوپەر) گواستراوەتەوە بۆ ئاسایش چونکە دۆسیەکەی لە ئاسایش بووە. دوای گواستنەوەی بۆ ئاسایش، ناڵە لەلایەن دادگاوە بڕیاری ئازاد کردنی بۆ دەردەکرێت و دەگوازرێتەوە ماڵەوە. 

سبەی بە دواداچونی کردوە، حەوت  هۆکاری یاسایی لە پشت ئازادکردنی ناڵە سوپەرەوە بوون: 

1- هیچ بەڵگەیەکی پێویست نەبوە بیسلەمێنێت ئاڵوگۆڕ بە زانیاری نهێنی کراوە بۆ دەزگایەکی هەواڵگری، هەروەها لە دۆسیەکەدا تەنها پشت بە شایەیحاڵێکی نهێنی و هەواڵدەرێکی نهێنی بەستراوە، کە تەنها لەسەر بنەمای گومان گوفتارییان داوە و هیچ بەڵگەیەکیان نەبووە. 

2- بەپێی ئەو بڕیارانەی لە دادگای تەمیزی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە، نابێت گوفتاری هەواڵدەری نهێنی وەربگیرێت(بڕیاری 1000/ت ج2022/2) کە لە 8/11/2022 دەرچووە. 

3- ئەو کەسەی کە بوەتە شایەتحاڵ (ناوەکەی لای سبەی پارێزراوە) لەلایەن هەمان هەواڵدەری نهێنیەوە تۆمەتی سیخوڕیکردنی خراوەتە پاڵ، بەڵام هیچ دۆسیەیەکی لە دژ نەکراوەتەوە و گوفتاری هەواڵدەری نهێنی وەک بەڵگە وەرنەگیراوە. 

4- (ناڵە) کە تۆمەتەکانی خراوەتەپاڵ لە هەموو قۆناغەکاندا تۆمەتەکانی ڕەتکردەوەتەوە و دانی بە هیچ تۆمه‌تێكدا نەناوە.

5- بەهۆی ئەوەی دوای ساڵێک لە زیندانیکردن،  ئینجا ڕۆژی 28ـی 9ـی 2023، تۆمەتی سیخوڕیکردنی خراوەتەپاڵ.

6- لەو دۆسیەدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە (سی دی)هاوپێچی دۆسیەکە کراوە، بەڵام هیچ (سی دی)یەک هاوپێچی دۆسیەکە نەکراوە.

7- ناڵە سوپەر کە تۆمەتی خراوەتەپاڵ واژۆی پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوەی نەکردوە. 

ناڵە سوپەر کێیە؟

ناڵە سوپەر لە ساڵی 1987 لە سنوری هەولێر لە دایک بووە، لە چەندین یانەی وەرزشی هەرێمی کوردستان یاری کردوە. ڕاهێنەری لەشجوانی و فوتساڵ بووە، جێگری سەرۆکی یانەی ئافرەتانی دهۆکیش بووە.

ناڵە هاوشانی کاری وەرزشی ماوەیەک وەک ڕاگەیاندنکار کاری کردوە و دواتر لە كۆلێژی پەروەردەی زانكۆی سەڵاحەددین بوەتە مامۆستا.

ساڵی 2018 لە هاوسەرەکەی جیابوەتەوە و تا ڕۆژی دەستگیرکردنی لەگەڵ کچەکەی بەناوی زاگۆن پێکەوە ژیاون. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی