سبەى
داهاتى تۆمارکردنى لیستى حزبى و تاکەکەسى و هاوپەیمانێتییەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق نزیکەى ملیارێک دینارى عێراقییە، جگە لە زیاتر لە چوار ملیار و 500 ملیۆن دینار کە وەک بارمتە لێیان وەرگیراوە.
کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە دوو رۆژى رابردوودا دەرگاى پێشکەشکردنى کاندیدى حزب و لیستى تاکەکەسى و هاوپەیمانێتییەکانى بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق داخست و دەستپێکردنى پڕۆسەى وردبینى راگەیاند.
جومانە غەلاى وتەبێژى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە "سبەى" راگەیاند، 160 حزب و لیستى تاکەکەسى و هاوپەیمانى لیستى کاندیدەکانیان پێشکەش بە کۆمسیۆن کردووە.
وتیشى کۆمسیۆن وردبینی بۆ لیستى کاندیدەکان دەکات و ئەو پڕۆسەیەش نزیکەى مانگێک دەخایەنێت.
بەپێی ئامارەکان، لەکۆى ئەو لیست و حزب و هاوپەیمانێتییانەى کاندیدەکانیان پێشکەشکردووە، زياتر لە 100 یان لیستى حزبین، نزیکەى 41 یشیان هاوپەیمانین، لەگەڵ نزیکەى 16 لیستى تاکەکەسى.
بەپێی پەیرەوى ژمارە 3ى ساڵى 2025، ک تایبەتە بە تۆمارکردن و پەسەندکردنی کاندیدەکان، کۆمسیۆن دوو بڕە پارە لە لیستەکان وەردەگرێت، کە یەکێکیان کرێی بەشداریکردنە لە هەڵبژاردن و ناگەڕێنرێتەوە بۆ لیستەکان، دووەمیان بارمتەى داراییە و ئەگەر لیستەکان سەرپێچیان نەکردبێت بۆیان دەگەڕێنرێتەوە.
بەپێی پەیڕەوەکە، کرێى بەشداریکردن بۆ هاوپەیمانێتییەکان، 10 ملیۆن دینار، لیستى حزبەکان 5 ملیۆن دینار، کاندیدە تاکە کەسییەکان یەک ملیۆن دینارە.
بەو پێیە کۆمسیۆن تەنها لە تۆمارکردنى لیستى حزبەکان 500 ملیۆن دینارى وەرگرتووە، لەگەڵ 410 ملیۆن دینارى هاوپەیمانێتییەکان، 16 ملیۆن دینارى لیستى تاکەکەسى، کە سەرجەمى دەکاتە نزیکەى ملیارێک دینار.
وتەبێژى کۆمسیۆن ئاماژەى بەوەدا، ئەو بڕە پارەیە بەپێی یاسا لە لیستەکان وەردەگیرێت و بۆ خەزێنەى دەوڵەتە.
سەرەڕاى ئەوە کۆمسیۆن، بڕە پارەیەکى دیکە لە لیستەکان وەردەگرێت، وەک بارمتەى دارایی و بە مەرج بۆ لیستەکانى دەگەڕێنێتەوە.
بڕى بارمتەى دارایی بۆ هاوپەیمانێتییەکان لە پەیڕەوەکە بەم شێوەیە دیاریکراوە، 50 ملیۆن دینار، بۆ لیستى پارتە سیاسییەکان 25 ملیۆن دینار، بۆ کاندیدە تاکەکەسییەکان، 2 ملیۆن دینارە. ئەو بڕەى وەرگیراوە دەگاتە زیاتر لە چوار ملیار و 500 ملیۆن دینار.
بەپێی پەیڕەوى تۆمارکردن و پەسەندکردنی کاندیدەکان، ئەو بڕە پارەیەە وەک بارمتە وەرگیراوە لەکۆتایی هەڵبژاردندا بۆ لیستەکان دەگەڕێنرێتەوە، ئەگەر لەچوارچێوەى قۆناغەکانى هەڵبژاردندا پێشێلکاریی یاساییان نەکردبێت و پابەند بن بەجێبەجێکردنى پەیرەو و رێکارەکانى کۆمسیۆنەوەو هیچ سزایەکى یاساییان لەسەر نەبێت.
بڕیارە رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانى عێراق بەڕێوەبچێت.
هەڵبژاردنی ئەمجارە، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2004ـەوە، سیستمى یەک بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاکانە چوار هەڵبژاردندا پەیڕەوکرا، لە کاتێکدا دوایین هەڵبژاردنى ساڵی 2021 بەپێی سیستمى فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دیاریکرا.