ئەردۆغان: لەناو تورکیا و پەکەکە کەسانێک هەن هەوڵی لەباربردنی پڕۆسەی ئاشتی دەدەن

#ئەردۆغان#پرۆسەی ئاشتی
17 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 17 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە ڕووداوەکانی ئەم دوایییەی ناوچەکە، دەری خست دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی هەنگاوێکی چەند ستراتیجی و گونجاوە، دەڵێت: "دڵخۆشین بەو هەنگاوانەی لە ماوەیەکی کەمدا نراون بۆ سەرخستنی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر".
Primary Asset

سبەی

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا هۆشدارى لە هەوڵەکانى لەباربردنى پڕۆسەى ئاشتى دەدات و دەڵێت، لە ناو تورکیا و پەکەکە کەسانێک هەوڵ دەدەن ئەو پرۆسە نوێیە لەبار ببەن و چاو لەهیچ کەس و لایەنێک ناپۆشن کە هەوڵى لەو شێوەیە بدات.

دوای کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 30ی حوزەیرانی 2025 کابینەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ میدیاکاران دوا.

ئەردۆغان بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە ڕووداوەکانی ئەم دوایییەی ناوچەکە، دەری خست دەستپێکردنی ئەم پرۆسە نوێیە هەنگاوێکی چەند ستراتیجی و گونجاوە، دەڵێت: "دڵخۆشین بەو هەنگاوانەی لە ماوەیەکی کەمدا نراون بۆ سەرخستنی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر".

ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە ڕێگە بەهیچ کارێک نادەن ببێتە هۆی لاوازکردنی بەرەی ناوخۆیی تورکیا و دەڵێت: "لە کاتێکدا هەوڵ دەدەین لەو بەڵایە ڕزگار ببین کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس و بە بەهای دوو ترلیۆن دۆلار زیانی پێگەیاندووین، ڕێگە بەوە نادەین کێشەی دیکەمان بۆ دروست ببێت".

ئەردۆغان هۆشداری دا لەوەی کە لە ناو تورکیا و لەناو پەکەکە کەسانێک هەوڵ دەدەن ئەم پرۆسە نوێیە لەبار ببەن و دەڵێت: "دەوڵەت ئەوەندە ئەزموونەی هەیە نەکەوێتە تەڵەوە. بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت کە چاو لە کاری تێکدەرانە بپۆشین".

جەختی لەوەشکردەوە چاو لە هیچ کەسێک ناپۆشن کە بیەوێت ئارامی خەڵک و ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بە ئامانج بگرێت و دەڵێت: "سەری یەک بە یەکی هێرشبەران پان دەکەینەوە. با کەس لێکدانەوەی هەڵە بۆ پشوودرێژی و ئارامیمان نەکات. چونکە باش دەزانین تۆڵەی خۆمان چۆن دەکەینەوە. ئەگەر پێویستی کرد بە زیادەوە خاوەن ئیرادە و تواناین بۆ ئەمە".

ئەم وتانەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، لەوانەیە هەفتەی داهاتوو پەکەکە چەک دابنێت و دواتر دەبێت لە باسی چەکدانانەوە بچنە سەر باسی دڵنیاییدانی یاسایی بۆ سەرخستنی پرۆسەى ئاشتى.

چارەسەری پرسی کورد؛ لە ژوورە داخراوەکانەوە بۆ هەموارکردنەوەی یاساکان

جیاواز لە هەردوو قۆناغی پێشووی پرۆسەی ئاشتی کە دانوستانەکان لە پشت پەردە و بە نهێنی لە نێوان حکومەتی تورکیا و کورددا بەڕێوە دەچوون؛ ئەم جارە پەرلەمانی تورکیا دەکەوێتە جوڵە و بە هەموارکردنەوەی یاساکان، زەمینەی یاسایی دەڕەخسێندرێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد. ئەمەش لە کاتێکدا پێگەی کورد لە پەرلەمانی تورکیا بە بەراورد بە هەردوو قۆناغەکەی پێشوو زۆر بەهێزتر بووە.

جگە لە ئیی پارتی کە پارتێکی نەتەوەیی جیابۆوەیە لە مەهەپە و بە هۆی کێشە ناوخۆییەکانیەوە ژمارەی کورسییەکانی لە 43 کورسییەوە کەم بووەتەوە بۆ 29 کورسی، سەرجەم پارتە سیاسییەکانی تورکیا، لەگەڵ ئەوەدان پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە لە پەرلەمانی تورکیا چارەسەر بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەیش لیژنەیەک پێکدەهێندرێت کە نوێنەری سەرجەم پارتە سیاسییە خاوەن کورسییەکانیش لەخۆ دەگرێت.

هەرچەند جەهەپە چەندین جار ڕایگەیاندبوو پەرلەمان شوێنی چارەسەرکردنی پرسی کوردە و بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە چارەسەرکردنی ئەو پرسە دەکەن، بە مەرجێک بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی سیاسیی ئەردۆغان نەبێت، کەچی بەپێی دوایین کۆبوونەوەیان لەگەڵ دەم پارتی، جۆرێک لە پاشەکشێ لە بڕیارەکەیان دەبیندرێت. 

هەرچەند قۆناغی یەکەم (1993) و قۆناغی دووەمی پرۆسەکە (2013-2015)، گفتوگۆ و دانوستانەکان ڕاستەوخۆ لەنێوان حکومەتی تورکیا و جوڵانەوەی کورد لە باکوری کوردستان ئەنجام دەدران، بەڵام جیاواز لە هەردوو قۆناغی پێشوو ئەمجارە، هەر خودی پرۆسەکە بە دەستپێشخەری سەرۆکی گشتیی مەهەپە (پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی)، دەولەت باخچەلی دەستی پێ کردووە کە هاوپەیمانیی ئاک پارتیی دەسەڵاتدارە.

ڕۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025 نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند کە شوێنی چارەسەرکردنی پرسی کورد هەم لە ڕووی سیاسی و هەم بۆ ڕەخساندنی زەمینەسازیی یاسایی پەرلەمانی تورکیایە.

ئەمەش دوای ئەوە هات دەولەت باخچەلی 18ی ئایار حەوت پێشنیازی خستە ڕوو بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمان کە لە 100 کەس پێک بێت، نوێنەری سەرجەم 12 پارتە سیاسییەکەی پەرلەمان تیایدا بەشدار بن و سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی لیژنەکە بکات.

باخچەلی هاوکات ئاماژەی بەوەیش دا کە پێویستە ئەو بڕیارانەی لیژنەکە دەری دەکات، بە دەنگی زۆرینەی ڕەها پەسەند بکرێن و دواتر وەک پڕۆژەیاسا پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێن.

هەر هەمان ڕۆژ ناوەندی ڕاگەیاندنی دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە داوای پێکهێنانی لیژنەیەک دەکەن لە پەرلەمانی تورکیا کە دەسەڵاتی تەواوی پێ بدرێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد.

دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا هاوشێوەی دەولەت باخچەلی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە نوێنەری سەرجەم ئەو پارتە سیاسییانە لە لیژنەکەدا بەشدار بن کە خاوەن کورسین لە پەرلەمان.

لای خۆشیەوە پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی و پەرلەمانتاری دەم پارتی پشتیوانی خۆی بۆ داواکارییەکەی دەولەت باخچەلی دەردەبڕێت و دەڵێت: "پێویستە ئەوە بکرێت کە باخچەلی باسی کردووە و دەکرێت گفتوگۆ لەسەر ژمارەی ئەندامانی لیژنەکە بکرێت، بەڵام بە تەواوی پشتیوانی لە پێشنیازەکانی باخچەلی دەکەین بۆ ئەوەی نوێنەری تەواوی پارتە سیاسییەکان تیایدا بەشدار بن و سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی لیژنەکە بکات".

ئەم داواکارییەی باخچەلی گەورە بەرپرسێکی ئاک پارتی هێنایە سەر هێڵ و جەختی لەوە کردەوە تاکوو پەکەکە چەکەکانی ڕادەست نەکات، ناکرێت لیژنەیەکی لەم جۆرە پێک بهێندرێت.

زافەر ساریکایا، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە پێویستە لیژنەیەکی لەم جۆرە دوای ڕادەستکردنەوەی چەکەکان پێک بهێندرێت و دەڵێت: "لەو باوەڕەدام تاکوو چەک دانەندرێن، دەرفەتی ئەوە نابێت لە پەرلەمان باس لە پرۆسەکە بکرێت. ئاک پارتی لەو باوەڕەدایە سەرەتا چەکەکان ڕادەست بکرێن".

لە بەرامبەردا باخچەلی و مەهەپە جەخت لەوە دەکەنەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، پێویستە تا زووە لیژنەکە پێک بهێندرێت. 

هەرچەند لە هەردوو قۆناغی پێشوو، هەمیشە مەهەپە دژی چارەسەرکردنی پرسی کورد وەستاوەتەوە و لەگەڵ ئەوەدا بووە بە ڕێگاچارەی سەربازی کورد سەرکوت بکرێتەوە و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش دژی پرۆسەی چارەسەری وەستاونەتەوە، کەچی جیاواز لە دوو قۆناغی پێشوو، هەم پێگەی کورد لە پەرلەمان بەهێزتر بووە و هەم پارتە سیاسییەکانیش بە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیشەوە لەگەڵ چارەسەرکردنی پرسەکەدان.

جەهەپە کە موستەفا کەمال ئەتاتورک 103 ساڵ لەمەوبەر دایمەزراندووە و خاوەن 135 کورسییە لە کۆی 600 کورسییەکەی پەرلەمانی تورکیا، جەخت لەوە دەکاتەوە چی لە توانایدا بێت دەیکات بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، هاوکات هۆشدارییش دەدات کە ئەگەر ئەمە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی سیاسی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بێت، کە بەپێی یاسا کارپێکراوەکان ناتوانێت جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرکۆمار کاندید بکاتەوە، ئەوا لەگەڵیدا نابن.

تاکە پارتی سیاسیی کە خاوەن کورسی بێت لە پەرلەمان و بە هەموو جۆرێک دژی چارەسەرکردنی پرسی کورد بوەستێتەوە، ئیی پارتییە.

ئیی پارتی لە 2017 لەلایەن ژمارەیەک لە سەرکردە جیابۆوەکانی مەهەپە دامەزرێندرا و وێڕای ئەوەی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی 2023، توانی ببێتە خاوەنی 45 کورسی لە پەرلەمان، بەڵام بە هۆی کێشە ناوخۆییەکانیەوە تەنیا 29 کورسی بە دەستەوە ماوە و 14 پەرلەمانتاری سەنگەریان گواستۆتەوە ناو پارتەکانی دیکە.

کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری

لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە ڕاگەیاند کە ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا زەمینەسازی دەکەن بۆ ڕێکخستنەوەی یاساکان بە جۆرێک بتوانێت لە مافی هیوا سوودمەند بێت.

ئەمەش لە کاتێکدابوو 25 ساڵ تێپەڕببوو بەسەر زیندانیکردنی ئۆجەلان و دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، مافی پێدانی هیوا بە شایستەی ژمارەیەک لەو کەسانە دەزانێت کە بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی قورسکراو حوکم دراون 25 ساڵی تەمەنیان لە زیندان بەسەر بردووە، بەم جۆرە بە شێوەیەکی مەرجدار ئازاد دەکرێن.

دواتریش چەندین جار دەولەت باخچەلی جەختی لەسەر داواکارییەکەی کردووە و ئاماژەی بەوە دا لە کاتێکدا داوای ئاشتی بۆ جیهان دەکەن، تورکیا لە هەموو شوێنێک زیاتر پێویستی بە ئاشتییە و بە پێچەوانەی سیاسەتی هەمیشەیی خۆی و پارتەکەی جەخت لە یەکڕیزی کورد و تورک دەکاتەوە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی 2025 بە دەم دەستپێشخەرییەکەوە هات، داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و کۆنگرە ببەستێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ڕەخساندنی زەمینەسازی بۆ ئەمە لەلایەن تورکیاوە بە پێویست زانی.

لە سەرەتای مانگی ئازاریشەوە پەکەکە وەک پابەندبوون بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام لەو کاتەوە نەک تورکیا هێرشەکانی ڕانەگرتوون بۆ سەر گەریلا، بەڵکو هەزاران هێرشی ئەنجام داوە.

تا ئەم دوایییە گەورەبەرپرسانی پەکەکە جەختیان لەوە دەکردەوە لە شەڕدا ناتوانرێت چەک دابنرێت، پرۆسەکە پێویستی بە ڕەخساندنی زەمینەسازی و نیشاندانی نیازپاکی و کۆتایی هێنانی تورکیایە بە هێرشەکانی و پێویستە خودی ئۆجەلان کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بەڕێوە ببات.

9ـی ئایاری 2025 پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو کۆنگرەی 12ـی لە 5-7ـی ئایار لە دوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە باشوری کوردستان کە خۆی بە "هەرێمی پاراستنی مەدیا" ناوی دەبات بەستووە، بەڵام بە هیچ جۆرێک باسی لەو بڕیارانە نەکرد کە لە کۆنگرەکەدا دراون.

ڕۆژی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025 پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا و وەک بە دەمەوەهاتن بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان بڕیاری دا کۆتایی بە خەباتی چەکداریی بهێنێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.  

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی