سبه‌ی
له بازاڕه‌كانی ئاڵوگۆڕی دراودا به‌های دینار ڕوو له هه‌ڵكشان و دۆلاری ئه‌مه‌ریكایی ڕووی له دابه‌زینه. ئه‌م دابه‌زینه‌ی دۆلار دوای ئه‌وه دێت له مانگی ڕابردوودا به‌های گه‌یشته سه‌رووی 160 هه‌زار دیناری عێراقی. ژماره‌یه‌ك له شاره‌زایانی دارایی عێراق له‌و بڕوایه‌دان، به‌های دینار به تێپه‌ڕینی كات زیاتر هه‌ڵده‌كشێت به جۆرێك به‌های دینار له بازاڕی ڕه‌شدا به‌رامبه‌ر به دۆلاری ئه‌مه‌ریكایی نزیك ده‌بێته‌وه له‌و نرخه ڕه‌سمییه‌ی بانكی ناوه‌ندی ده‌ستنیشانی كردووه.
پێشنبینییه‌كان
عه‌بدولڕه‌حمان مه‌شهه‌دانی، شاره‌زای ئابووری له عێراق، دوێنێ له لێدوانێكدا بۆ سایتی "بغداد الیوم" ڕایگه‌یاند، تا ناوه‌ڕاستی مانگی داهاتوو، به‌های دۆلار زیاتر داده‌به‌زێت.
وتیشی: هه‌رچه‌نده دابه‌زینی به‌های دۆلار پله به پله‌یه، به‌ڵام سه‌ره‌نجام به هۆی ڕێككاره‌كانی بانكی ناوه‌ندییه‌وه دینار به‌های به‌رز ده‌بێته‌وه و هه‌ر سه‌د دۆلاری ئه‌مه‌ریكایی به‌های ده‌گاته 145 هه‌زار دیناری عێراقی.
هۆكاره‌كان
شاره‌زای كاروباری دارایی و مامه‌ڵه‌كانی دراو، ناسر ئه‌لكنانی، ڕای وایه، كه‌مكردنه‌وه و ڕێگرتن له حه‌واڵه‌ی دۆلار له بازاڕی ڕه‌شدا، هه‌روه‌ها ڕێككه‌وتنی به‌غدا و ئه‌نقه‌ره له باره‌ی پاره‌داركردنی مامه‌ڵه بازرگانییه‌كان به دراوی نیشتمانی له دیارترین هۆكاره‌كانی دابه‌زینی به‌های دۆلارن.
ئه‌و شاره‌زایه پێی وایه، دابه‌زینی به‌های دۆلار، كتوپڕ نابێت و پڕۆسه‌كه به خاوی به‌رده‌وام ده‌بێت، تا به‌های دینار و دۆلار له‌و ئاسته‌ی بانكی ناوه‌ندی ده‌ستنیشانی كردووه، جێگیر ده‌بێت.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، حكومه‌تی عێراق، ڕای وایه به‌رزی به‌های دینار بۆ توانای به‌رزی یه‌ده‌گی عێراق له دراوی بیانی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح، ڕاوێژكاری دارایی و ئابوری محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیران، له لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا، ڕایگه‌یاند، "به‌غدا یه‌ده‌گێكی به‌هێزی دراوی بیانی هه‌یه، توانیویه‌تی به باشی ئیداره‌ی پاره‌داركردنی بازرگانی ده‌ره‌كی له ماوه‌ی ڕابردوودا بكات".
وتیشی: "به‌ره به‌ره، بازاڕه خۆجێیه‌كانی ئاڵوگۆڕی دراو، له نرخی بازاڕی ناوه‌ندی عێراق له ڕووی نرخه‌وه نزیك ده‌بنه‌وه. چونكه توانراوه بازرگانی ده‌ره‌كی به باشی پاره‌دار بكرێت و ئه‌و سه‌كۆیه‌ی بانكی ناوه‌ندی دایمه‌زراندووه، تا دێت زیاتر كاریگه‌ر ده‌بێت له ئاڵوگۆڕی دراو و ده‌سته‌به‌ركردنی ئاڵوگۆڕی ده‌ره‌كیدا".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ڕێككاره‌كانی بانكی ناوه‌ندی بۆ پشتبه‌ستن به كارتی زیره‌ك و هاورده‌كردنی دراوی نه‌ختینه‌ی بیانی بۆ عێراق و پاره‌داركردنی بازرگانی ده‌ره‌كی به هه‌موو جۆره‌كانی دراو، نه‌ك ته‌نیا به دۆلار هۆكاری سه‌ره‌كی دابه‌زینی به‌های دۆلارن".
له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه، عێراق، بڕیاری دابوو، به‌شێك له مامه‌ڵه بازرگانییه‌كان له‌گه‌ڵ چیندا، كه ساڵانه قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی عێراق و چین نزیكه‌ی 20 ملیار دۆلاره، به یوانی چینی پاره‌دار بكات، ئه‌گه‌رچی شاره‌زایان گومانیان له‌سه‌ركه‌وتنی پڕۆسه‌كه‌دا هه‌یه، به تایبه‌تی چۆنێتی قه‌بڵاندنی نرخی كاڵاكان و له سه‌رویشیانه‌وه نرخی نه‌وت به یوانی چینی، به‌ڵام وه‌ك ڕێككارێك له پێناو پشتنه‌به‌ستن به ته‌نیا دۆلار، عێراق ئه‌و هه‌نگاوه‌ی گرته به‌ر.
هه‌ڵكشان و داكشان
به‌شێك له شاره‌زایانی بازاڕی دراو له هه‌رێمی كوردستان ڕایان وایه، به‌های دینار به‌رزی و نزمی زیاتر له به‌رامبه‌ر دۆلار به خۆوه ده‌بینێت، به تایبه‌تی به هۆی پشووه‌كانی سه‌ری ساڵ و زیادبوونی خواست له‌سه‌ر دۆلار به مه‌به‌ستی گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
هاوكات له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی سه‌ری ساڵ، لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی عێراق، هه‌ڵمه‌تێكی میدیاییان بۆ بره‌ودان به سیاسه‌تی بانكی ناوه‌ندی عێراق له باره‌ی مامه‌ڵه داراییه‌كان و سه‌قامگیری به‌های دینار ده‌ستپێكردووه، به تایبه‌تی باس له زیادكردنی حه‌واڵه‌كردنی زیاتری ده‌ره‌كی و مامه‌ڵه‌ی حكومه‌ت به دینار له هه‌موو كه‌رته‌كانی دارایی ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له لایه‌ن خۆیه‌وه، بڕیاری دا دۆلار بداته پێنج بانكی دیكه‌ی عێراق.
به گوێره‌ی به‌دواداچوونه میدیاییه‌كان، ئه‌گه‌رێك له ئارادایه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بانكانه‌ی ئه‌مه‌ریكا دۆلاریان بۆ حه‌واڵه ده‌كات، ببه‌سترێنه‌وه به بانكێك له عه‌مان و له داهاتوودا ژماره‌ی ئه‌و بانكانه‌ی دۆلاریان پێ ده‌درێت زیاتر بكرێن.
به گوێره‌ی ڕێككاره‌كانی بانكی ناوه‌ندی عێراق، سه‌رجه‌م مامه‌ڵه داراییه‌كانی ناوخۆ به دینار ده‌بن، ئه‌مه‌ش خواست له‌سه‌ر دینار زیاتر ده‌كات و دۆلار ده‌بێته ئه‌و دراوه‌ی ته‌نیا بازرگانه‌كان، یاخود ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی ده‌چنه ده‌ره‌وه‌ی وڵات پێویستیان پێی هه‌بێت.
دابه‌زینی به‌های دۆلار، هاوكاته له‌گه‌ڵ پشووه‌كانی سه‌ری ساڵ و سه‌رقاڵی كۆمپانیاكان به ڕێكخستنه‌وه و جه‌ردكردنی داتا و حساباتی كۆتایی ساڵیان.
لێدوانه‌كه‌ی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا
هه‌ڵكشانی به‌های دینار، به‌شێكی بۆ ئه‌و لێدوانه‌ی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، "ئیلینا ڕۆمانۆوسكی" ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ئه‌مڕۆ له هه‌ژماری خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس بڵاویكرده‌وه و تێیدا ڕایگه‌یاند، "ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی دۆلار بۆ عێراق له پێناو هێنانه‌دی سه‌قامگیری ئابووری له وڵاته‌كه‌دا".
وتیشی: "ژماره‌یه‌ك له بانكه عێراقییه‌كان له ئێستاوه ده‌توانن بۆ یه‌كه‌مجار په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بانكه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دروست بكه‌ن، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی ئه‌رێنییه له چاكسازییه‌كانی كه‌رتی بانكی له عێراق".
هۆكاره‌كانی پێشوو ماون؟
پێشتر ئه‌مه‌ریكا، نیگه‌ران بوو له به قاچاغبردنه ده‌ره‌وه‌ی دۆلار له عێراق و گه‌یشتنی به كۆماری ئیسلامی ئێران، به‌و پێیه‌ی ئێران یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی سزای دارایی ئه‌مه‌ریكای به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه.
واشنتن پێی وایه ماشینه‌وه‌ی دۆلار له بازاڕه‌كانی عێراق و بردنی بۆ ئێران، ده‌ستی ئێران ئاوه‌ڵاتر ده‌كات بۆ گه‌یاندنی هاوكاری دارایی به‌و گرووپانه‌ی په‌یوه‌ستن به تارانه‌وه و بوونه‌ته "مایه‌ی ناسه‌قامگیری ئاسایش"ـی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به تایبه‌تی له سوریا و لوبنان و یه‌مه‌ندا.
له مانگی شوباتی ڕابردوودا، ڕۆژنامه‌ی "واشنتن پۆست"ی ئه‌مه‌ریكایی له ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای كرد، ئێران سودمه‌ندی سه‌ره‌كییه له به‌قاچاغبردنه ده‌ره‌وه‌ی دۆلار له عێراقدا.
به گوێره‌ی ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌كه، زیاتر له ده‌یه‌یه‌كه، سیاسه‌تكاره عێراقییه‌كان به سانایی سامانی گه‌له‌كه‌یان تاڵان ده‌كه‌ن و ده‌یكه‌نه دۆلار، هاوسۆزیان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه. ملیاران دۆلار ئاودیوی ئێران ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ئه‌تۆمی ئێران پاره‌دار بكرێت.
هه‌ر له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا، محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له چاوپێكه‌وتنێكدا، كه كه‌ناڵی "العراقیة" له‌گه‌ڵی كردبووی، گومانی خسته سه‌ر وه‌سڵی ساخته و گرێبه‌ستی مامه‌ڵه‌ی گوماناوی و وتی: جێی سه‌رسوڕمانه ڕۆژانه بڕی 300 ملیۆن دۆلار كاڵا هاورده‌ی عێراق بكرێت، به‌شێكی زۆری ئه‌و پاره‌یه، له ڕێگه‌ی كه‌ناڵی ناڕه‌سمییه‌وه هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه ده‌كرێت، جێی گومانه.
ڕۆژنامه‌ی "واشنتن پۆست" نوسیبووی، عێراق بووه‌ته گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی سپیكردنه‌وه‌ی پاره له جیهاندا، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه و گیانی ئه‌مه‌ریكاییه‌كانیشی خستووه‌ته مه‌ترسییه‌وه.
ڕێككاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا
كاتێك ئه‌مه‌ریكا له مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی ڕابردوو، ژماره‌یه‌ك كۆتوبه‌ندی سه‌پاند به‌سه‌ر مامه‌ڵه‌ی ده‌ره‌كی ژماره‌یه‌ك بانكی عێراقیدا، ئیدی داڕمانی به‌های دینار ده‌ستیپێكرد. كۆتوبه‌نده‌كان به جۆرێك بوون، %80ی مامه‌ڵه‌كانی دراوی ده‌ره‌كی له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی یه‌ده‌گی فیدراڵی ئه‌مه‌ریكاوه به هۆی مه‌ترسی گه‌یشتنی پاره به ئێران ڕه‌تده‌كرانه‌وه. هه‌روه‌ها ئاسته‌نگی زۆر خرانه‌به‌رده‌م به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی به ڕێژه‌یه‌كی زۆر ده‌ستی به دۆلاری كاش نه‌گات. ئه‌مه‌ش وایكرد، به‌های دۆلار زیاتر به‌رز بێته‌وه.
له دوای 2004ه‌وه ئه‌مه‌ریكا جۆرێك له مامه‌ڵه‌ی دراوی له عێراق هێنایه ئاراوه، كه ڕێگه‌ی دا، بانكی ناوه‌ندی عێراق، ڕۆژانه دۆلار بخاته زیادكردنی ئاشكراوه و بڕێك له دۆلار بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی ناوخۆ بفرۆشێت.
ئه‌و دۆلاره‌ی ده‌گاته عێراق، له هه‌ژماری بانكی ده‌وڵه‌تی عێراق له بانكی یه‌ده‌گی فیدراڵی ئه‌مه‌ریكا، كه له نیویۆركه دێت، پاره‌كه داهاتی ئه‌و نه‌وته‌یه، كه ڕۆژانه عێراق ده‌یفرۆشێت. واته داهاتی نه‌وتی عێراق، ڕاسته‌وخۆ ناگه‌ڕێته‌وه به‌غدا و سه‌ره‌تا له‌و هه‌ژماره‌ی عێراق له نیویۆرك هه‌ڵده‌گیرێت.
ئه‌مه‌ریكا لایه‌نه عێراقییه‌كانی به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كرد، كه له ژێر ناوی كۆمپانیا، تۆڕی بازرگانی وه‌همی و به به‌ڵگه‌ی ساخته‌وه، مامه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی بازرگانی له‌گه‌ڵ ئێران واژوو ده‌كرێت، به جۆرێك هه‌ندێكجار مامه‌ڵه‌كان ته‌نیا له‌سه‌ر كاغه‌ز هه‌ن و بێ ئه‌وه‌ی ئێران هیچ كاڵایه‌ك هه‌نارده‌ی عێراق بكات، بڕێكی زۆری پاره بۆ هه‌ژماری گوماناوی ئێرانی هه‌نارده ده‌كرێت.
ئه‌مه‌ریكا ئاگاداربووه
ڕۆژنامه ئه‌مه‌ریكاییه‌كه نوسیبووی: "به‌داخه‌وه ئه‌مه‌ریكا له 2012ه‌وه ئاگاداری ئه‌و بابه‌ته‌یه، پشكێنه‌ری گشتی سه‌ر به پێنتاگۆن ئاشكرای كردبوو، كه له سه‌دا هه‌شتای ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت فرۆشتنی دۆلار له لایه‌ن بانكی ناوه‌ندی عێراقه‌وه په‌یوه‌سته به‌و گرێبه‌سته نایاساییانه‌ی له ڕێگه‌یانه‌وه دۆلار هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه ده‌كرێت".
له 2015دا ئه‌مه‌ریكا هه‌ندێك كۆتوبه‌ندی به‌سه‌ر پڕۆسه‌ی حه‌واڵه‌كردنی دۆلاردا سه‌پاند، به‌ڵام به‌غدا به‌ڵێنی دا چاكسازی بكات و ئه‌مه‌ریكا كۆتوبه‌نده‌كانی سوك كردن.
عه‌لی عه‌لاق، سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندی عێراق، به ئه‌ندازیاری چاكسازییه‌كانی ده‌وڵه‌ت له بواری مامه‌ڵه‌ی دۆلار داده‌نرێت. ئه‌مه یه‌كه‌مجار نیه عه‌لاق ئیداره‌ی پرسی دراو له عێراق ده‌دات، ئه‌و له نێوان ساڵانی 2014 تا 2020 له خراپترین سه‌رده‌می فرۆشتنی ڕۆژانه‌ی دۆلاردا، سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندی بوو، هه‌ر ئه‌ویش بوو له 2015دا ئه‌مه‌ریكاییه‌كانی ڕازی كرد، دۆلاری زیاتر ڕه‌وانه‌ی عێراق بكه‌ن و به‌ڵێنی دا ڕێگری له گه‌یشتنی دۆلار به سوپای پاسداران بكات، به‌ڵام به گوێره‌ی زانیاری "واشنتن پۆست" له هه‌وڵه‌كانی "سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه".
له سه‌ره‌تای تشرینی یه‌كه‌می ڕابردوودا، واشنتن ڕه‌تیكرده‌وه، بڕێك دۆلاری سامانی عێراق له بانكی یه‌ده‌گی فیدراڵی ئه‌مه‌ریكاوه بنێردرێته‌وه بۆ به‌غدا. ئه‌مه‌ش هێنده‌ی دیكه مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌های دراوی عێراقی دروستكرد.
پێشتر به گوێره‌ی زانیاری "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، له دوای 2003ه‌وه ئه‌مه‌ریكا هه‌ر پازده ڕۆژ جارێك، به فڕۆكه گوژمه‌یه‌ك پاره‌ی داهاتی نه‌وتی ده‌گه‌یانده عێراق، به جۆرێك ساڵانه ده‌یان ملیار دۆلار له داهاتی نه‌وت ده‌گه‌ڕایه‌وه.
كاتێك دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر، عێراق ویستی ملیارێك دۆلار بۆ پشتیوانی له دینار له ئه‌مه‌ریكاوه بگه‌ڕێنێته‌وه، واشنتن ڕێگه‌ی پێ نه‌دا، به‌ڵام مانگی ڕابردوو، جارێكی دیكه به‌غدا داوای كرده‌وه.
هاوكات له مانگی تشرینی دووه‌می ڕابردوودا، ئه‌مه‌ریكا 18 بانكی عێراقی سزادا و ڕایگه‌یاند، نابێت مامه‌ڵه به دۆلاری كاش بكه‌ن و پێویسته حه‌واڵه له ڕێگه‌ی سه‌كۆی ئه‌لیكترۆنی دۆلاره‌وه بێت، كه له ژێر چاودێری ڕاسته‌وخۆی ئه‌مه‌ریكادایه.
به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا، به‌غدایان له‌وه ئاگادار كردبوویه‌وه، كه ئه‌و دۆلاره‌ی به كاش ده‌گاته عێراق سه‌ر له ئێران، توركیا، لوبنان، سوریا و ئوردن ده‌رده‌كات.
له ناوه‌ڕاستی ته‌مموزی 2023دا، وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا و بانكی یه‌ده‌گی فیدراڵی له نیویۆرك، له چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی سه‌پاندنی سزای زیاتر به‌سه‌ر ئێران‌دا 14 بانكی عێراقییان سزا دا.
بانكه‌كان بریتی بوون له: بانكی ڕاوێژكاری ئیسلامی بۆ وه‌به‌رهێنان و پاره‌داركردن، بانكی قه‌رتاسی ئیسلامی، بانكی ته‌یفی ئیسلامی، بانكی ئیلافی ئیسلامی، بانكی ئه‌ربیل بۆ وه‌به‌رهێنان و پاره‌داركردن، بانكی نێوده‌وڵه‌تی ئیسلامی، بانكی عبرالعراق بۆ وه‌به‌رهێنان، بانكی موسڵ، بانكی ڕاجحی ئیسلامی، بانكی سومه‌ری بازرگانی، بانكی سیقه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئیسلامی، بانكی ئه‌لمالی ئیسلامی، بانكی عاله‌می ئیسلامی و بانكی زه‌ینولعراق.
سزادانی ئه‌و بانكانه هێنده‌ی دیكه به‌های دراوی عێراقی دابه‌زاند و لیژنه‌ی كاروباری دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ناچار كرد، به په‌له بانگهێشتی پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی عێراق بكه‌ن بۆ لێپرسینه‌وه، ئه‌مه‌ش له 24ی ته‌مموی 2023دا بوو، كاتێك پارێزگار ڕونكردنه‌وه‌ی له باره‌ی هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به دراوی ناوخۆی خسته‌ڕوو.
له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا دۆلار له لایه‌ن بانكی ناوه‌ندییه‌وه به 1320 دینار بۆ هه‌ر دۆلارێك ده‌فرۆشرا، به‌ڵام له بازاڕه خۆجێیه‌كانی دراودا، هه‌ر سه‌د دۆلارێك به‌رامبه‌ر بوو به 154.750 دینار و ڕۆژ له دوای ڕۆژ ڕووی له هه‌ڵكشان ده‌كرد.
له مانگی تشرینی دووه‌می ڕابردوودا، وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا سزای به‌سه‌ر چوار بانكی دیكه‌دا سه‌پاند، كه بریتی بوون له بانكه‌كانی "ئه‌نساری، شه‌رقولئه‌وسه‌ت، ئه‌لقابز و ئاسیا" و به‌وه‌ش ژماره‌ی بانكه سزادراوه‌كانی عێراق له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه گه‌یشتنه 18 بانك.
كاردانه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق
له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه، محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، جه‌ختیده‌كرده‌وه، كه به په‌سندكردنی بودجه‌ی سێ ساڵیی عێراق، به‌های دینار سه‌قامگیر ده‌بێت، به‌ڵام دوای په‌سندكردنی بودجه و ده‌ستكردن به جێبه‌جێكردنیشی، سه‌قامگیری ڕووی له دینار نه‌كرد.
له مانگی تشرینی دووه‌می 2022ه‌وه له عێراق ده‌ستكراوه، به جێبه‌جێكردنی سیستمی ئاڵوگۆڕی نێوده‌وڵه‌تی "سویفت"، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت بتوانێت ده‌ستی بگاته یه‌ده‌گی دراوی وڵاته‌كه‌ی كه به دۆلار له ئه‌مه‌ریكا دانراوه و به گوێره‌ی زانیاری ئاژانسی فرانس پرێس، به ده‌یان ملیار دۆلار مه‌زنده ده‌كرێت.
له مانگی شوباتی ئه‌مساڵدا شاندێكی عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تی فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه سه‌ردانی واشنتنیان كرد و یه‌كێك له ئه‌جێندای سه‌ردانه‌كه، داواكاری عێراق بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا شه‌ش مانگی دیكه مۆڵه‌تی كارپێكردنی سیستمه‌كه بداته عێراق.
بۆ به‌رگرتن له داڕمانی زیاتری به‌های دینار، عێراق ژماره‌یه‌ك ڕێككاری گرته‌به‌ر، له‌وانه دامه‌زراندنی سه‌كۆیه‌كی ئه‌لیكترۆنی بۆ حه‌واڵه‌كردنی دۆلار له ژێر چاودێری ئه‌مه‌ریكا، به‌جۆرێك بانكی فیدراڵی ئه‌مه‌ریكا ئه‌و داواكاری و مامه‌ڵه داراییانه ده‌پشكنێت و ئه‌گه‌ر هه‌ر گومانێكی هه‌بێت له ئاڵوگۆڕه‌كان په‌كیان ده‌خات.
گۆڕینی هه‌موو ئه‌و مامه‌ڵانه‌ی به دۆلار بوون له ناوخۆدا بۆ دینار. وه‌رگرتنی باجی ده‌روازه سنوورییه‌كان به دینار، كه بڕیاره‌كه هه‌رێمی كوردستانیش پابه‌ندبوونی خۆی پێوه‌ی ڕاگه‌یاند.
هه‌روه‌ها عێراق له‌گه‌ڵ توركیا ڕێككه‌وت بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌داری مامه‌ڵه بازرگانییه‌كان به دراوی نیشتمانی بكرێت و بانكه توركییه‌كانیش هاوكاری بانكه عێراقییه‌كان بن بۆ ده‌ستگرۆیی بازرگانان و دابینكردنی سه‌رمایه‌ی دراوی نیشتمانی بۆیان.
هاوكات، بانكی ناوه‌ندی عێراق، سه‌رجه‌م بانكه‌كانی ناچار كرد، خۆیان له‌گه‌ڵ سیستمی نوێی مامه‌ڵه و حه‌واڵه ده‌ره‌كییه‌كان له چوارچێوه‌ی سه‌كۆی ئه‌لیكترۆنی بگونجێنن.
له ناوه‌ڕاستی مانگی ڕابردووه‌وه، ئه‌گه‌رچی شه‌پۆلێكی پڕ هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز، بازاڕه‌كانی ئاڵوگۆڕی دراوی له هه‌ولێر، سلێمانی، به‌غدا و به‌سره گرته‌وه، به‌ڵام گه‌شبینی به ئاسایبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان بانكی ناوه‌ندی عێراق و بانكی یه‌ده‌گی فیدراڵی ئه‌مه‌ریكا، زه‌مینه‌سازی بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دینار ڕه‌خساند. وه‌ك ئه‌وه‌ی شاره‌زای ئابوری عێراق، نه‌بیل مه‌رسومی له لێدوانێكدا بۆ چه‌ند كه‌ناڵێكی عێراقی باسیكردبوو.
مه‌ترسییه‌كان
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای گه‌شبینییه‌كان، به هۆی نائارامییه‌كانی ناوچه‌كه و مه‌ترسییه‌كانی په‌ڕینه‌وه‌ی ئاگری شه‌ڕی غه‌ززه بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه به تایبه‌تی عێراق، دۆلار به‌های خۆی به‌رزتر له چاوه‌ڕوانییه‌كان هێشته‌وه و له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه زیاتر هه‌ڵكشا.
هه‌روه‌ها مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ی گروپه چه‌كداره‌كانی نزیك له ئێران بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و بنكه سه‌ربازییه‌كان و سیناریۆكانی ته‌شه‌نه‌كردنی ململانێكان، نیگه‌رانیان له بازاڕی دراودا دروست كرد، به‌ڵام به تێپه‌ڕینی كات و پشوودرێژی ئه‌مه‌ریكاییه‌كان له مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌كان، نیگه‌رانییه‌كانی تا ڕاده‌یه‌ك ڕه‌واندووه‌ته‌وه.
ئاسته‌نگه‌كان
هه‌ریه‌ك له جیاوازی سیستمی باج و پێناسی گومرگی له ده‌روازه‌كانی عێراق، بوونی ده‌روازه‌ی نایاسایی، لاوازی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت به‌سه‌ر ده‌روازه ڕه‌سمییه‌كاندا، بوونی كاڵاگه‌لێك، كه پاره‌داركردنیان له ڕێگه‌ی سه‌كۆی ئه‌لیكترۆنییه‌وه نییه، له‌وانه مه‌ی و جگه‌ره و مادده هۆشبه‌ره‌كان، كه به‌شێكیان به ڕێگه‌ی نایاسایی ده‌هێنرێنه بازاڕه‌كانی عێراق، هۆكارێكن بۆ مانه‌وه‌ی به‌های دۆلار به به‌رزی.
هاوكات به‌شێكی به‌رچاو له بازرگانه‌كانی عێراق، بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به دۆلار، پشت به بازاڕی ڕه‌ش ده‌به‌ستن و به‌شێكیان ناتوانن خۆیان له‌گه‌ڵ مامه‌ڵه ئه‌لیكترۆنییه‌كان بگونجێنن.
ئه‌مه‌ش له كاتێكدا بوو، كه له 15ی تشرینی دووه‌می ڕابردوودا، هه‌ر سه‌د دۆلارێك له كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕی دراودا به 159 هه‌زار و 500 دینار ده‌فرۆشرا و ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژ له كاتی داخستنی بازاڕی دراودا به‌هاكه‌ی دابه‌زی بۆ 155 هه‌زار و 500 دینار.
عه‌لی موحسن عه‌لاق، پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی عێراق
پێشینه‌ی قه‌یرانه‌كه
له دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عس له 2003دا، بۆ هه‌ر سه‌د دۆلارێك بڕی 150هه‌زار دیناری چاپی نوێی عێراقی وه‌ك به‌ها جێگیر كرابوو،دواتر له 2007دا، به‌های دۆلار دابه‌زێندرا بۆ 116 هه‌زار دینار.
مسته‌فا غالب مخیف، پارێزگاری پێشووی بانكی ناوه‌ندی عێراق بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه و ڕێگرتن له لێكه‌وته‌كانی دابه‌زینی نرخی نه‌وت له سه‌روبه‌ندی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا له جیهاندا، له كۆتایی ساڵی 2020دا بڕیاری دا به‌های دۆلار به‌رز بكاته‌وه بۆ 146 هه‌زار دینار بۆ هه‌ر سه‌د دۆلارێك.
ئه‌و هه‌نگاوه‌ی بانكی ناوه‌ندی عێراق، ناڕه‌زایی ناوخۆیی به‌دوادا هات و كاریگه‌ری كرده سه‌ر نرخی كاڵاكان له بازاڕدا.
له‌و باره‌وه، پێشتر گوڵاڵه سدیق، شاره‌زای دادوه‌ری له بواری بانك و دارایی له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ "سبه‌ی" ڕایگه‌یاندبوو، ئه‌و بڕیاره‌ی بانكی ناوه‌ندی عێراق، هه‌نگاوێكی پێویست بوو، ئه‌گه‌رچی له پێودانگی ئابورییه‌وه خراپ بوو، به‌ڵام له ناو بژارده خراپه‌كاندا له هه‌موویان باشتر بوو، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كرایه، ده‌بوایه عێراق په‌نا بۆ قه‌رزی ده‌ره‌كی به‌رێت، یاخود ده‌ست بۆ یه‌ده‌گی نه‌ختینه‌ی دراوی بیانی له وڵات به‌رێت، ئه‌و دوو ڕێگه‌یه‌ش مه‌ترسیدار بوون بۆ ئابوری وڵاته‌كه.
گوڵاڵه سدیق باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌گه‌رچی له یاسای بودجه‌ی گشتیی عێراقدا بۆ سێ ساڵ، به‌های سه‌د دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به 132 هه‌زار دینار جێگیر كراوه، به‌ڵام كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌هاكه‌ی له 146 هه‌زاره‌وه بۆ 132 هه‌زار به بێ جه‌دوای ئابوریانه كرا، وه‌ك هه‌وڵێك بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان به‌كارهێنرا.
ڕێككاره‌كان بۆ ساڵی نوێ
له چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕێككارانه‌ی عه‌لی عه‌لاق، پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی به‌ڵێنی دابوو، بیانگرێته‌به‌ر بۆ سه‌قامگیری بازاڕی دراوی عێراق، گۆڕینی جۆری پاره‌داركردن و دراوی مامه‌ڵه بازرگانییه ناوخۆییه‌كان بوو له دۆلاره‌وه بۆ دینار.
له كۆتایی ئه‌یلولی ڕابردوودا، بانكی ناوه‌ندی عێراق ڕایگه‌یاند، له سه‌ره‌تای ساڵی داهاتووه‌وه سه‌رجه‌م بانكه‌كانی عێراق ده‌بێت پڕۆسه‌ی حه‌واڵه‌ی ده‌ره‌كیان له ڕێگه‌ی سه‌كۆی ئه‌لیكترۆنییه‌وه بێت، هه‌روه‌ها له مامه‌ڵه ناوخۆییه‌كاندا ته‌نیا دینار دراوی سه‌ره‌كی مامه‌ڵه ده‌بێت.
دوای زنجیره ڕێككاره‌كانی بانكی ناوه‌ندی عێراق له ئاستی ناوخۆدا، بانكه‌كه له دوبه‌ی له ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌دا، گفتوگۆی له‌گه‌ڵ بانكی یه‌ده‌كی فیدراڵی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستپێكرد، بۆ گرتنه‌به‌ری هه‌نگاوی داهاتوی بانكه‌كه له پێناو ڕێكخستنه‌وه‌ی كه‌رتی مامه‌ڵه‌كانی دراو له عێراقدا.
له 14ی كانونی یه‌كه‌می 2023دا بانكی ناوه‌ندی عێراق ڕایگه‌یاند، لایه‌نی ئه‌مه‌ریكایی ڕازی بووه، ساڵی داهاتوو دۆلار ڕه‌وانه‌ی بانكه‌كانی عێراق بكات.
بانكی ناوه‌ندی ئاشكرای كرد، كه هه‌ریه‌ك له وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا و بانكی یه‌ده‌كی فیدراڵی ئه‌مه‌ریكا ستایشی ڕێككاره‌كانی بانكی ناوه‌ندی عێراقیان كردووه، بۆ چاكسازییه‌كانی له بواری سیستمی بانكی وڵات‌دا.
ئه‌گه‌رچی بڕیاره، ساڵی داهاتوو، ئه‌مه‌ریكا به بێ گرفت، دۆلار بداته بانكی ناوه‌ندی و ژماره‌یه‌ك بانكی عێراقی و له به‌رامبه‌ردا عێراقیش پابه‌ند ده‌بێت به كاركردنی به سیستمی تازه‌ی بانكی "سویفت" و سه‌رجه‌م حه‌واڵه بازرگانییه‌كان به چاودێری وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكادا تێده‌په‌ڕن، به‌ڵام ده‌سته‌به‌ری یه‌كلاكه‌ره‌وه بۆ سه‌قامگیری به‌های دراوی ناوخۆ به‌رامبه‌ر به دۆلار نیه، به‌و پێیه‌ی هێشتا سه‌رچاوه‌كانی به قاچاغبردنه ده‌ره‌وه‌ی دۆلار بنبڕ نه‌كراون، ڕه‌وشی ئه‌منی و سیاسیی عێراق پێشهاتی چاوه‌ڕوان نه‌كراوی له‌به‌رده‌مدان، به‌شێكی زۆری ئه‌و پاره‌یه‌ی پێشتر هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه ده‌كرا، ئێستا له‌ناوخۆدا له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی بازرگانی ڕووكه‌شدا سپیده‌كرێته‌وه، عێراق به‌رهه‌می ناوخۆیی گه‌شه‌ی نه‌كردووه و %95ی پێداویستی بازاڕه‌كانی هاورده ده‌كات، هه‌روه‌ها هه‌ندێك بازرگانی پێویستی بازاڕ له‌وانه كاڵای جیاجیای ژیانی ڕۆژانه به بێ حه‌واڵه‌ی ئه‌لیكترۆنی هاورده ده‌كرێن، هه‌ر بۆیه به ڕای هه‌ندێك له ئه‌كادیمیانی عێراق له بواری ئابوری‌دا مه‌زنده ناكرێت، دۆخی دیناری عێراقی به ئاسانی سه‌قامگیری به‌خۆوه ببینێت.