مایک واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی
سبەی
بەپێی هەواڵی سی بی ئێس نیوزی ئەمەریکا، مایک واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا و ئەلێکس وۆنگ، جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا دەستبەرداری پۆستەکانیان دەبن.
هۆکاری دەستبەردابوونی مایک واڵتز لە پۆستەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لە ماوەکانی رابردوودا، بەهەڵە رۆژنامەنوسێکی زیاد کردبوو بۆ گروپ چاتێک کە تیایدا بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا پلانی هێرشکردنەسەر حوسییەکانی یەمەنییان تاوتوێ کردووە.
پێشتر، جێفری گۆڵدبێرگ، سەرنوسەری رۆژنامەی ئەتڵانتیک رایگەیاند: پێش هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر حوسییەکانی یەمەن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی گروپ چاتێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "سیگناڵ" دروست کردووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، جەیدی ڤانس، جێگری سەرۆک، پێت هێگسێس، وەزیری بەرگریی و مایک روبیۆ، وەزیری دەرەوە و چەندین بەپرسی باڵای دیکەی ئەمەریکای تێدان، دواتر جێفری گۆڵدبێرگی رۆژنامەنووسیش دەخاتە نێو گروپەکەوە، بەڵام هیچ کام لە بەرپرسانی ئەمەریکا تێبینی هەبوونی رۆژنامەنووسەکەیان لە گروپ چاتەکەدا نەکردبوو.
جگە لە زیادکردنی رۆژنامەنووسەکە بۆ گروپ چاتی تایبەت بە هێرشکردنەسەر حوسییەکان، بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی، مایک واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و بەرپرسانی دیکەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، هەژماری جیمەیڵی تایبەتی خۆیان بۆ کاروباری حکومەت بەکاردەهێنن.
کارەکانی حکومەت کە چەندین زانیاریی نهێنی و هەستیار لەخۆدەگرێت، دەبێت بە پارێزراوترین رێگە لەنێوان کارمەندانی پلە باڵای حکومەتدا ئاڵوگۆڕبکرێت، بەڵام وەک لە راپۆرتەکەی واشنتن پۆست-دا هاتووە، بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئەمەریکا جیمەیڵ بەکاردەهێنن کە مەرجەکانی ئاسایشی تێدا نییە بۆ راپەڕاندنی کارە هەستیارەکانی حکومەت.
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە: هەرچەندە مایک واڵتز، جیمەیڵ بۆ بیرهێنانەوەی کۆبوونەوە و بەراورە گرنگەکان بەکاردەهێنێت، بەڵام بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دۆکۆمێنتی هەستیار بەکاریناهێنێت، بەڵام شارەزایان بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە تەنانەت ئاڵوگۆڕکردنی ئەو زانیاریانەش دەبێت لە پلاتفۆرمێکی پارێزراوتربێت نەک جیمەیڵ.
هەرچەندە لە ماوەکانی رابردوودا، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان سەبارەت بە زیادکردنی رۆژنامە نوسەکە بۆ چات گروپی هێرشکردنە سەر حوسییەکان، دۆناڵد ترەمپ پەسنی کارەکانی مایک واڵتزی کرد و بە کەسێکی گونجاوی دانا بۆ ئەو پۆستە، بەڵام وا دیارە سەرۆکی ئەمەریکا چیتر باوەڕی بە تواناکانی واڵتز نەماوە.
هاوکات لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوەی مایک واڵتز، ئەلێکس وۆنگ، جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا دەستبەرداری پۆستەکەی بوو، بەڵام تا ئێستا هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی دیار نییە.