سبه‌ی
نرخی نه‌وتی خاو به‌رده‌وامه له دابه‌زین و له ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا 7%ـی نرخه‌كه‌ی له‌ده‌ستداوه، سعودیه و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌نیازن نه‌وتی زیاتر به‌رهه‌مبهێنن و به‌وه‌ش پێشبینیی زیاتر دابه‌زینی نرخی نه‌وت ده‌كرێت.
له مامه‌ڵه‌كانی كۆتایی هه‌فته‌دا، نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی برێنت بۆ 62 دۆلار دابه‌زی و به‌وه‌ش له ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا ئه‌و جۆره‌ی نه‌وتی خاو 7%ـی نرخه‌كه‌ی له‌ده‌ست دا. به‌ڵام نرخی نه‌وتی خاوی تێكساس گۆڕانكاریی زیاتری به‌سه‌ردا نه‌هاتووه و به‌رمیلێكی به 59 دۆلاره.
هۆكاری زیاتر دابه‌زینی نرخی نه‌وت، ترسی به‌كاربه‌رانی نه‌وته له‌وه‌ی هاوپه‌یمانیی ئۆپیك+ به سه‌ركردایه‌تیی سعودیه، بڕێكی زیاتری نه‌وت هه‌نارده‌ی بازاڕه‌كانی جیهان بكات و له به‌رامبه‌ردا خواست له‌سه‌ر نه‌وت كه‌مببێته‌وه.
سه‌رباری دابه‌زینی نرخی نه‌وتی خاو، بڕیاره رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو سعودیه و وڵاتانی تری هاوپه‌یمانی له ئۆپیك+ كۆببنه‌وه و سیاسه‌تی به‌رهه‌مهێنان و خستنه‌ڕووی نه‌وت بۆ مانگی حوزه‌یرانی داهاتوو دیاریبكه‌ن بكه‌ن، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت بڕی ئه‌و نه‌وته‌ی به‌رهه‌میده‌هێنن زیاتر بكه‌ن و به‌وه‌ش نرخی نه‌وت زیاتر داببه‌زێت.
له ماوه‌ی رابردوودا نه‌وتی خاو یه‌ك له‌سه‌ر چواری نرخه‌كه‌ی له‌ده‌ستداوه و ئه‌مه‌ریكا فشار ده‌كات بۆ به‌رهه‌مهێنان و خستنه‌ڕووی زیاتری نه‌وت به مه‌به‌ستی دابه‌زاندنی نرخه‌كه‌ی.
مانگی ئازاری رابردوو عێراق به به‌های هه‌شت ملیار دۆلار نه‌وتی فرۆشتووه و كۆی ئه‌و نه‌وته‌ی له‌و مانگه‌دا فرۆشراوه نزیكه‌ی 107 ملیۆن به‌رمیل بووه. شاره‌زایان هۆشداریی ده‌ده‌ن له‌وه‌ی دابه‌زینی نرخی نه‌وتی خاو تا راده‌ی دروستكردنی قه‌یران گرفتی ئابوریی بۆ وڵاته‌كه دروستده‌كات.