سبه‌ی
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی سلێمانی ده‌ڵێت، دووەمین خەڵاتی نێودەوڵەتی بەخشرایە نەخۆشخانەی شار وەك باشترین سەنتەری چارەسەركردنی جەڵتەی مێشك له عێراق.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی سلێمانی، بۆ جاری دووەم كۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ جەڵتەی مێشك خەڵاتێكی نێودەوڵەتیی بەخشییە بەشی هەناویی مێشك و دەماری نەخۆشحانەی شار وەك باشترین و یەكەم سەنتەری چارەسەری جەڵتەی مێشك لەسەر ئاستی عێراق و ئەو كەیسانەی تیایدا چارەسەر دەكرێن.
خەڵاتەكەی ئەمساڵی كۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ جەڵتەی مێشك كه به‌خشراوه‌ته نەخۆشخانەی شار له سلێمانی، پلاتینیۆمە و پلەیەك بەرزترە لە خەڵاتی ساڵی رابردوو، وه‌ك د. زانا عەبدولڕەحمان سەرۆكی بەشی هەناویی مێشك و دەمار لە نەخۆشخانەی شار رایگەیاند.
بەشی هەناویی مێشك و دەمار له ساڵی 2023ـوه لە نەخۆشخانەی شار كراوه‌ته‌وه و یه‌كه‌مین به‌شی له‌و جۆره‌یه له‌سه‌ر ئاستی عێراق. مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی 2024 ئه‌و به‌شه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی شار بۆ یه‌كه‌مین جار خه‌ڵاتی كۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ جەڵتەی مێشك له به‌غداد پێبه‌خشرا كه خه‌ڵاتێكی زێڕین بوو.