نەهەنگ و دۆلفینەکان بە بەردەوامی پێکەوە یاری دەکەن

#نەهەنگ#دۆلفین#یاری
3 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەیان کارلێکی خۆش و گەمژانەی نێوان نەهەنگ و دۆلفینەکانیان لە زەریاکاندا تۆمار کردووە، بەمەش شێوازێکی نەناسراوی ڕەفتاری شیردەرە دەریاییەکان خراوەتە ڕوو.
Primary Asset

سبەی

توێژینەوەیەکی نوێ دەیان کارلێکی نێوان نەهەنگ و دۆلفینەکانى لە زەریاکاندا تۆمار کردووە، بەمەش شێوازێکی نەناسراوی ڕەفتاری شیردەرە دەریاییەکان خراوەتە ڕوو.

 لە توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری Discover Animals بڵاوکراوەتەوە، سەدان ڤیدیۆ و وێنە کە لەلایەن خەڵک، ئاژانسەکانی گەشتیاری و زانایانەوە تۆمار کراون، لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە بۆ ئەوەی باشتر تێبگەن لە هەڵسوکەوتی نێوان نەهەنگ و دۆلفینەکان لە کاتی یاریکردندا.

بە گشتی توێژەرانی ئوسترالی لێکۆڵینەوەیان لەسەر 19 جۆر نەهەنگ و دۆلفین کردووە کە بەشدارییان لە 199 کارلێکی جیاواز و سەربەخۆدا کردووە، کە لە 17 شوێنی جیاواز لە سەرانسەری جیهاندا ڕوویانداوە.

 ئەوان بۆیان دەرکەوتووە نزیکەی 1 لە 4ی کارلێکەکان دەتوانرێت وەک یارییەکی دوولایەنە پێناسە بکرێت. 

ئۆلاف مەیێنێک، ئەندام لە تیمی توێژینەوەکە دەڵێت: "بە تایبەتی لە سێیەکی ئەو ڕووداوانەی نەهەنگی قرتاندنیان تێدابوو، بۆمان دەرکەوت کە ڕەفتارەکانیان بەرامبەر بە دۆلفینەکان ئەرێنی دەردەکەون".

نەهەنگی قرتاندن دەسووڕانەوە، سکیان پیشان دەدا، و ڕەفتاری دیکەیان پیشان دەدا کە پەیوەندییان بە گاڵتەکردن یان دروستکردنی هاوڕێیەتییەوە هەبوو.

لە هەر کارلێکێکی چاودێریکراودا، توێژەران شوێن، ڕێکەوت و کات، جۆرەکان و ژمارەی ئاژەڵە بەشداربووەکان، گرووپی تەمەن و شوێنی دۆلفینەکانیان لە پەیوەندیدا بە بەشە سەرەکییەکانی جەستەی نەهەنگەکانەوە تۆمار کردووە.

لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە جۆرە جیاوازەکانی نەهەنگ بە شێوازی جیاواز وەڵامی ڕەفتارەکانی دۆلفینەکانیان داوەتەوە.

لەو کارلێکە تۆمارکراوانەدا 425 نەهەنگی بێ ددان لە 6 جۆر هەبوون. نەهەنگی قرتاندن 68%ی کارلێکەکانیان پێکهێناوە، نەهەنگی خۆڵەمێشی 16%، و نەهەنگی فین %7.

لە توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە 51%ی 1570 دۆلفینی چاودێریکراو دۆلفینی لووت گۆچ، 17% دۆلفینی باو  و 15% دۆلفینی لا سپیی زەریای هێمن بوون.

توێژەران وەڵام و کاردانەوەکانی نەهەنگەکانیشیان تۆمار کردووە، چونکە دۆلفینەکان هەندێک جار بێزار و و توڕەیان دەکردن.

دکتۆر مەیێنێک دەڵێت: "نەهەنگەکانیش بە شێوەیەکی ستراتیژی بە هێواشی بەسەر سەر و شەویلگەیاندا بەرەو دۆلفینەکان دەڕۆیشتن".

لە زۆربەی هەرە زۆری کارلێکە چاودێریکراوەکاندا هیچ ڕەفتارێکی خۆدزینەوە نەبینرا.

توێژەران تێبینی ئەوەیان کردووە کە لە کارلێکی نێوان نەهەنگ و دۆلفینەکاندا، زۆرجار دۆلفینەکان لە نزیک شەویلگەی نەهەنگەکان مەلەیان دەکرد، بە هەمان شێوەی چۆنیەتیی بەکارهێنانی شەپۆلی دروستبوو لە لایەن پێشی بەلەمەکانەوە بۆ پێشەوە چوون. 

ئەمە ڕەنگە نیشانەی ئەوە بێت کە دۆلفینەکان یارییەکی تاکلایەنە دەکەن. هەروەها لە دوو ڤیدیۆدا دەرکەوت کە دۆلفینی لووت گۆچ نەهەنگی قرتاندنیان شوێن کەوتووە، نەک تەنها لەسەر ڕووی ئاوەکە بەڵکوو هەتا قووڵایی زەریاکە، لەوێش بەردەوام بوون لە کارلێککردن لە مەودایەکی نزیکدا، ڕەفتارەکانی وەک دەستلێدان و یاریی کۆمەڵایەتییان پیشان دەدا.

دکتۆر مەیێنێک ڕوونیدەکاتەوە: "لەکاتێکدا یاریی هاوبەشە و دوولایەنەیە، هەروەها یاریی تاکلایەنە یان کارلێکیش هەیە کە تەنها یەک لایەن بارودۆخەکە بە یاری دەزانێت. ئەمەش لە نموونەکاندا دەبینرێت وەک کاتێک دۆلفینەکان نەهەنگەکان بێزار دەکەن یان توڕەیان دەکەن لە کاتی شت خواردندا".

توێژەران ئاماژە بەوە دەدەن دۆزینەوەکان دەتوانن ببنە بناغە بۆ لێکۆڵینەوەی داهاتوو لەسەر پێکهاتە کۆمەڵایەتییە ئاڵۆزەکانی ژینگە دەریاییەکان.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی