ڕێککەوتنی شوباتی ئەمساڵ لە نێوان هەولێر و بەغداد
سبەی
هەرچەندە شوباتی ئەمساڵ گەیشتنیان بە رێككەوتن لەبارەی نەوت و داهاتە نانەوتییەكان و مووچەوە راگەیاند، بەڵام ئەو رێككەوتنە كاری پێنەكرا و تائێستاش بەغداد و هەولێر نەیانتوانیوە لەبارەی نەوت و داهاتی نانەوتی بگەنە رێككەوتن، ئەوەش لەكاتێكدایە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هێشتا مووچەی مانگی تەموزیان وەرنەگرتووە، لەكاتێكدا سەرەتای مانگی ئەیلولە.
ئەمجارەش شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندی بەغداد نەگەیشتوونەتە رێككەوتن
لەوكاتەوەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی فیدراڵی عێراق لە ساڵی 2014 بەهۆی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم، بڕدراوە، تائێستا دەیان جار بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق گەیشتنیان بە رێككەوتن راگەیاندووە، بەڵام رێككەوتنەكان تەنها لەسەر كاغەز ماونەتەوە و جێبەجێ نەكراون، دوای زیاتر لە 10 ساڵیش قەیرانی بەردەوام لە هەرێمی كوردستان، هێشتا مووچەخۆران و فەرمانبەران دەبێت چاوەڕێی هات و نەهاتی مووچە بن.
وەك دوێنێ لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاری لێدرا، شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدادی كرد، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" ئەمجارەش شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندی بەغداد نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، بەوهۆیەوە چارەنوسی ئەو مووچانەی ماونەتەوە نادیارە.
شاندەكەی حكومەتی هەرێم لە هەریەك لە ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و چەند بەڕێوەبەرێکی گشتیی وەزارەتی دارایی پێكهاتبوو، ئەمڕۆ لەبارەی داهاتی نانەوتیی و پشكی حكومەتی فیدراڵ لەو داهاتانە، لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی عێراق كۆبوونەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان، كۆبوونەوەكە بەبێ رێككەوتن كۆتایی هاتووە و شاندی هەرێم لە بەغدادەوە دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر.
بەپێی زانیارییەكان، چاودێریی دارایی عێراق سورە لەسەر ئەوەی حكومەتی هەرێم دەبێت رێژەی 100%ی داهاتی نانەوتیی رادەستبكات و دواتر لەو بڕە حكومەتی فیدراڵ رێژەی 50%ی داهاتەكە بۆ هەرێم دەگەڕێنێتەوەن بەڵام شاندی حكومەتی هەرێم جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە هەموو داهاتە نانەوتییەكان نابن بە داهاتی حكومەتی فیدراڵ و بەگوێرەی یاسای بەركار، هەرێم دەبێت تەنها رێژەی 50%ی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكان بگەڕێنێتەوە نەك 50%ی تێكڕای داهاتی نانەوتیی.
پێشتر هەرێم رێككەوتنی لەبارەی نەوت راگەیاندبوو
لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتەوە، پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و رادەستكردنی نەوت بە كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) گەیشتووەتە رێككەوتن، بەڵام ناكۆكییەكان لەبارەی نەوت و داهاتی نانەوتییەوە هێشتا بەردەوامەو ئەمەش وایكردووە هێشتا رێككەوتنی كۆتایی نەكرێت لەبارەی بەردەوامی ناردنی مووچە بۆ هەرێمی كوردستان تا كۆتایی ئەمساڵی دارایی كە بە تێكڕا مووچەی شەش مانگە.
بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گفتوگۆكانی هەولێر و بەغداد، شاندی حكومەتی هەرێم دوای گەڕانەوە بۆ هەولێر دەرەنجامی گفتوگۆكانی لەبارەی داهاتی نانەوتیی دەخاتە بەردەم سەرۆك وەزیران و پاشان حكومەتی هەرێم بۆچونی خۆی لەبارەی ناكۆكییەكان ئاڕاستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات.
وەك سەرچاوەكە وتی هۆكاری سەرەكیی رێكنەكەوتن لەبارەی نەوت ئەوەیە كۆمپانیاكان داوای گرەنتی دەكەن بۆ ئەوەی شایستە داراییەكان و قەرزەكانیان نەفەوتێت، لەكاتێكدا بەپێی یاسای بودجە عێراق 16 دۆلار وەك تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوت دانراوە.