راپۆرتێکی مشتومڕاوی؛ زیانەکانی پاراسیتامۆڵ و پەیوەندی بە تووشبوون بە ئۆتیزم چییە؟

#پاراسیتامۆڵ#ئۆتیزم
10 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • رۆبەرت کێنێدی جونیۆر وەزیری تەندروستی ئەمەریکا ئامادەکاری دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی راپۆرتێکی فەرمی لەسەر بەکارهێنانی پاراسیتامۆڵ لە کاتی دووگیانیدا و زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە ئۆتیزم لە منداڵاندا.
Primary Asset

سبەی

زیانەکانی پاراسیتامۆڵ لە کاتی دوو گیانیدا و زیادبوونی مەترسی توشبوون بە ئۆتیزم لە منداڵاندا دەخرێتەڕوو، هاوکات ئاستی کەمی ترشی فۆلیک بە یەکێک لە هۆکارەکانی ئۆتیزم دەزانرێت.

رۆبەرت کێنێدی جونیۆر وەزیری تەندروستی ئەمەریکا ئامادەکاری دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی راپۆرتێکی فەرمی لەسەر بەکارهێنانی پاراسیتامۆڵ لە کاتی دووگیانیدا و زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە ئۆتیزم لە منداڵاندا. 

سەرچاوە ئاگادارەکان لەم بابەتە بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیان راگەیاندووە، راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکان، کە بڕیارە لەم مانگەدا بڵاوبکرێتەوە، ئاماژە بە "ئاستی کەمی ترشی فۆلیک لە کاتی دووگیانیدا" دەکات وەک هۆکاری ئەگەری ئۆتیزم. هەروەها سەرچاوەکان تیشکیان خستۆتە سەر ترشی فۆلینیک، وەک چارەسەرێکی ئەگەری بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی ئۆتیزم لە هەندێک لە نەخۆشەکاندا.

مشتومڕی زانستی لە پەیوەندی نێوان پاراسیتامۆڵ و ئۆتیزم شتێکی نوێ نییە. هەندێک لە توێژینەوە بچووکەکان پەیوەندییەکیان نیشانداوە، لە کاتێکدا توێژینەوە گەورەکان، لەوانەش توێژینەوەیەکی سویدی کە داتای زیاتر لە 2.4 ملیۆن منداڵی لەخۆگرتووە، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە هیچ پەیوەندییەکی هۆکاریی روون نییە. 

رێکخراوە پزیشکییە دیارەکان، وەک کۆلێژی پزیشکانی منداڵبوون و ژنانی ئەمەریکی، پێیان وایە کە هێشتا ژەمە مامناوەندەکانی پاراسیتامۆڵ، بە سەلامەت دادەنرێت بۆ ژنانی دووگیان. هۆشداری دەدەن لەوەی کە خۆبەدوورگرتن لە چارەسەرکردنی تا یان ئازار، دەتوانێت هەم دایک و هەم کۆرپەلە بخاتە مەترسییەکی زیاترەوە. 

پێشبینی دەکرێت ئەم راپۆرتە مشتومڕێکی نوێ لەنێو داڕێژەرانی سیاسەتی پزیشکی و توێژەراندا دروست بکات. راپۆرتەکە لە وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی ئەمەریکاوە هاتووە، کە کەسایەتییەکی مشتومڕاوییە و بە رەخنەکانی لە هەندێک سیاسەتی تەندروستی ناسراوە. 

لە کاتێکیشدا خەڵک چاوەڕێی دەرئەنجامی کۆتایی دەکەن، کۆدەنگی زانستی تا ئێستا پشتڕاستی دەکاتەوە، کە پاراسیتامۆڵ وەک بژاردەیەکی چارەسەری تاڕادەیەک سەلامەت دەمێنێتەوە لە کاتی دووگیانیدا، ئەگەر لە ژێر رێنماییەکان بەکاربهێنرێت.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی