بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر؛ لەکۆتایی هەڵمەتی ئەمنی لە کامپی هۆل دەستگیرکردنی 11 تۆمەتباری داعش راگەیەندرا

#هۆل#سوریا#هەسەدە#داعش#رۆژئاوای کوردستان
14 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • هێزەکانی ئاسایش بە بەشداری یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و بە پاڵپشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنێکی نوێیان بە ناوی مرۆڤایەتی و ئاسایش لە ناو کامپی هۆل دەستپێکرد و شانەکانی داعشیان لەوێ کردە ئامانج.
Primary Asset

کامپی هۆل

سبەی

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان، دەستگیرکردنی 11 گومانلێکراوی داعشی لە کۆتایی هەڵمەتێکی ئەمنی لە کامپی هۆل راگەیاند.

هێزەکانی ئاسایش بە بەشداری یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و بە پاڵپشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنێکی نوێیان بە ناوی مرۆڤایەتی و ئاسایش لە ناو کامپی هۆل دەستپێکرد و شانەکانی داعشیان لەوێ کردە ئامانج.

ئاسایش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، تۆڕە تیرۆریستییە چالاکەکانی کامپی هۆل هەڵوەشێنراونەتەوە، هەروەها 11 ئەندامی داعشیش دەستگیرکراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، چەند هەوڵێک بۆ بەئامانجگرتنی خزمەتگوزاری و دامەزراوە مرۆییەکان لە کەمپەکەدا پووچەڵکراوەتەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئۆپەراسیۆنی شەوانەیان لە دژی حەشارگەکانی تیرۆریستان ئەنجامداوە، کە پلانیان بۆ سەر هێرشکردنە سەر هێزەکانیان هەبووە، بەڵام ئەو مەترسیانەیان رەواندۆتەوە، بەتایبەتی کە لە نزیکی کەمپەکانەوەن.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە نوێیەکە، بەشداری کردووە لە بەهێزکردنی هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە مرۆییەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامیی سەلامەتی ئەرکەکانیان و دابینکردنی ژینگەیەکی سەقامگیرتر بۆ دانیشتوانی کەمپەکان.

چڕبوونەوەی هەڵمەتەكانی هەسەدە

چڕبوونەوەی هەڵمەتەكانی هەسەدە لە كۆتایی مانگی ئابەوە دەستیپێكردووە، بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی دێرەزور و رەقە، وەك خۆشیان دەڵێن لەگەڵ دەستگیركردنی دەیان چەكداری داعش و "بەكرێگیراو" كە دەستیان هەیە لە پشێوی و بە ئامانجگرتنی هێزە ئەمنییەكان و خەڵكی سڤیل.

کامپی هۆل

کەمپی هۆلی سوریا دەکەوێتە 13 کیلۆمەتر لە دووریی سنوری عێراقەوە، ئێستا نزیکەی 37 هەزار کەسی تێدایە کە زۆرینەیان ژن و منداڵن. ئامارەکان دەری دەخەن ژمارەکە لە نێوان نزیکەی 16 هەزار سوری و 15 هەزار عێراقی و نزیکەی شەش هەزار کەس لە رەگەزنامەی بیانی دیکە دابەشکراوە. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی