"بژاردەى سنوردار"؛ کورتهێنانى بودجە لە عێراق 7.5 ترلیۆن دینارى تێپەڕاند

#عێراق#بودجە#کورتهێنان
20 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • دواکەوتنى ناردنى خشتەى بودجەى 2025 لەلایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمانى عێراق لە ساڵێک نزیکدەێتەوە، بەو پێیەى بەپێی یاساى رێکخستن و بەرێوەبردنى دارایی، دەبوو لە تشرینى یەکەمى 2024 بودجە رەوانەى پەرلەمان بکرایە، بۆ ئەوەى پێش ساڵى نوێ پەسەند بکرایە، بەڵام تا ئێستا رەوانە نەکراوە.
Primary Asset

کۆى گشتى بودجەى 2025 نزیکەى 200 تریلیۆن دینارە و دوو لەسەر سێی بۆ مووچە تەرخانکراوە

سبەى

کورتهێنانى بودجە لە عێراق لە نیوەى یەکەمى ئەمساڵدا 7.5 ترلیۆن دینارى تێپەڕاند، لەکاتێکدا بژاردەکانى حکومەت سنوردارن بۆ رووبەڕوبوونەوەى، ئەوەش بەپێی روانگەى ئیکۆى عێراقى.

عەلى ناجى ئەندامى روانگەى ئیکۆى عێراقى رایگەیاند، داتا فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کورتهێنانی بودجە گەیشتووەتە حەوت ترلیۆن و 539 ملیار دینار.

 روونیشیکردەوە، داهاتی نەوت لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا 56.7 ترلیۆن دینار بووە، لە کۆی گشتی داهاتەکان کە بە 62.003 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە، هاوکات خەرجی ڕاستەقینە گەیشتووەتە 69.542 ترلیۆن دینار.

خەرجییەکان تێچووی ڕێککەوتنی چینی لەخۆگرتووە، کە بڕی سێ ترلیۆن و ١٣٢ ترلیۆن دینارە، ئەمە جگە لە خەرجییەکانی خولەکانی مۆڵەتپێدان کە بڕی حەوت ترلیۆن و ٤٨٥ ترلیۆن دینار بووە.

بەپێی روانگەکە، بەردەوامبوونی ئەم کورتهێنانە "ئاڵنگاریی جددی" بۆ حکومەت دروست دەکات، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی بژاردەى ئابووری کاریگەر، کە پێویستی بە گەڕان بەدوای چارەسەری بەپەلە و بەردەوام هەیە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری دارایی گشتی. 

روانگەکە پێشنیاری کەمکردنەوەی خەرجییەکانی کارکردنی کرد کە پەیوەندی بە مووچەوە نییە، جەختیشی لەوە کردەوە کە پشتبەستن بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت چیتر بژاردەیەکی جێبەجێکراو نییە.

نرخی ئێستای بەرمیلێک نەوت نزیکەی 68 دۆلارە، لەکاتێکدا بودجە پێویستی بە 81.6 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک بۆ بەدەستهێنانی هاوسەنگی دارایی، کە لە ئێستادا ناتوانرێت بەدەستبهێنرێت، ئەوەش بەپێی روانگەکە.

مانگی تەموزی رابردوو، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا هۆشداریدا لە خراپتربوونی کورتهێنانی دارایی لە عێراق لە ماوەی مامناوەنددا لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت و زیادبوونی ئاستەنگی دارایی. 

دواکەوتنى ناردنى خشتەى بودجەى 2025 لەلایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمانى عێراق لە ساڵێک نزیکدەێتەوە، بەو پێیەى بەپێی یاساى رێکخستن و بەرێوەبردنى دارایی، دەبوو لە تشرینى یەکەمى 2024 بودجە رەوانەى پەرلەمان بکرایە، بۆ ئەوەى پێش ساڵى نوێ پەسەند بکرایە، بەڵام تا ئێستا رەوانە نەکراوە.

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی و ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشتر هۆکاری دواکەوتنی ناردنى خشتەى بودجەى گەڕاندبووەوە بۆ هەموارى یاساى بودجە لەلایەن پەرلەمانەوە، کە بەهۆیەوە ناچاربوون گۆڕانکاریی لە داهات و خەرجییەکاندا بکەن.

رۆژى دووى شوباتى ئەمساڵ، پەرلەمانى عێراق ماددەى 12 ى یاساى بودجەى سێ ساڵەى هەموارکردەوە بەمەبەستى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، بەڵام پڕۆسەکە تا ئێستا دەستیپێنەکردووەتەوە.

ئامانجی هەموارکردنەکە دیاریکردنى لیژنەیەکى ڕاوێژکاری تەکنیکی نێودەوڵەتی تایبەتمەندە بۆ دیاریکردنى تێچووی خەمڵێنراوی دادپەروەرانەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان و بۆ هەر کێڵگەیەک بە جیا، بەرزکردنەوەی داهاتی فیدراڵی، هەناردەکردنى نەوتى هەرێم لەلایەن کۆمپانیاى سۆمۆوە.

مەزهەر محەمەد ساڵح دەڵێت، بەهۆى ئەو گۆڕانکارییانەوە پێویست بوو گۆڕانکاریی لە داهات و خەرجییەکان بکرێت لە خشتەکانی بودجەی گشتی ساڵی 2025.

جەختیشیکردەوە، دواکەوتنی ناردنى خشتەى بودجە، بە هیچ شێوەیەک کاریگەری لەسەر دۆخى دارایی وڵات نەبووە و پێشبینی دەکرێت دوای پشووی جەژنی ڕەمەزان خشتەى بودجە رەوانەى پەرلەمان بکرێت.

کۆى گشتى بودجەى 2025 نزیکەى 200 تریلیۆن دینارە و دوو لەسەر سێی بۆ مووچە تەرخانکراوە، لەگەڵ کورتهێنانى گریمانەیی بەبڕى (64) تریلیۆن دینار.

محەممەد تەمیم وەزیری پلاندانان لەچەند مانگى رابردوودا و لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کۆتایی هاتنى کارەکانى ئامادەکردنى خشتەى بودجەى راگەیاند و جەختیکردەوە، خشتەی بودجە هیچ پڕۆژەیەکی نوێ لەخۆناگرێت، بەڵام پارە بۆ پڕۆژە بەردەوامەکان تەرخاندەکرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی