سبەی
رابەری باڵای ئێران لە کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەی داوا دەکات پێداویستییە سەرەکییەکان دابین بکەن و هەڵبگرن بۆ مەترسی و دۆخی پێشبینی نەکراو.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران (ئیرنا) بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، لەگەڵ سەرۆک کۆمار و کابینەی حکومەت و بەرپرسانی باڵا کۆبوەتەوە، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ناوخۆیی و ناوچەکە و ئەگەرە پێشبینی نەکراوەکان.
خامنەی رایگەیاندووە: تاکە رێگە بۆ روبەڕوبوونەوەی تاوانەکانی قەوارەی زایۆنی"ئیسرائیل" پچڕاندنی پەیوەندییە بازرگانی و سیاسییەکانە لەگەڵیدا بەتایبەتی وڵاتانی ئیسلامی.
خامنەیی داوای کرد حکومەت ئەوپەری هەولی خۆی بدات بۆ کۆنترۆڵکردنی و رێکخستنی بازاڕ و رێگریی لەبەرزبونەوەی نرخەکان، باشترکردنی بەرهەمی نیشتیمانی و جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەورە، چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێ بوون و دوورکەوتنەوەی لە زیادەڕۆیی بەتایبەتی لە دامەزراوەکانی حکومەت، بەرپرسانیش بەردەوام هیوا و ئومێد لەناو کۆمەڵگە بڵاوبکەنەوە.
رابەری باڵا، ستایشی هەوڵەکانی مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی کرد، لە سەردانەکەی بۆ چین کە چەندین دەرفەتی سیاسی و ئابوری بەدەستهێناوە، بەپێویستی زانیوە چاوەڕوانی پێشهاتە دەرەکییەکان نەکەن و بەسەر دۆخی نەشەڕ نە ئاشتی زاڵ بن، بە گیانی بەرزی کارکردن و هەوڵدان و تێکۆشان.
خامنەیی روی لە بەرپرسانی حکومەت کردووە و رایگەیاندووە: کۆگاکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان، دڵنیایی زیاتر دەدا، ئەویش لە رێگەی رێگریی کردن لە بەرزبونەوەی نرح و رەواندنەوەی مەترسییەکان لەسەر دۆخی خۆراک و پاراستن و دەستەبەرکردنی.
داواشیکردووە، پێداویستییە سەرەکییەکان لە کاتی گونجاودا دەستبەر بکەن و گرەنتی هەڵگرتن و کۆگاکردنی ستراتیژی بکەن، روبەڕوی قۆرخکاریی ببنەوە کە دەبێت خۆی بەرزبونەوەی نرخەکان، کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان جۆراو جۆر بکەن لە رێگەی کەناڵی جیاوازەوە بۆ هێناکایەی کێبڕکێ و کەمکردنەوەی تێچووەکانی.
بەوتەی عەلی خامنەیی، زۆرترین بەهەدەردانی ئاو، کارەبا و غاز لە دامەزراوە و باڵەخانە حکومییەکانە، سەفەری ناپێویست و زیادەڕەوی تیایدا یەکێکی ترە لە کێشەکان، یان زۆری یاوەر و هاوەڵانی گەشتەکانی دەرەوە و مانەوە لە هۆتێلە گرانبەهاکان، پێویستە رێگریی لە سەرجەمیان بکرێت.
ئەگەرەکانی سەرهەڵدانەوەی جەنگ
ئەو وتانەی خامنەیی لەکاتێکدایە، بەپێی سەرچاوە سیاسی و دیپلۆماسی و رۆژنامەوانییەکان، ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی جەنگ لەنێوان ئێران و ئیسرائیل هەیە. ئەوەش بە خوێندنەوەی دۆخ و ئامادەکارییەکانی هەردوو وڵات دوای وەستانی جەنگی 12 رۆژەی نێوان هەردوو وڵات.
بە سەیرکردنی ئەودیوی ئاگربەست، پێشهاتەکانی قۆناغی داهاتوو پێشبینی کەمکردنەوەی توندوتیژی ناکەن، بەڵکو پێچەوانەکەی راستە. ئەگەر وێنەی سەرچاوەی گرژییەکان بکێشین: دەگەین بەو دەرئەنجامەی، کە رێڕەوی دیپلۆماسی پاشەکشەی کردووە و نیشانەکانی پەرەسەندنەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و هەڵگیرساندنی جەنگ بە روونی زاڵن.
بەتایبەتی ئێران دەستی کردووە بە دووبارە بنیاتنانەوەی سیستمی بەرگری و هێرشبەری و ئەنجامدانی مانۆڕی مووشەکی لە 22ـی ئابی 2025. رەتکردنەوەی پاشەکشێی سیاسی. چالاککردنی هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی "بەرەی مقاوەمە" وەک لە سەردانەکانی عەلی لاریجانی بۆ بەغداد و بەیروت دەرکەوت.
لە رووی دیپلۆماسییەوە، گرژییەکان بۆ ئاستێکی بێ وێنە پەرەی سەندووە و ترۆیکای ئەوروپی پەنای بۆ چالاککردنی میکانیزمی "سناپباک" بردووە، بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان لە رێگەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە.